نەبەز خالید : لەم ووڵاتەدا هەرکاتێک دەسەڵاتداران بیانەوەێ مافی ژیانت لێدەستێننەوە و ئێمە تا ئەو کاتە مافی ژیانمان هەیە کە کرداری ڕۆژانەمان بەدڵی ئەوان بێت

nabaz xalid

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: هەموو ئاماژەکان ئەگەرێنەوە سەر ئەو خاڵەی سەردەشت لەسەر ساتێریک تیرۆر کرا کە ناوی کچێکی بارزانی تێدا هاتبوو، هەن دەیانەوێت ئەمە پەیوەست بکەنەوە بە فەرهەنگی پیاوەتی و ناموسیەوە، ڕای ئێوە لەمباریەوە چییە؟ تاکەی سەرۆک و خێزان و بنەماڵە ئەبێ تابوو بن؟ تاکەی پیرۆزییەکانی بتەکانی بنەماڵە و هۆز و عەشیرەت بەپیرۆز ئەکرێن؟
نەبەز خالید: :تیرۆرکردنی سەردەشت پێش هەرشتێک تاوانە، تاوانێک کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئازادی و بونی دەسەڵاتێکی بێسەروبەری مافیایی کە سەرانی ئەم دەسەڵاتە لەسەرو یاساوەن و دەستوپێوەندەکانیشیان مافی کوشتنیان هەیە بەبێ لێپرسینەوە.
ئەوی کە چ هۆکارێک بووە هۆی تیرۆری سەردەشت، لەڕاستیدا زۆر گرنگ نی یە، ئەوەی گرنگە بۆ دەبێ کەسێک لەم ووڵاتەی ئێمەدا تیرۆر بکرێت. نووسینی ساتیرێک یان فەرهەنگی پیاوسالاری یان سیاسی بوون یان هەرهۆکارێکی تر دەبنە دەستمایەیەک بۆ شاردنەوەی هۆکارە سەرەکی یەکە کە لەم ووڵاتەدا هەرکاتێک دەسەڵاتداران بیانەوەێ مافی ژیانت لێدەستێننەوە و ئێمە تا ئەو کاتە مافی ژیانمان هەیە کە کرداری ڕۆژانەمان بەدڵی ئەوان بێت. زۆر ئاشکرایە کە سەردەشت بووە قوربانی ئەو جۆرە لە دەسەڵات. 

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان:شەڕی ئازادی دەربڕین و موقەدەساتە داسەپاوەکان لە کوردستان لە تیرۆری سەردەشتدا بەرەوڕووبونەوەیەکی توند نمایش ئەکات، ئەو دەسەڵاتەی سەردەشتی تیرۆرکرد ویستیان و دەیانەوێت لە ڕێگای ئەم تاوانەوە چ پەیامێک بگەیەنن؟ ئەم جۆرە پیرۆزکردن و داسەپاندنی پیرۆزیانە ج ڕۆڵێک لە شکڵپیدانەوەی دەسەڵاتدا لە کوردستان دەبینێت؟
نەبەز خالید :ئەم شەڕە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی درووست بوونی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگاکاندا. لە دەسەڵاتەکانی بەناو دنیای ئازاددا سەرمایەو موڵکیەتی تایبەت تاکە موقەدەسە، لەکۆمەڵگاکانی وەک لای خۆشمان دین و سێکس و نەتەوە و خێل و شەرەف و سەرۆک وسەرکردەکان و … هتد موقەدەسن. هۆکاری پیشاندانی ئەم چەمکانە وەک موقەدەساتی کۆمەڵگا ئەوەیە کە ئەم جۆرە لەدەسەڵات پێویستی بە کۆمەڵگایەکی خێڵەکی دواکەوتوو هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت شەرعیەت بە جۆری دەسەڵاتە خێڵەکییەکەی خۆی بدات. تیرۆری سەردەشت ئەو پەیامە بوو کە خەتی سووری بۆ کۆمەڵگای کوردستان دەست نیشانکرد، بە ئێمەیان ووت کە ئازادی تا ئەو شوێنە بڕدەکات کە ئیمە دەستنیشانی دەکەین، ئێمەو دەستوپێوەندەکانمان لەبەر ئەوەی نوێنەری میللەت و خوداین لەسەر ئەم خاکە، بۆمان هەیە دەست درێژی بکەینە سەر حورمەت و ئازادیەکانتان بەڵام ئێوەی ڕعیەت بۆتان نی یە تەنانەت فانتاسیاشتان هەبێ لەسەر ئێمە و جۆری ژیان و دەسەڵاتمان. ئەم جۆرە لە دەسەڵات ئەوەندە پیرۆزی درووست کردووە و تابۆکانی بەدەوردا دیاریکردووە کە هەناسەی لەبەر ئازادی یەسەرەتایی یەکانی ئینساندا بڕیوە. هەربۆیە ترس دەبیتە هەستێکی ڕۆژانەی خەڵکی کە لەهەر هەڵسوکەوتێکیدا دەبێ لەبەر چاوی بێت کە دەسەڵاتێک هەیە مافی ژیانی لێدەستێنێتەوە ئەگەر دەست بۆ ئەو پیرۆزیانە بەرێت. ئەمەش سیمای دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتە.

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: پایەکانی هەڵکشان و زەقبوونەوەی ئیستیبدادی سیاسی لە کوردستاندا چییە؟ چۆن دەکرێت سنوور بۆ ئەمە دابنرێت؟ ئایا لەو ڕوبەڕو بونەوەیەی لەسەر تاوانی تیرۆری سەردەشت ڕوویدا ئاسۆی سەرکەوتن و شکستی جوڵانەوەی ئازادیخوازانە لە کوردستان چۆن خۆی نیشان دا؟
نەبەز خالید: ئەم پرسیارە وەلامێکی هەمەلایەنەتری پێویستە، بەلام کورت بڵێم فاکتەری سەرەکی زەقبوونەوەی ئیستبدادی سیاسی لەکوردستان سەرجاوەکەی دەگەریتەوە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتێک کە لەسەر شەرعیەتی شۆڕشگێڕانە درووست بووە و بیری ناسیۆنالیزمی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا کۆمەکی دەکات، سەرەڕای ئەوەی کە هەموو هێزە یاسایی، ئابووری و سەربازیەکانی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە نان و ئازادیەکانیشی خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. ئەم جۆرە لەدەسەڵات چاکسازی تیا ناکرێت، ڕاستە بە ناڕەزایەتی فراوانی خەڵکی بەرامبەر ڕوداوەکان و شێوەی حوکمڕانی هەندێک دەسەڵات ڕادەگرێت و بۆ کورت ماوە هەندێ سنوریان بۆ تەسک دەبێتەوە، هەروەک ئەزموونی خۆپیشاندانەکانی پارساڵ و باقی ناڕەزایەتی یە جەماوەری یەکانی پێشتر سەلماندی. چارەسەری ڕیشەیی بنیاتنانی دەسەڵاتێکی هەڵبژێردراوە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە، دەسەڵاتێک کە یاسا تیاسەروەربێت و ئینسان تیایدا تاکە هەدەف بێت. 

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: سەردەشت لە کوردستان نوێنەرایەتی چی دەکات؟ تیرۆری ئەو لە پەیوەند بە کێشەی نەوەی نوێ لەگەڵ دنیا کۆن سیمبولی چییە؟ ئایا دەرکەوتنی سەردەشت و سەردەشتەکان لە کوردستاندا دیاردەیەکی گوزەرایە، یان گوزارش لە ململانێیەکی قوڵ و قەڵەشتی گەورەی کۆمەڵایەتی دەکات؟ 
نەبەز خالید: کوشتن و تیرۆری سەردەشت و سەردەشتەکان بەڵگەی نەبوونی ئازادین و بەدەستهێنانی ئازادیش قوربانی دەوێت. بێگوومان ئەم نەوەیە و دنیابینیان ناتەبایە لەگەڵ تێگەیشتن و بەها دواکەوتووەکانی دەسەلات وکۆمەڵگا. مێژووش سەلماندویەتی کە ئەم ململانێ یە هەر بەقازانچی نوێخوازی دەشکێتەوە، هەرچەندە لەم وڵاتە دواکەوتوو دینزەدانەی ناوچەکەماندا پرۆسەکە دورودرێژترە بەڵام سەرەنجام بە ئەنجام دەگات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.