دۆزی سەردەشت دۆزی ئازادی و لۆگۆی ئێستای خەباتی دەورەیەکە، دەنگی نەوەیەکی نوێیە کەلەگەڵ دنیای کۆنی دوێنێ و سیمبول و موقەدەساتەکانی هەڵناکات
ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: هەموو ئاماژەکان ئەگەرێنەوە سەر ئەو خاڵەی سەردەشت لەسەر ساتێریک تیرۆرکرا کە ناوی کچێکی بارزانی تێدا هاتبوو، هەن دەیانەوێت ئەمە پەیوەست بکەنەوە بە فەرهەنگی پیاوەتی و ناموسیەوە، ڕای ئێوە لەمباریەوە چییە؟ تاکەی سەرۆک و خێزان و بنەماڵە ئەبێ تابوو بن؟ تاکەی پیرۆزییەکانی بتەکانی بنەماڵە و هۆز و عەشیرەت بەپیرۆز ئەکرێن؟
سەردار عەبدوڵا: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کەبەداخەوە دەبوو ئێستا قسەوباسمان لەسەر چۆنێتی باشترو باشترکردنی ژیانی خەڵکی بوایە, نەک پاشی ئەو هەموو ساڵە سەردەشت وتەنی هێشتا لەسەری ئەو دێڕەدابین، کە باس لەسەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ دەکات، هێشتا قسەمان لەسەر ئەوەبێت کە مافی ژیانمان هەبێت و دەستەڵاتداران وەک مەڕ سەیرمان نەکەن هەر کات پێیان خۆشبێت چەقۆمان لەسەر ملدابنێن. ئازادی لە کوردستان، ئەو ئەسیرەیە کە چواردەوری بەموقەدەساتەکان تەنراوە، ئەو موقەدەساتانەی کە سیمای کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی و دینییمان نیشاندەدات. کەیسی سەردەشت کەیسی ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانە، کەیسی دانانی نیشانەی پرسیارە لەسەر ئەو پیرۆزییە درووستکراوانەی کەبەشێک لەپایەکانی بینای دەستەڵاتی سیاسی ئێستای کوردستان پێکدەهێنێت.
تیرۆری سەردەشت لە پلەی یەکەمدا پەیوەستدەبێتەوە بە نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین لەکوردستان، بەڵام گەر وردتر لەسەر خودی ئەو بابەتە بچین کەسەردەشتی لەسەر تیرۆرکرا، کە باس لە پەیوەندییەکی خەیاڵی نێوان خۆیی و کچێک دەکات پاشان ئەم باسە دەگاتەوە بەدەم پیاوانی عەشیرەت کە بۆ کڕینەوەی شەرەفی پرسیارلەسەردانراویان خوێنڕشتن بەتاکە ڕێگە دەزانن؛ ئەوامەسەلەکە خۆی لەچوارچێوەی کوشتنی نامووسیش دەدات. کۆمەڵگەی ئێمە خاوانی هەزاران چیرۆکی دڵتەزێنە کە لەسەر گومانێکی بچووک، لەسەر خەوێک کە کوڕێک بەکچێکی بینیوە کارەسات قەوماوە. گومانی تێدا نییە ئەنجامدەرانی تێرۆری سەردەشت سەرسەخترین کەسانی پارێزەری فەرهەنگی نامووسپەرستی کۆمەڵگەی ئێمەن.
کاتێکیش سەردەشتی کوڕە زەحمەتكێش، کە ناتواێت بەخەیاڵیش دەست بۆ خۆشەویستی کچی سەرمایەدارێک بەرێت، کاتێک دێت و ژیانی شاهانەی ئەوان بەژیانی مەمرەومەژی خێزانی سەردەشتەکانی وڵاتەکەی بەراورددەکات و لەوێوە دەستدەخاتە سەر نایەکسانییەکانی ژیان؛ ئیتر کەیسی سەردەشت دەبێتە کەیسێکی چینایەتی.
ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان:شەڕی ئازادی دەربڕین و موقەدەساتە داسەپاوەکان لە کوردستان لە تیرۆری سەردەشتدا بەرەوڕووبونەوەیەکی توند نمایش ئەکات، ئەو دەسەڵاتەی سەردەشتی تیرۆرکرد ویستیان و دەیانەوێت لە ڕێگای ئەم تاوانەوە چ پەیامێک بگەیەنن؟ ئەم جۆرە پیرۆزکردن و داسەپاندنی پیرۆزیانە ج ڕۆڵێک لە شکڵپیدانەوەی دەسەڵاتدا لە کوردستان دەبینێت؟
سەردار عەبدوڵا: کۆمەڵگەی کوردستان لە دژایەتی و قەیراندایە، کۆمەڵگەیەکە زۆر بەخێرایی دەرگاکانی بەڕووی دنیای دەروەدا ئاوەڵابووە، پەیوەندییەکانی نێوان کار و سەرمایە ئاڵوگۆری جدی بەسەردا هاتووە، هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە و نەمانی دەستەڵاتەتاکڕەوەکان تەواوی ناوچەکەی گرتۆتەوە. مامەڵەی نادرووست لەگەڵ ئەم ئاڵوگۆڕە بنەڕەتیانەدا دەستەڵاتی کلاسیکی ناسوینالیستی کوردی خستۆتە بەردەم قەیرانێکی سیاسی گەورە، ئاسۆی ئەم دەستەڵاتە لە ڕابردوودایە نەک لەئایندەدا و بەکەڵکی ئەو وڵاتانەدەخوات کە خەڵکەکەی ڕوخاندیانن یان خەریکی ڕوخاندنین. ئەم دەستەڵاتە،خەڵکی لەدوافرسەت دەگەڕێ تا دوا حیسابی خۆی لەگەڵ بکات. تازەبەتازە ئەم دەستەڵاتە دەیەویت بەسوودوەرگرتن لە تێرمە مەزهەبییەکان کۆمەڵێک رێسابەسەر زیهنی کۆمەڵگەدا بسەپێنێ، ئەویش درووستکردنی شورایەک لە موقەدەساتە بەدەوری دەستەڵاتی سیاسییدا. کێشەکە لێرەدایە نەدەستەڵاتی ئێستای کوردستان دەستبەرداری ئەم مۆدێلە کۆنە لە سیاسەت دەبێت، نەخەڵکیش مل بۆ داواکانی خاوەنشکۆ دادەنەوێنێت. پیرۆزییەکان بۆ دەستەڵات مەسەلەیەکی موراڵی نییە، بەڵکو مەسەلەیەکی تەواو سیاسییە، سەردەشت خاڵی لاوازی ئەوانی گرت بەدەستەوە کە پیرۆزییەکانیان بوو، تاکو لە سیاسەتیان بدات. پەیامی دەستەڵات بەم تێرۆرە ئاشکرایە کە تەسلیم نەبوونە بە داواکارییەکانی خەڵکی، لە کۆتایشدا دەستەڵات باجی گەورەی لەسەر دەدات.
ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: سەردەشت لە کوردستان نوێنەرایەتی چی دەکات؟ تیرۆری ئەو لە پەیوەند بە کێشەی نەوەی نوێ لەگەڵ دنیا کۆن سیمبولی چییە؟ ئایا دەرکەوتنی سەردەشت و سەردەشتەکان لە کوردستاندا دیاردەیەکی گوزەرایە، یان گوزارش لە ململانێیەکی قوڵ و قەڵەشتی گەورەی کۆمەڵایەتی دەکات؟
سەردار عەبدوڵا: دۆزی سەردەشت دۆزی ئازادی و لۆگۆی ئێستای خەباتی دەورەیەکە بۆ ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، دەنگی نەوەیەکی نوێیە کەلەگەڵ دنیای کۆنی دوێنێ و سیمبول و موقەدەساتەکانی هەڵناکات. تیرۆری سەردەشت عوسمان خاڵێکی وەرچەرخانی گەورەبوو، رووبەڕووبوونەوەیەکی تازەی دووبەرەی دژبەیەکی کۆمەڵگەبوو، ئاڵوگۆرێکی چەشنی لە خەباتی جەماوەری کرد. بەبڕوای من ڕەگی رووداوەکانی حەڤدەی شوباتی سلێمانی بەشێکی لە هەولێربوو، خەباتی خەڵکی ناوچەکانی سلێمانی لە حەڤدەی شوبات درێژکراوەی هەمان ئەو ناڕەزایەتیانەیە کە تێرۆری سەردەشت عوسمان بەشوێن خۆێدا هێنای.
ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: بەر لە سەردەشت گەلێک ڕوداو و تاوانی گەورەی تر لە کوردستاندا ڕویان داوە، دەسەڵاتی حاکم نمونەی زۆری تری سەرکوتی خوێناوی لە مێژوی ڕەشی خۆیدا هەیە، چی وای کرد ئەم جارە تیرۆری گەنجێک ئەو هەموو توڕەییە بهێنیتە سەر شەقام؟
سەردار عەبدوڵا: مەرج نییە هەموو ڕووداوێک کاردانەوەی گەورە بەدوای خۆێدا بهێنێ، بەڵام کەڵەکەبوونی ڕووداو و تاوانەکان لە میمۆری کۆمەڵگەدا دەمێننەوە و وەک کەیسێک بۆ ڕۆژی حیساب هەڵدەگیرێن و لەشوێنێکدا وەڵام وەردەگرێتەوە. تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان پێویستی بەهەل ومەرجی خۆی هەیە. کەیسی سەردەشت عوسمان پەیوەندی بەتەوای کۆمەڵگەوە هەوبوو، ئەم شەڕە لەسەر ئازادی زۆر درەنگ هەڵگرسا،سەردەشت بەجەربەزەییی و بەخشینی گیانی ئیعلانی ئەو جەنگەی کرد لە دژی دەستەڵات.
ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: بە داڕشتنی سیناریۆ و هۆنینەوەی چیرۆکی ناڕاست لە دۆسیەی فڕاندن و تیرۆری سەردەشتدا بەکردەوە ناکاتە سیناریۆی پەنادانی تیرۆرستان و شاردنەوەی قەزیەکە؟ ئامانج لە داپۆشینی تاوانی تیرۆری سەردەشت، لە ڕێگای سیناریۆ چییە؟
سەردار عەبدوڵا: دەستەڵات لەم مەسەلەیەدا دوو ڕووی هەیە، ڕوویەک کە نایەوێ بەشێوەیەکی یاسایی تاوانباربکرێت، بەڵام ڕووەکەی تری ئەوەیە کە حەزدەکات خەڵکی بەکاری ئەویشی بزانن، بۆ مانەوەی هەمان فەزای ترس و تۆقان بەرانبەر هەر سەردەشتێکی تر کە دەست بۆ لەرزاندنی پایەکانی دەستەڵات بەرێت. لەڕاستیدا سیناریۆ و لیژنە هەروەک ئەو کاڵا چینییە ئێکسپایەرانەی لێهاتووەکە بەبەرتیل و قاچاخ باز بەسەر کوالیتی کۆنترۆڵەکان دەدات.دەستەڵات باش دەزانێ کە سیناریۆ و لیژنەکانی لێکۆڵینەوە بوونەتە بابەتی گاڵتەجاڕی خەڵکی، بەڵام کاری دەستەڵات بەم لیژنە و سیناریویانە کات کوشتن و کۆنکردنی بابەتەکانە لە زیهنی خەڵکیدا، تاکو بەشێوەیەکی هەرچەند کاتێش بێت قورسایی ئەو ڕووداوانە لەسەرشانی کەمبێتەوە.
حیزبە دەستەڵاتدارەکان، سەرەڕای پەرلەمانتار، ڕێکخراوەی مەدەنی و دیموکراتی!، دەزگای هەوڵگڕی وتیرۆری خۆیان هەیە. پەنادانی تێرۆریستان ڕاست نییە بۆ پێناسی سیاسیان چونکە تێرۆر بەشێکە لە کلتور و خەسڵەتی سیاسیان، دوا ڕێگەش بۆ پێچانەوەی ئەم جۆرە کلتور و سیاسەتە دواکەوتووە خەباتی جەماوەری خەڵکی کوردستانە لە دەرەوە و ناوەوە!