د.کامەران مەنتک: تیرۆکردنى سەردەشت ، کێشانى هێلێکى سوور بوو بۆ ئەو شتە بڤانەى کە نابێت لە کۆمەڵگاى کوردى قسەیان لەسەر بکرێت و حەرام و یاساغن !

kamaran mantkد.کامەران مەنتک: تیرۆکردنى سەردەشت ، کێشانى هێلێکى سوور بوو بۆ ئەو شتە بڤانەى کە نابێت لە کۆمەڵگاى کوردى قسەیان لەسەر بکرێت و حەرام و یاساغن !

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: هەموو ئاماژەکان ئەگەرێنەوە سەر ئەو خاڵەی سەردەشت لەسەر ساتێریک تیرۆر کرا کە ناوی کچێکی بارزانی تێدا هاتبوو، هەن دەیانەوێت ئەمە پەیوەست بکەنەوە بە فەرهەنگی پیاوەتی و ناموسیەوە، ڕای ئێوە لەمباریەوە چییە؟ تاکەی سەرۆک و خێزان و بنەماڵە ئەبێ تابوو بن؟ تاکەی پیرۆزییەکانی بتەکانی بنەماڵە و هۆز و عەشیرەت بەپیرۆز ئەکرێن؟
د.کامەران مەنتک: هەر چۆنێک شرۆڤەى بۆ بکرێـت ، هەر هەوڵێک بدرێت بۆ نیشاندانى خوێندنەوەى جیاواز ،ناتوانرێت نکوڵى لەو راستییە بکرێت ، کە سەردەشتى بەرزەفڕ ، پڕ بە ووشەى تیرۆر تیرۆر کرا ، تیرۆرکرنەکەى سەردەشت هێندە قێزەون و ترسنۆکانە بوو ، ئازایەتى بەخشییە هەموو خەڵکى کوردستان ،بەرز کردنەوەى تاکە پێلاو بەرامبەر پەرلەمانى کوردستان ،دەستەواژەیەک بوو کە نە خەڵکى کوردستان دەبێت لە یادى بکات ، نە پەرلەمانیش جواناوى وەڵامى پرسیارە بى وەڵامەکانى پێ بدرێتەوە !لە لایەکى تر ، هەموو شرۆڤەکردنەکان ، لەهەر روانگەو بۆچوونێکەوە بێت ، ناتوانێت نکووڵى لەوە بکات ، کە سەردەشت لەسەر چەند وشەیەک تیرۆر کرا ،لەسەر چەند وشەیەک کە رەنگ بێت جەللادەکانى سەردەشت هەردواى ئەوە خۆیان لایان ئاساییى بوو بێت ،خۆیان فرمێسکیان بۆ تەمەنى جوانى سەردەشت رشتبێت ،دواى ئەوەى بەنجى هۆڤیەتى و دڕندەییەکە بەرى دابن ، ئەگەر هاتبێ و بەرى دابن !
شێوازى تیرۆرکردنى سەردەشت ئەوەى سەلماند کە ئاسایش و سەقامگیرى و پاراستنى ژیان و مانەوەو کەرامەتى تاکەکان لەم وڵاتە لە ژێر هەڕەشەى مگێزوو ئارەززوى چەند کەسانێکدایە ،ئەوەى سەلماند کە ئەو ئەقڵیەتەى گەنجەکانمان بیرى پێدەکەنەوە ، لەگەڵ ئەو ئەو ئەقڵیەتەى کە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات ئاسمان و رێسمانیان بەینە!خەونەکانى گەنجەکانى ئەم وڵاتە زۆر جیاوازە لەگەڵ خەونى دەسەڵاتدارەکانى ، ئەگەر سەردەشت خەونى بەیەکسانیەوە دیبێت و ژیانى بەرپرسانى لە تەنزێکدا وێناکرد بێت ، ئەوا دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە خەون بە خەدەغەکردن و تیرۆرکردنى ئەم جۆرە خەونانەوە دەبینن ، خەون بە ناعەدالەتى و لووت بەرزى و هاوڵاتى پلەیەک و ڤیلاو مۆڵى گەورەو بازرگانى خوێنەوە دەبینن ، تیرۆرکردنى زەردەشت ئەوەى سەلماند ، کە دەسەڵاتدارانى ئەم وڵاتە ، بەشێک نەماون لە خەڵک ، پیڵاوە لاستیکەکەى جارانیان دڕاوەو ئێستا پێلاوى ئیتاڵى گرانبەها لەبەر دەکەن ،تیرۆرکردنى سەردەشت ئەوەى سەلماند ، کە مەڕو گورگ چیتر بەیەکەوە هەڵناکەن ، ئەوەى سەلماند کە دەسەڵاتدارى ئەم هەرێمە بوونەوەرێکن زۆر جیاوازن لە خەڵکى سادەو خاوەن خەونى گەشى ئەو هەرێمە ، زۆر جیاوازن لە خەونە کەسک و سۆرەکانى سەردەشتى تیرۆرکراو سەردەشتە زیندوەکانى تر!!!

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان:شەڕی ئازادی دەربڕین و موقەدەساتە داسەپاوەکان لە کوردستان لە تیرۆری سەردەشتدا بەرەوڕووبونەوەیەکی توند نمایش ئەکات، ئەو دەسەڵاتەی سەردەشتی تیرۆرکرد ویستیان و دەیانەوێت لە ڕێگای ئەم تاوانەوە چ پەیامێک بگەیەنن؟ ئەم جۆرە پیرۆزکردن و داسەپاندنی پیرۆزیانە ج ڕۆڵێک لە شکڵپیدانەوەی دەسەڵاتدا لە کوردستان دەبینێت؟
د.کامەران مەنتک: تیرۆکردنى سەردەشت ، کێشانى هێلێکى سوور بوو بۆ ئەو شتە بڤانەى کە نابێت لە کۆمەڵگاى کوردى قسەیان لەسەر بکرێت و حەرام و یاساغن !هەولێک بۆ پیرۆز هێشتنەوەى ئەو پیرۆزیانەى کە لە هەموو دنیا تەمەنى بەسەر چوە ، کارێک یاسا سەروەرى یاساى لەو هەرێمە وەک شتێکى زۆر ناشیرین و قێزەون دەرخست ، ئەوەى نیشاندا کە چەند پڕ شەرمەو ئەو وشانە چەند هەست بەشەرمەزارى دەکەن لەم وڵاتە کە سەروەرى یاسایان پى دەردەبڕدێت ! لە دواى تیرۆرکردنى سەردەشت ئەوە روون بوەوە کە لەو وڵاتەدا تاوەکو ئێستا ئەوەى دەسەڵات بەرێوە دەبات دام و دەزگا نەتەوەییەکان نییە ، بەڵکە حەزوو ئارەزووى چەند کەسانیکە کە نامۆبوونە بەم میللەتە ، کەسانێک کە ناتوانن لەگەڵ خودى خۆیان ئاشت ببنەوە . تیرۆرکردنى سەردەشت پەیامێکى پیچەوانە بە نیازو مەبەستى دەسەڵاتدارانى گەیاندە خەڵکى کوردستان ، بۆیە ەک بینیمان لە جیاتى چاو شکان و چۆکدادان ، خەڵک بە تووڕەییەوە هاتە سەرشەقامەکان ، هەر ساڵیک دواى تیرۆرکردنى سەردەشت ، لاشاوى توورەیى خەڵک ، ترسى خستە رووخسارى بکوژان و پترێزەرى بکوژەکانى سەردەشت !

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: پایەکانی هەڵکشان و زەقبوونەوەی ئیستیبدادی سیاسی لە کوردستاندا چییە؟ چۆن دەکرێت سنوور بۆ ئەمە دابنرێت؟ ئایا لەو ڕوبەڕو بونەوەیەی لەسەر تاوانی تیرۆری سەردەشت ڕوویدا ئاسۆی سەرکەوتن و شکستی جوڵانەوەی ئازادیخوازانە لە کوردستان چۆن خۆی نیشان دا؟
د.کامەران مەنتک: بەر لەهەموو شتێک دەبێت ئەو راستیە بزانین کە ئێستا لە کوردستاندا شتێک نییە بە ناوى کارکردن لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى ئەم میللەتە ، بەڵکە بزاڤ و خەباتکردنێکى سەخت لە ئارادایە لە پێناو دزین و بە تاڵانبردنى سامانى ئەم میللەتە ، بەرامبەر زۆرى هیزى (ئار ئار ) یش ، ئەمە واتاى ئەوەیە کە خەباتى نەتەوەیى لەرێچکەى خۆی لایداوەو پێویستە بگەڕیتەوە سەر سەر سکەى ، ئەمەش تەنها لە رێگاى گۆرانکارییەکى ریشەیى دەبێت لە دەسەڵاتى سیاسى کوردستان ، دەبێت ئەو راستیەش بدرکێنین کە هەرچەندە ژمارەى خەباتکارانى ریگاى ئازادى کەمە ، بەڵام ئەوان زۆرینەن راستەقینەن و چارەنووسى ئەم وڵاتە لەسەر دەستى ئەوان بە هەوارى راستەقینەى خۆى دەروات !

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: سەردەشت لە کوردستان نوێنەرایەتی چی دەکات؟ تیرۆری ئەو لە پەیوەند بە کێشەی نەوەی نوێ لەگەڵ دنیا کۆن سیمبولی چییە؟ ئایا دەرکەوتنی سەردەشت و سەردەشتەکان لە کوردستاندا دیاردەیەکی گوزەرایە، یان گوزارش لە ململانێیەکی قوڵ و قەڵەشتی گەورەی کۆمەڵایەتی دەکات؟ 
د.کامەران مەنتک: لەراستیدا سەردەشت نوێنەرایەتى خەونێکى سادەو بە پێزى خەڵکى کوردستان دەکات ، خەون بە یەکسانى ، خەون بە عەدالەتى کۆمەڵایەتى ، سەردەشت نوێنەرایەتى قوربانیانى بیرکردنەوە کۆن دەکات ،ئازارەکانى سەردەشت تەنیا ئازارى خۆى نەبوو ، ئازارى هەموو خەلکى کوردستان بوو ، ئەو رەنگدانەوەى قۆناغەکەى خۆى بوو ، رەنگدانەوەى مللانێیەکى قووڵى ناو کۆمەڵگاى کوردى بوو ، کە تا ئیستاش بە سەختى بەردەوامە ،ئەو ململانێیە ئەو کاتە لە کۆتا دێت ، کە رێگە نەدرێت سەردەشتەکان چیتر بەو شێوەیە تیرۆر بکرێنەوە !

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: بەر لە سەردەشت گەلێک ڕوداو و تاوانی گەورەی تر لە کوردستاندا ڕویان داوە، دەسەڵاتی حاکم نمونەی زۆری تری سەرکوتی خوێناوی لە مێژوی ڕەشی خۆیدا هەیە، چی وای کرد ئەم جارە تیرۆری گەنجێک ئەو هەموو توڕەییە بهێنیتە سەر شەقام؟
د.کامەران مەنتک: تیرۆرکردنى سەردەشت ، بەو شێوەیە ، سوکایەتى کردنێک بوو بە هەموو تاکەکانى کۆمەڵگاى کوردى ، رفاندنى گەنجێک بە نوێژى نیوەڕۆ لەبەردەم کۆلیژەکەى خۆى ، مەترسیەک بوو هەموو خەڵکى کوردستانى هێنایە هەژان ، نوێبوونەوەیەکى یادگارى بەعس کە نزیکە بیست ساڵبوو لەو هەرێمە وەدەر نرابوو ، سەرەراى ئەمەش ، وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد ، تیرۆکردنى سەردەشت رەنگدانەوەى قۆناغێکى نوێ و جیاواز بوو لە خەباتى رزگاریخوازى ، ئەو تروسکەیە بوو کە ترسەکانى کردە توورەیەکى زۆر گەورە کە تا ئیستاش دەسەلاتى کوردى لەبەرى هەڵدەلەرزێ!

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: بە داڕشتنی سیناریۆ و هۆنینەوەی چیرۆکی ناڕاست لە دۆسیەی فڕاندن و تیرۆری سەردەشتدا بەکردەوە ناکاتە سیناریۆی پەنادانی تیرۆرستان و شاردنەوەی قەزیەکە؟ ئامانج لە داپۆشینی تاوانی تیرۆری سەردەشت، لە ڕێگای سیناریۆ چییە؟ 
د.کامەران مەنتک: بەراستى ئەمرۆ خەڵکى کوردستان هێندە هوشیار بۆتەوە کە بە ئایانى فریو ناخوات ، کە ئەمەش یەکێکە لە کێشە سەختەکانى نێوان خەڵک و دەسەڵات لە کوردستان ، جیاوازى لە ئاستى هوشیارى و بیرکردنەوە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات ئەو مۆتەکەیە کە دەسەڵاتى هەراسان کردوە ، گەیشتۆتە ئەو بروایەى کە خەڵک تاقەتى ئاوازەگکانیانى نەماوەو گوێ بۆ گۆرانیەکانیان رانادێرن ، بۆیە هەر دارشتنى ئەو سینار یۆنانە جگە لە بزەیەکى پڕ لە تەوس زیاتر ، هیچ شتێک لاى خەڵکى کوردستان ناوروژێنىێت !

Leave A Reply

Your email address will not be published.