ئازادی لە نێوان هستریای پارتی و فتوای مەلابەختیاردا ؟

ڕیبوار عارف:rebwar arif

ئەمڕۆ دوو هەفتە بەسەر کارەساتی تیرۆری سەردەشت عوسماندا تێپەڕدەبێت، ئەم هەواڵە لەسەرەتادا بۆ زۆرێکمان بووە هەوێنی سڕبوونێک کەسەراپای هەناومانی داگرت ونیگەرانی ونائارامیەکی زۆری پێ بەخشین. بەلام ئەمە دیوی تراژیدی کارەساتەکەبوو، دیوەکەی تری ڕاچەنین وهاتنەمەیدانی بزوتنەوەیەکی بەرینی خەلکی ئازادیخواز بوو دژ بەم کردەوە قیزەونە. هەربۆیە لە هەولێر تا سەیدنی، لە لەندن تا سلیمانی، کوردستان بەگشتی و چەندین ولاتی ئەوروپای ناڕەزایەتیەکی تووند دژ بەپارتی هاتەمەیدان. سەدان دەزگای ڕاگەیاندن باس لەمەرگی خۆێندکارێک دەکەن کە لەحەرەمی زانکۆی (پایتەختی) هەرێم، مەڵبەندنی دیموکراسی وئاسایشدا دەڕفێنرێت ودواتر لاشەکەی بە تیرۆرکراوی لە موسل دەدۆزرێتەوە. بینمان ئەم ڕووداوە چۆن کۆمەلگایە لە دەوری دەنگ وشیعاری ئازادی ئازادی کۆکردەوە. هاوکات ژمارەیەکی یەکجار زۆر نووسەروکەسایەتی و رٍِێًکخراوەی جەماوەری لەسەراسەری جیهاندا هێنایە دەنگ. ئەم ڕووداوە وەک چۆن لەسەرەتاوە هەڵوێستگرتنی بەحزبە دەسەلاتدارەکان تەحیملکرد، دواتر بینیمان هەندێ لایەن وویستیان لەنێو ئاوێکی لێخندا ماسیەک بگرن، کە بۆیان قوتنەدرا ناچاربوون بەوەی کەبچنەوە قاوغەکەی خۆیان وپاش هێنانەوە سەر خەتیان لە کۆبوونەوەی ئەم دوایانەی نیوان پارتی ویەکیەتی ناچار بە یەک هەلویستی بوونەوە، تابتوانن پێکەوە خۆیان لەئافات وئاکامەکانی ئەو بومەلەرزە سیاسیە بپارێزن کە لەهەناویدا دەنگی ئازادی ئازادیەوە بیستراو بووە هەنگاو هەلهینانەوەیەک بۆ گوڕینی هاوکێشە سیاسیەکانی کوردستان.

مەرگی سەردەشت و ئازادی

ڕاپەرینی بەهاری91 خەلکی راپەریو ئازادیخوازی کوردستان دژ بەحکومەتی بەعسی فاشیستی بۆ ڕزگاربوون لەستەم و چەوسانەوەو بەدیهینانی ماف وئازادیەکانی خۆیان هاتنەمەیدان. واتە خەونی ئازادی داینەمۆی سەرەکی ئەو خەلکەبوو. بەلام هەقیقەت ئەوەیە کە نەڕامالینی بەعس ونەتەنانەت لە گۆرانیشی ماف وئازادیەکانمانی دەستەبەر نەکرد. هەربۆیە پاش 19 ساڵ خەڵکی کوردستان ناچار بەهێنانەوە گۆڕی هەمان داواکاری دەبن کە ئازادیە. بەو جیاوازیەوە کە ئەمە نەڕاپەرینەوە نەڕامالین. کەدەبوو پاش تیپەڕبوونی دوو دەهە گومانێک لە مسۆگەربوونیان نەکرایە. بەلام ئەفسوس ئەمڕۆ سەردەشتێک کە ڕەنگە لەبەراهاری هەمان ساڵدا چاوی بەدنیا هەڵدێنێت بەتاوانی دەربرینی بیرورا واتە لەبەر نەبوونی ئازادی بیرورادەربرین تیرۆر دەکرێت. ئایا بەراستی ئەم فەرهەنگ و سوونەتە سیاسی پاشماوەی چ دەسەلاتیکە ؟

هەموومان دەزانین کە 19 سالە هێزە ملیشیاکان ودەسەلاتی کوردایەتی دەخوازێ کە مل بدەین بەشەڕی ناوخۆ بە برسیەتی، بیکاری، نەداری و جۆرەکانی ئەو نەخۆشیانەی کەشانخاڵیکردنەوەی ئەم دەسەلاتە بەرهەمی هێناوە…پێیان ووتین خەونی شاعیرانە مەبینن وباس لەجیابوونەوەی کوردستان و هەلسپاردنی یاساکانی بەعس ولەگۆرنِانی قانونی ئەحوال شەخسی مەکەن با لەگەل نەعرەکەی بەعسدا ڕووبەڕووی کۆرەوێکیتر نەبینەوە. باس لە گرانی وهەژاری مەکەن وچاو لەو قڵشە گەورە چینایەتیە بنوقێنن کەفیرعەونئاواکان ومیلیاردرەکانی هەولێرو سلیمانی بەرهەم هێناوە. شوکرانە ژمێربن بەبۆردمان ولەشکر کێشیەکانی تورکیاو ئیران دەنا ئەزمونەکەمان هەڵدەپێچن. نەکەن کای کۆن بەبا بکەن وگۆڕی قوربانیانی شەڕەکانی ناوخۆدا هەڵدەنەوە دەنا جگە لەهەردوو سەرۆک مسعود بەرزانی وجەلال تالەبانی دەبێ هەموومان راپیچی بەردەم دادگاکرین. بەویژدانەوە قسەبکەین دیاریدەیەک کە گەورەو بچوکیان ناچاربوون پێی لێنێن گەندەلیە، خۆشحالانە ئەویش ئەوەندە کەم بووتەوە کە سەرۆکۆمار پاداشت دەدات بە هەر کەسێک کە گەندەڵیەک ئاشکرا بکات. نیگەران مەبن سەنگەری پاراستنی کوردایەتی وبرایەیتی هەموو قەوم وعەشیرەت وهۆزو ئاینیک تۆکمەو بەهیزەو تۆی هاولاتیش ئەگەر ڕازی نیت وێڵبەو سەرپەنایەکی باشتر بۆ خۆت بدۆزرەوە. بەلام ئەوکاتانەی کەسەردەشت دەلێ لێرە ناڕۆم وەرن گیانم دەرهێنن تا ئازادی سەردەرهێنێتەوە، ئیتر تای ترازوی هاوکێشەکان بەئاراستەیەکی تردا دەچەرخێن، ئیتر ئەوە دیموکراسیەتە کە ناخوات. هەربۆیە سەبری ئەیوبی مەکتەب سیاسی پارتی لەگەڵ هەڵکشانی بارۆمەتری ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستاندا هاتەخوارو ئەمجارەیان پاش هەفتەیەک تیپەڕبوون بەسەر تیرۆری سەردەشتدا، ڕاگەیاندنێکی لەخوێن هەلکێشراویان دەرکردو ناچاربوون خۆیان بلین ئیست، پیرۆزیەکان پیرۆزڕاگرن. هەقیقەت ئەوەیە کە ئەم راگەیاندنە تەنیا هەڕەشە نەبوو لەخەڵکی کوردستان بەڵکو بەکردەوە ئەو کای کۆنەی بەباکردنەش بوو کە سالەها دەلێن کوردایەتی لەبەرژوەندیدا نیە مەلەفی شەڕی ناخۆ هەڵدەینەوە، عەیبی نیە کاتێک کوردایەتی پیویستی بێت،ئاساییە کەپارتی وئەم حزبانە گۆڕەکانی قوربانیانی شەڕی ناوخۆ هەڵدەنەوە.

ترسی دەسەلات و دیۆزمەی ئازادی

ئازادی تەنیا ئەو دەنگە نەبوو کە دەسەلاتی دووچاری هستریایەکی کەم وینَەی لەوچەشنەکرد، بەڵکو زەنگی ووشیارکردنەوەی ئەو دەسەلاتەش بوو کەناتوانێ ئازادی قبوڵ بکات. ئەم ڕۆژانە شیعارێک کە خەڵکی کوردستان لەدەوری کۆبوونەوە بۆ داکوکی کردن لەماف وئازادیەکانی خۆیان، بەزەڕەبینیش هیچ پەیوەندیەکی بەشیعاروئامانجەکانی حزبە دەسەلاتدارەکانەوە نیە. بازنەیەک کەئەوان کایە سیاسیەکانی خۆیانی تێدا تاودەدەن، ماف و ئازادیەکانی قەوم وعەشیرەت وهۆزو ئاین وداب ونەریتەکانیانە بۆیە تەحەمولکردنی ئەو دەنگە ئیتر مەحال و دوور لە بەرژەوەندیانە. هەربۆیە دەلێن ئەستمە ئازادی لەژێر سایەی ئەم حزب و لایەنە قەومی ومەزهەبیانەدا ئیمکانی هەبێت و بەکردەوە ئەو حزب و لایەنەنانە خۆیان لەمپەری ڕاستەخۆی بەردەم ئازادی بەیان وئازای ڕادەربرینن. لێرەدا بابگەڕینەوە لای ووتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی کاک مەلا بەختیارو بزانین هۆی چیە بەو هەلەداوانە هێشتا (مرەکەبی) نووسینەکەی چەند ڕۆژ پێشتری وشک نەبووتەوە دەکەوێتە جەمسەرێکی ترو هەوالی پلان و گۆبەنێکیتر ڕادەگەینیت و لەدواین وتاریدا بەناونیشانی ؛؛ شەهید سەردەشت و ئازادی ؛؛ لە مالپەری چاودێر بلاوکرایەوەو بە زمانێکی ڕۆشن و شەفاف، خەلکی کوردستان لەو مەترسیە ئاگادار دەکاتەوە تاخۆیانی لێ بپارێزن، دەنا دوورنیە کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا بهینت. لەم وتارەدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە شیعاری ئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی زۆرتر پەیرەوانی کۆمۆنیزمی کریکاری ئەم تێزەیان هێنایە ئاراوە. دواتر دەلێ: ((دروشمی واناخوات، لەناو حزبە سیاسیەکانی ئێستەدا قبول ناکرێ، لەبەرامبەر دەسەلاتدەکاندا، ستەمە، لەبەرامبەر بەئاین ومەزهەبەکاندا، مەحالە)) ئەم هەلویستەی مەلا بەختیار وەبیری ڕووداوەکانی بەهاری91 دەخاتەوە کاتێک کەبزوتنەوەی شورای زۆربەی زۆری شارو شارۆچکەکانی کوردستانی تەنیەوە، بەڕێز جەلال تالەبانی لەبەردەم مەترسی ئەو بزوتنەوەیەدا پەنای برد بۆ هێرشکردنە سەر کۆنیزمی کریکاری و منسوری حیکمەتی بەوە تاوانبارکرد کەگوایە ئەو خەت ونیشانی بزوتنەوەی شورای دەکێشن بۆیە هاوکات کەوتنە تەهیدی کردنی کریکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان وبزوتنەوەی شورایی بە گومان لێکراو داردەستی حکومەتی بەعس لەقەمداو خوازیاری دەست بەجێ هەلپیچان و قەدەغەکردنی بزوتنەوەی شورای بوو. ئەمڕۆ پاش نزیک بە دوو دەهە مەلابەختیار هێمای مەترسی گەڕانەوەی ئەم دەستە کەتندەرە دات وخەلکی کوردستان لە مەترسی ئەو کەتننە سیاسیە ئاگادار دەکاتەوە کە لەلایەن ئەو هێزەوە خۆی مەلاس داوە. جێگەی خۆیەتی ئاوڕێک لە باسی ئازادی بی قەیدو شەرتی سیاسی بدەینەوە. جیاواز لەوەی کە مەلابەختیار بە چ مەبەستێک دەیگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی نێوان کۆمەلەو حزبی دیموکرات بەلام هەقیقەتەکەی ئەوەیە کەمێژووی ئەم یاسە دەگەڕیتَەوە بۆ سەرەتاکانی شۆڕشی 1979ئیران و بۆ یەکەم جار منسوری حیکمەت لە نووسراوەیەکدا لەبەرامبەر بە چریکە فیدایەکانی ئیراندا باسی ئازادی بێ قەیدو شەرتی هێنایە گۆڕێ، ئەم باسە ئەگەرچی لەو سەردەمەدا هەموو چەپی ئینرانیش لەبەرامبەریدا ڕاوەستانەوە بەلام دواترو تائێستەش هەموو حزب ولایەنە چەپ و رادیکالەکانی ئیران، ئازادی بێ قەیدوشەرت بەشیعاری خۆیان دەزانن. سەیرەکە لەوەدایە کە ئازادی بێ قەیدو شەرتی سیاسی ئەوەندە ئەم بەرێزە تووڕەو بێ ئوقرە دەکات کە کار بگات بە فتودانی سزای سەرلەنۆێ سەردەشت عوسمان. ڕۆژکارێکی سەیرە، لە نێوان دوو وتاری (( هەلویستی ئەمڕۆ))ی یەک هەفتەدا، مەلابەختیار لە دەربرینێکی بەم شێوەوە (( ئەنجامدانی تاوانی وا، لەسەر هەرچیەک بێت، تاوانە، چ جای لەسەر بیری ئازادی بێ)) دەگات بەوەی هەرپاش کۆبوونەوەی نیوان هەر دوو مەکتەبی سیاسی خەرمانی قەلەمەکەی بەو ئاراستیەدا شەن بکات کە بلێ (( ئەگەر ئێستا شەهید سەردەشت بمایە، نووسەرێکی تر لەسەر خۆشێکی خۆی یا لەسەر دایکی یا تەنانەت لەسەر خزمێکی بەم شێوەیەی کەخۆی نووسیویەتی بنووسیبایە ئاسان بوو قبولی بکات ؟ لەوباوەردام ئاسان نەدەبوو،.. تەنانەت لەئەوروپاش ئازادی نەگشتووتە ئەوەی پەلاماری ژن وخۆشکی یەکتر بەبی بەلگە بدرێت)) کارەساتەکە هەر ئەوە نیە کە مەلابەختیار لە بەشی یەکەمی نووسینەکەیدا دەلێ (( تاوانی ئاوەها، قێزەون ونامەردی ومۆری شەرمەزاری هەمیشەیی یە کەهەرگیز لیان نابیتەوە )) چەند ڕۆژ دواتر پیمَان دەلێ: ئەگەر کەسێک لە ئەوروپاش ئەم کردەوەیە ئەنجام بدات سزای یاسای تووندی لەسەرە)). بەویژدانێکی زۆر ئاسوودەوە پێمان دەلێ تەنانەت لە ئەوروپاش ئازادی نەگەشتووەتە ئەوەی کە پەلامالای ژن وخۆشکی یەکتر بەبێ بەلگە بدرێ. ئەری بەڕاستی ئەم تاوانبار کردنە لەپای چی ئایا ئەمە بەکردەوە دادگای کردنەوەی سەرلەنۆی سەردەشت عوسمان نیە؟ بەلام جیاواز لە هەر ئامانجیکی ئێوە، ئەو کە کاتیک یەک جار بێ باکانە بەهەمووتانی ڕاگەیاند ئەم شارە جێناهێلم و وەرن تیرۆرمکەن. گریمان پاش ئەو دادگایەش جاریکیتر سزای مەرگتان دا بەسەریا. بەلام کەی ڕەوایە تشهیرو تاوانبارکردنێکی لەم جۆرە بخەنە پال کەسێک کە بە خەونی قەلەم بە سەرۆک بڵێ کچەکەتم خۆش دەوێ، ئەوە چ راستگۆییەکە داواکاریەکی خەیاڵی لەوچەشنە بەپەلامار بجوێنرێ. مەگەر خەلکی کوردستان نازانن ((تاوانی سەردەشت)) تەنیا ئەوەیە کەبیروڕای خۆی بەنووسین راگەیاندوە، بەراستی پێدەچێت کە لەم ولاتەدا مۆڕالی سیاسی لە موی بەرلوت بارکترو ئیزعاجتربێت دەنا بەکام پێوانەی و یاساو ڕێسا دەکرێت ووتەبێژی حزبێک ڕێگە بەخۆی بدات وەها بۆچوون وداستانیک بخاتە پال کەسێکەوە کەبووە ڕەمزی ئازادی. لەپال هەموو ئەو هەڕەشانەدا بەپێویستی دەزانم وەک یەکێک لە پەیڕەوانی ئەو بزوتنەوەیەی کە مەلا بەختیاری لێ نیگەرانە، دان بەو ڕاستیەدا بنێم ئەوەی کە ئەم بەڕێزە ئاماژەی پێ دەکات راِستیەکی حاشاهەڵنەگرە کەئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی شیعارو هەلوێستی پەیڕەوانی کۆمۆنیزمی کریکارییە. بەلام کاک بەختیار دلنیابە زەنگی ئەو کەتنە سیاسیەی گەورەی کە ئاماژەی پێ دەدەن ئەگەر بۆ ئێوە مەترسیدارە ئەوا بۆ خەلکی کوردستان مزگینیەکە کە نزیک بە دوو هەفتەیە دەستوپەنجەی لەگەلدا نەرم دەکەن وشیعاری ئازادی ئازادی کۆمەلگایەکی ئومێدەوار کردوە. بۆیە پیناچێت لەم دۆخەدا لەپشتی ئەم نارەزایەتیە جەماوریە بیرتان لە میهرەبانیەکی تری لە چەشنی ڕووداوەکەی 14/ 7/ 2000 دژ بەو حزبە کەتنکەرەی کە بەهاوخەباتی دەیان ڕۆشبیرو نووسەرو هەزاران ئازادیخوازو بوونەتە پەرچەم دارای شیعاری ئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی، کاک بەختیار دلنیابن بەڕیگەی سەرکوت وقەدەغە کردن مەحالە بتوانن ڕێگە بە نەعرەکەی ئەم بزوتنەوە بگرن. مەخابە ئێوە دەڕۆن وئالا هەلگرانی ئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی دەمێننەوە !

Leave A Reply

Your email address will not be published.