بارزانی، کێ ئاسایشی هەریمی کوردستانی تێکداوە؟!

ناسک ئەحمەد:nasik ahmad1

رۆژی سێشممە، رێکەوتی 25ی مەی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەلڕ ژمارەیەک لە نۆێنەرانی فیدراسێۆنی قوتابیان و خۆێندکارانی کوردستاندا کۆبونەوەیەکی ئەنجامدا. ئەو کۆبوونەوەیە دیاربوو سەرجەم باسەکانی تایبەت بوو بە دووسیەی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و ئامانج لێى گەیاندنی پەیامێک بوو بە خەڵکی کوردستان و جەماوەری نارازی دژ بە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان. ڕاستییەکەی ووشە بە ووشەی قسەکانی بارزانی پێویستە لەسەری هەڵوێستە بکرێ، لە دوو توێی قسەوباسەکانی بارزانییەوە دەتوانرێ حەقیقەتی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان کە مەسعوود بارزانی بە ووشیارانە تەنها وەک قووتابییەک ناوی دەهێنێ ببینرێ، ئەمەیان ئیتر لێکدانەوە و گیرانەوەی قسە نییە ، بەلکوو ووتەی رەش لەسەر سپی نووسراوی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتیە، ببورن سەرۆکی هەریمی کوردستان!!

مەسعود بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا دەڵێ: هەندێ موقەددەسات هەیە تۆ ناکرێ پێشێلییان بکەیت، ئازادی سنووری هەیە، هەڵبەستنی بووختان و ئستغلاکردنی هەندێ کەمووکوری بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی شتێکی خراپە، تۆ رای خۆت بە مەعقولی بدە، بەڵام شتی ژەهراوی مەرێژە، چوونکە فیتنەی لێ دروست دەبێت. ئێمە ناڵێین کەموکوری نییە، بەڵێ هەیە و خەریکی چارەسەرکردنیانیین، بەڵام تۆ بێی ئەو هەموو شتە چاکانە نەبینی و تەنها کەمووکورییەکان ببینی و بە شێوەیەکی نادرووست بیانوروژێنی، ئەمە پێچەوانەی ئەخلاقیاتی رۆژنامەنووسیە، سەبارەت بە ئێمە تەشهیرکردن بە ئایین و مەزهەب یان بە هێما نەتەوەییەکانمان یانیش کارکردن بۆ نەهێشتنی ئەو بەها ئەخلاقیانەی کە کۆمەڵگەی کوردستانی پێوە ناسراوە و هەروەها، درووستکردنی پشَێوی لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا، هێڵی سوورن و تا لەو پۆَستەشدا بمێنم، بواری ئەوە نادەم لە ژێر پەردەی ئازادی پشێوی درووست بکرێت،…. ئەگەر لایەنێک پێچەوانەی ئەمە جووڵایەوە ئەو کات من هەڵوێستی بەرامبەر دەگرم. ئەمە بەشێک لەدەقی قسەوباسەکانی بارزانییە کە لە سایت و رۆژنامە رەسمییەکانی خۆیاندا بڵاوکراونەتەوە.

هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا بارزانی لە پەرلەماندا، ئەم قسانەی لە پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی تردا دووبارەکردەوە .

با بۆ چەند ساتێک چاوی خۆمان لە ئاست ئەو هەموو راستی و فاکتەرانە بنوقێنین کە پەنجەی تاوان بۆ پارتی و دەزگای پاراستنەکەی درێژ دەکەن و بۆ لەحزەیەک بروامان وابێت کە پارتی دەستی نییە لەم تاوانە چەپەڵەدا و ئەو گریمانە وەربگرین کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە تاوانی تیرۆرکردنی سەردەشت بێبەرییە . کەوایە لە بەرامبەر مسەلەیکی ئاوادا کە سەرجەم خەڵکی کوردستان لێی هاتۆتە دەنگ و تیرۆرەکەش لە شارێکی ژێردەسەڵاتی پارتی کراوەو بەرامبەر ئینسانیک کە لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا ژیاوە، و خەڵکی کوردستان و بەشێکی بەرچاویش لە ریکخراوە جیهانی و رۆژنامەنووسانی دنیا پەنجەی تاوان یان لانی کەم چاوی گومانیان بریوەتە پارتی، گەر پارتی لەم تاوانە بێبەریبوایە دەبوو یەکەمین کارێک کە بیکردایە و لە پەیامی سەرۆکەکەیدا بە رۆشنی دیاربوایا سەلماندن یان هەوڵدان بۆ سەلماندنی بێتاوانی خۆیان بوایە.بەڵام پارتی نەک ئەم کارە ناکات بەڵکو هەڕەشەدەکات و تادێت تووندتریشی دەکاتەوە. وەنەبێ پارتی و سەرۆکەکەی نەزانن چی دەڵێن و ئاگایان لە ڕەوشی مەسەلەکە و ئەوە نەبێ کە پارتی بەم کارە تاوانبارکراوە. پارتی خۆی ووشیارانە نایەوێت ئەو باوەڕەی کە پێى وایە پارتی هەڵسا بە تیرۆری سەردەشت چونکە هێڵی سووری بەزاندبوو برەوێنێتەوە.

بە پێی وەرگرتنی فەرەزیەی بێتاوانی پارتی لانی کەم چاوەرێى ئەوە دەکرێ کە سەرۆکی پارتی چاوێک لە تیرۆرستان سوور بکاتەوە و لە بەرامبەریاندا تووندییەک نیشان بدات. بەڵام بە پێچەوانەوە سەرۆکی پارتی چاو لە خەڵکی راپەریووی کوردستان و رۆژنامەنووسانێک کەلە ریزی سەردەشتدان سوور دەکاتەوەو خەریکی دیاریکردنی سنوورەکانە بۆ نووسین و دەربرینی بیرووڕایان. هیچ هەلسووکەوت و راگەیاندنیکی پارتی یان سەرۆکەکەی ناتوانێ فەرەزیەی بێتاوانی مەسعود بارزانی و دەسەڵاتەکەی بسەلمێنێ، بەڵکو تەنها خەڵکی بەرەو پێچەوانەکەی دەگەیەنێ. راستیەکەی پارتی ئەوەی بۆ گرنگ نییە کە خەڵکی کوردستان وا حاڵی ببن کە پارتی دەستی لە تێرۆرکردنی سەردەشتددا نییە، بەڵکو بە جۆرێک دەیەوێت خەڵکی لەو باوەراددا بهێڵێتەوە کە پارتی ئەم کارەی کردووە، هەر بۆیەشە نە بەیانی رەسمی مەکتەبی سیاسیان نە پەیام و ووتەکانی بارزانی ناچنە سەر ئەوەی کە بڵین ئێمە بەم کارە هەڵنەستاوین. بەڵام پارتی دەیەوێت جەماوەری خەڵکی کوردستان باش حاڵی ببن کە بۆچی سەردەشتیان تیرۆر کرد، وە تەواوی قسەو پەیامی بارزانی لە نێو ئەو تەوەرەیەدا خۆی دەبینێتەوە. ئەگەر ئەو نارەزایەتیانەی کە بەرامبەر تیرۆرکردنی سەردەشت لە چوارچێوەیەکی بەرتەسک و ناوخۆییدا بمایایاتەوە ئەوە پارتی وەک هەفتەی یەکەم بێدەنگەی لێدەکرد و سەرۆکەکەشی زەحمەتی ئەوەی نەدەکێشا ئەم هەموو روونکردنەوە ناروونانە بدات و دەیووت کەواتە خەڵکی باش حاڵی بوون و موشکلەیەکیان لەگەلڕ ئەم سیاسەتەی پارتیدا نییە. مەسعود بارزانی دەیەوێ بڵێ سەردەشت چەمکی ئازادی خراپ بەکارهێنا وە، موقەددەساتی ئێمەی پێشێل کردووە ، رای خۆی بە مەعقوولی نەداوە و تەنها کەمووکورییەکانی بینیوەو ژەهری رشتووە و بە پێچەوانەی ئەخلاقیاتی رۆژنامەگەرییەوە جووڵاوەتەوە. بەکورتی هەر بۆیە بەم سەرئەنجامە گەیشت. تەواوی پەیامی بارزانی بریتییە لە دیاریکرنی تابۆکان و هێڵە سوورەکان بۆ رۆژنامەنووسان و نووسەران بە تایبەتی و خەڵکی کوردستان بە گشتی. ئامانجیش لە تیرۆرکردنی سەردەشت هەر گەیاندنی ئەم پەیامە بوو بە خەڵکی کوردستان و هاوبیر و هاوپیشەکانی سەردەشت، بەڵام ئێستا پارتی و سەرۆکەکەی دەبینن کە خەڵکی کوردستان خەریکی بەرگریکردنن لە خۆَیانن و بۆ ئازادی بیرورا هاتوونەتە مەیدان و دەرسێک کە پارتی لە رێگەی تیرۆرکردنی سەردەشتەوە وویستی بیدات بەخەڵکی نەک ناچێت بە گوێیادا بەڵکو داوای تەسلیمکردنی بکوژانی سەردەشت ونەخشەکێشەرانی ئەم تیرۆرەدەکەن، ئینجا دەیانەوێ دەرسیک کە بە تیرۆر پێیان نەگەیەنرا لە رێگەی چاووسوورکردنەوەو ئامۆژگاری و پەیام و شتی لەم بابەتەوە بیدەن بە خەڵکی. دەڵێن، سەردەشت لە هێلی سوور لایدا بۆیە تیرۆرمان کرد، خەڵکینە ها، ئیوەش لێرە بە دوا ئاگاداربن، ئەوە جارێکی تریش هێلە سوورەکانتان بۆ دەژمێرینەوە نەکا تای خۆَپیشادان و نارەزایەتییەکانی دژ بە تیرۆری سەردەشت بیری بردبنەوە! هەر کەس لێی دەرچێ وەک سەردەشتی لێدێ.

ئەگەر نووسەران و رۆژنامەنووسان لە ووتار و ریپۆرتاژەکانیاندا ئەو هێلەسوورو بەندانەی کە بارزانی بۆی دیاریکردوون رەچاوبکەن ولێی دەرنەچن ئەوە بەدڵنیاییەوە تەنها ئەو کۆمەڵە تاریکبیرە دەمێنێتەوە کە پارتی بە پارەو مەنسەب لە دەوری خۆی کۆیکردونەتەوە! ئەگەر هەڵسوراوانی سیاسی بە پێی قسەکان و پەیامەکانی بارزانی کارەکانیان دیاری بکەن ئەوە تەنها پارتی و حیزبە کارتۆنییە معاش خۆرەکانی دەوری پارتی لە ژێردەسەڵاتی خکومەتەکەیاندا دەمێنێتەوە، ئەگەر هەڵسوراوانی بزووتنەوەی ژنان لە هێڵە سوورەکانی بارزانی لانەدەن، ئەوە دەبێ لە ئاست تیرۆرکردنی هەزارڕن ژن لە کوردستان بێدەنگە بکرێ و سوپاسی تیرۆرستان بکرێ کە بەرگرییان لەهێماکان و مەزهەبی بارزانی و کلتوورەکەی کردووە. ئەگەر و ئەگەر….

بەراستی من نازانم گەر کۆمەڵگەی کوردستان بەپێی قسەکانی بازانی بروات بەرێوە، ئیتر چ شتَێک دەمینێتەوە ئینسان لە کوردستاندا رەخنەی لێ بگرێت و چاکی بکات، ئەوە دەبێ ووشەی رەخنە هەر هەڵگیرێ و خەڵکی کوردستان دەست بکات بە رەشبەڵەک و شایی و رۆژنامەنووسانیش سەرچۆپی بگرن لە پرسەی سەردەشتدا.!

بەڵام پارتی و بارزانی دەبێ خەبەرییان ببێتەوە و کەمێک دوورتر لە سەری رەشەوە سەیری دنیا بکەن. خەڵکی کوردستان چیتر فریوی ئەو هێما و هێلەسوورە پووچانە ناخوات کە ئێوە باسی دەکەن، خەڵکی توانای سەیرکردنی دنیای مۆدێرنی دەووروبەری خۆی هەیە، خەڵکی ژیانی پر ناز ونیعمەت وقەسرە شاهانەکانی ئێوە لەگەلڕ ژیانی بێ نازونیعەتی خۆی وخانووە دارووخاوو بێ کارەباکانی خۆیان دەتوانن بەراورد بکەن. وەرگرتنەوەی توانایی بیرکردنەوە و رەخنەگرتن نەک لە توانایی ئێوەدا نییە بەڵکو بە درێژایی مێژوو ئەمە هەوڵێکی بێ ئاکامی دیکتاتۆری زۆر لە ئێوە بەهێزتر و قودرەتمەندتر بووە ، چونکە رەخنەگرتن و نارەزایەتی بەرامبەر ژیانی مەوجوود خەسلەتی جیاکەرەوەی ئینسانە، ئەگەر ئەم خەسڵەتە لە ئینسان وەربگیرێتەوە، ئیتر جیاوازییەک لە نێوان ئینسان و گیانلەبەرانی دەوروبەریدا نامێنێتەوە.

بارزانی باتایبەتی و دەسەڵاتدارانی ئەمرۆی کوردستان بە گشتی هەر وەختێک لە بەرامبەر جەماوەرو نارەزایەتییەکانی خەڵکیدا تەنگەتاو دەبن، ئیتر دەستدەگرن بە کۆمەڵێ چەمکی سواوەوە وبۆ جڵەو کردنی خەڵک و ووروژاندنی ئیحساساتی دوواکەوتوترین بەشی کۆمەڵگە پەیتا پەیتا ئەو چەمکانە دەڵێنەوە، کە ناتوانی بەدەردی کۆمەڵگەی ئەمرۆیی و بەشەری سەدەی بیست و یەک بخوات، وە تەنها لە فەرهەنگی عەشیرەت و بنەماڵەیەکی داخراوی وەک بارزان و دەسەڵاتدارانێکدا جیگای دەبێتەوە کە بۆ پایەدارکردنی کورسی و دەسەڵاتیان پێویستیان بە جەماوەری نەزان و بێ ئاگا ونەخوێندەوار هەیە. مەزهەب و کلتوور و ئایدۆلۆژیا هەر چییەک بن و تەعبیر لە هەر جۆرە بۆچوونیک بکەن، مۆدێرن بن یان دوواکەوتوو، زۆرینەی خەلک پابەندیان بن یان کەمینە موقەددەس نین و قابیلی رەخنەلێگرتن و تەنانەت گاڵتە پێکردن و نووکتە لەسەردروستکردنن. هێما نەتەوایەتییەکان نەک هەر موقەددەس نیین بەڵکو نەتەوە خۆی ناموقەددەسە .

موقەددەس ئینسان و ژیان و مافی ئینسانە کە دەبآ لەسەروو هەموو شتێکەوە بێت، موقەددەس بۆ خەڵکی کوردستان ژیانی سەردەشتەکانە.

پشێوی درووست مەکەن، ئاسایشی هەرێمی کوردستان مەخەنە خەتەرەوە و هەلوومەرجەکە ناسکە، چەمکێکی تری دەسەڵاتداران و ئەمجارەشی بارزانییە بۆ رووبەروبوونەوە لەگەلڕ نارەزایەتییەکانی خەڵک و خامۆشکردنەوەی.

رفاندنی ئینسانێک بەرۆژی رووناک و لەبەردەم دەرگای کۆلیژەکەیدا و تیرۆرکردنی و دواتریش فرێدانی جەستەکەی پشێوی درووست کردن و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە! یاخود بانگەواز ونارەزایەتی دەربرین بۆ ریسواکردنی ئەم سیاسەتە چەپەڵ و تاسەر مۆخ نا ئینسانییە؟! شمشیر بەرزکردنەوەی مەزهەب بەرووی خەڵکیدا و فتوای کوشتن و برین و هەلڕشتنی ژەهراوی پیاوسالاری و دژ بەژنی مەلا بەشیرەکانی دیووەخانی بارزانی پشێوی دروستکردن و تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵکی کوردستانە یاخود داوای دانانی دادگای ئاشکرا و عادیلانە بۆ تیرۆرستان و گەیاندیان بە سزای موستەحەقی خۆیان؟! درووست کردنی دەزگای لەشێوەی مافیای پاراستن و زانیاری پشَێوی بۆ خەڵکی کوردستان دروست ئەکەن یان ئەو سەردەشتانەی کە تەنها چەکی دەستیان قەڵەمەکانیانە بۆ دیفاع لەجوانی ژیان و باشتر کردنی ژیانی پر لە نەبوونی و بێناز ونیعمەتیان؟!

هێنانی لەشکری دڕندەی بەعس لە 31ی ئابی 1996دا بۆ کوردستان و لەو رۆژەشدا گرتنی سەدان ئینسان بە دەستی سەربازەکانی بەعس و دواتر ئیعدامکردنیان وبە ئاوارەکردنی خەڵکی کوردستان و هەڵپروچقاندنیان لە شوێنی ژیان و کاریان پشێوی دروستکردن و تێکدانی ئاسایشی خەڵکی کوردستانە، یان خەباتی حەقخوازانە بۆ بەرەسمی ناسینی ئازادی و یەخەگرتنی دەسەڵاتتان کە دەستتان گرتووە بەسەر تەواوی ناز ونیعمەت و پارەوپوولی خەڵکی کوردستاندا ومۆنۆپۆلتان کردووە بۆ خۆتان؟! راستییەکەی گەر تەواوی ئەو پشێوییانە بژمێرم کە دەسەڵاتەکەتان بۆ خەڵکی کوردستان درووستی کردووە، ئەوا ڕەنگە پێویستم بە دەیان لاپەرەی تر وهەڵدانەوەی دەیان دۆسیەی ترتان بێ.

ئاسایشی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لەگرەوەی بەرقەراربوونی ئازادی بێقەیدو شەرت و بێ ئەمما و ئەگەری سیاسیدایە، لە گرەوی هەڵوەشاندنەوەی دەزگاکانی تیرۆر و رفاندنی لە بابەت پاراستن و زانیاری دایە، لە گرەوەی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی میلشیایی و عەسکەرتاریەتی حیزبی و جێگرتنەوەیان بە دەسەڵاتی نۆێنەرانی هەلبژێردراوی خەڵکدایە.

31.05.2010

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.