ئازادکردنی هیشام گاڵتەجاری لیجنەی لێکۆلینەوەودادگای پارتی دەردەخات

029دۆێنێ ١٤-٥ بەپی ئەو هەواڵەی لەسایتی ئاوێنە بڵاوکراوەتەوە ” هیشام مەحمود” ئەوکەسەی تومەتبارکرابوو بەکوشتنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان بەهۆی نەبوونی شاهید وبەڵگە لەسەری ئازادکراوە، هەروەها بەپێی هەواڵێکی پێشتر کە لەماڵپەڕی هاوپشتی بڵاوکراوەتەوە لەدانیشتنی رۆژی ١٣ی شوباتدا لەدادگای تاوانەکانی هەولێر ئەو کەسەی تاوانبارکرابوو بەکوشتنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لەقسەکانی پەشیمان بۆتەوەو بەفەرمانی دادوه‌ر ئازادکراوە.
ئەمه‌ نیشانی ئەدات لیژنەیەک کە بەفەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەژێر فشارو ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستاندا دروستکرا، رایاگەیاند کە بکوژی سەردەشت عوسمان دەستگیرکراوەو ئەندامی گروپێکی تیرۆریستە و سەردەشت عوسمان هاوکاری کردووە، ئەم ریوایەتە دروستکراوە نەک هەر چەواشەکارانە و گاڵته‌جاڕی دەرچوو، بەڵکو ئەو راستیە دەخاتە بەردەم خەڵکی کوردستان کەدادگاکانی ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵات شەرعیه‌تیان نیە پێویستە هەڵبوەشینرێنەوەو لەجێگایدا دادگایەکی سەربەخۆو بێلایەن دابمەزرێت.
ئەو لیژنەیەی که‌ لەسەر خواستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێکهات، پێویستە پۆزش بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان و رۆژنامەنوسان و کەسوکاری سەردەست عوسمان بهێننەوە، بەتایبەتی لەکەدارکردنی کەسایەتی سەردەشت، دەچێتە خانەی تاوانیکی ترەوە بەرامبەر بەسەردەشت عوسمان و خانەوادەکەی.
ئێمە لە چەتری ئازادی سەبارەت بەتیرۆری سەردەست عوسمان و شاردنەوەی تاوانباری راستەقینە و به‌رێخستنی تۆمه‌ت له‌دادگایی ده‌سه‌ڵاتدا بۆی، جارێکی تر جەخت دەکەینەوە لەسه‌ر ئاشکراکردنی تاوانبارانی بکوژی سەردەشت عوسمان بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان و داواکارین:
1. ئەو لیژنەیەی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکی هەرێمه‌وه‌ پێکهێنرا، هەڵبوەشێتەوە
2. ئەم پرۆسەی دادگاییکردنەی ئێستا دەستبەجێ ڕابگیرێت
3. لیژنەیەکی بێلایەنی سەلاحیەتدار بەبەشداری ڕۆژنامه‌نووسان و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی و سیاسیەکانی کوردستان و ڕێکخراوە جیهانیەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی مرۆڤ و نوێنەری خێزانی سەردەشت عوسمان بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەیسە پێک بێت، کە لەلایەن حکومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنیەکانی هەولێره‌وه، ‌هەموو ئاسانکاریەکی بۆ بکرێت.

چەتری ئازادی لەندەن
15-5-2013

Leave A Reply

Your email address will not be published.