ئــــەى شــــــــکۆمــــەند تـــــــۆ نــــــــــــــەمــــــــریــت !
لەوەتەى چاوم بەژیان هەڵهێناوە بە تۆ ئاشنابووم سەردەشت گیان،بۆیە تا ئیستاش بروا ناکەم تۆ ئیتر هیچیتر لەگەڵما نابیت،لە بازار و لە کتێبخانە ،لەماڵ و لە ئاشتى نامە،لە سەفەر و لە سەردان و لە نەخۆشخانە،لە بەسەرکردنەوەى خزم و دۆست و برادەران تۆ لەتکما نابیت، نا بروا ناکەم جارێکى تر شەوانە لەتەکما پاڵناکەویت و کتێبەکانى ئۆرهان پاموک و کازانتراکس و بەختیار لە تەنیشتى خۆت پاڵ ناخەیت،بڕواکردن بۆ وونبونى تۆ بەم شێوەیە کتوپڕ و زۆردارییە بۆمن زۆر قورسە..
بەراستى چەند هەفتەیە بیر لە دڵرەقى و زاڵمى ئەو کەسانە دەکەمەوە کە ئازاریانداى،پێیان سەرسامم جورئەتێکى زۆریان هەبوە و دڵنیاشم لەسەر کوشتنى ئینسانەکان راهێندراون ئەگینا دەستیان نەدەچویە جەستەى پڕ لە بەرائەتى تۆى دڵ ناسک،ئاخر تۆ هەموو توڕەبونێکى بەرامبەرت بە زەردەخەنەیەک وەڵام دەدایەوە هەرگیز گرژیت لە روخسارتدا بەدینەدەکرا،چۆن توانیان گیانت لێ بسنەوە؟! من دڵنیام ئیستاش تۆ زیندوبیتەوە زات ناکەى و دڵت نایەت ئەو کەسانە ئازاربدەى کە گیانیان لێ سەندى و لە ئێمە و رۆژنامە وکارى وەرگێڕان و زانکۆ و هاوپۆلەکانت و کچە نەشمیلەمانیان کردى، بیرمە هەموو کەڕەتێک دەتگووت (ئەوەى خراپە بەرامبەرت ئیهمالى بکە خۆى چاک دەبێت،خراپە بە خراپە وەڵام مەدەرەوە،ئەگینا ئێمەش جیاوازنابین لەخەڵک)
سەردەشتى رۆح، مرۆڤدۆستى و میهرەبانى تۆ لەحەد بەدەربوو، راستگۆیى و دڵسۆزى تۆ پێوەر ناکرێت، بۆیە ئیستا شار و گوند و گەنج و لاو و پیر و پەککەوتە لەپشتەوەى سەنگەرى ئازادیخوازى و مرۆڤدۆستى و حەقدۆستى تۆوە سەنگەریان گرتوە بۆ ئاشکراکردن و شەرمەزارکردنى ئەو جەلادانە..
ئاخر تۆ نەبوونى و برسیەتى و بێ جل و بەرگیت قبوڵ بوو، نەک نامەردى و سەردانواندن بۆ ژیانى شاهانەى سەرکزى،بە دیان کەڕەت و دەیان هەفتە بەیەکەوە بە گیرفانى خاڵى گوزەراندنمان و زەردەخەنەیەکى دەستکردیشت بۆ کەس نەکرد،خۆ تۆش دەتوانى خاوەنى هەموو شتێک بیت و بەمدەردەش نەدەچوى،بەڵام بیروباوەڕى پۆڵاینى تۆ بە ئازادى و یەکسانى و مرۆڤدۆستى رێگاى پێ نەداى و باشیشتکرد،ئەوەندەى بیرت لە ژیانى خەڵک کردەوە نیو هێندە بیرت لە گیرفانى خۆت نەدەکردەوە،بۆیە لەکاتى شەهیدبونیشت تەنها 12 هەزارت لەگیرفاندا بوو،چونکە تۆ بۆ خەڵک دەژیایى،ئاخر شکۆمەند تۆ ئیستا بویتە خاوەنى مێژوویەک بۆ شار و مەملەکەتەکەى خۆت،بویتە رەمزێک بۆ هاوپیشەکانى خۆت،بویتە سیمبوڵێک بۆ ئازادى و حەقبێژى…با بودەڵە و قەزەم و بۆگەخۆرەکانیش ئەو ژیانەیان پیرۆز بێت …
برا گیان، وەسیەتنامەکەى خۆت رێک دەرچوو،چۆن ژیانێکى تراژیدیت هەبوو بەهەمان شێوە ماڵئاواییەکەشت تراژیدى بوو و هەموو دنیاى هەژاند. هەموو گەنجانى شەرەفمەندى ئەو مەملەکەتە هەزاران خۆزگە و ئاوات بە سەفەرەکەت دەخوازن چەند سەربەرزانە ژیایت و سەفەرتکرد، من ئیستا ئۆقرەم نەماوە زۆر ئەترسم ئەو سەفەرەى تۆ کردت بە نسیبى من نەبێت و بە پەنا کەلاوەیەک بە پیرى گیانم دەرچێت ئەى شکۆمەند..
گیانەکەم منیش دەنگم دەخەمە پاڵ ووتەکانت (کاتى ماڵاواییکردنى ئێمەش دێت هاوڕِێ، من دڵنیام سپێدەیەک دێت کە ئێمەش جانتاکانى خۆمان پێپاوەتەوە، ئێوارەیەک دەستى دایکمان ماچ دەکەین و دەڵێن” ببوورە دەبێ جێتبهێڵین”، لە نیوەشەودا مێسجێک بۆ خۆشەویستەکەمان دەنێرین و بۆیدەنووسین” بەداخەوەم، کەبەیانى هەڵدەستى من لەمشارە نیم، ماڵاوا ،خۆشحاڵم برا کە بەسەرکزییەوە نەتمبینى، دڵخۆشم کە جوامێرى خۆت لەدەست نەدا….)