مەرگ , وەك لەدایكبونەوەی سەردەشت
ئومێد حەمە عەلی :
لەو گوتەیەی فەیلەسوفی گەورە میشێل فۆكۆ وە دەستپێدەكەم , ئەو ئێژێ : گەمژەیی ئامادەگی مردنە لە ئێستا و لێرەیا . ئەوەی ئەم بیریارە پێمان دەڵێت ئەوەیە , مردن هیچ نییە جگەلە گەوجێتی . مردن ئەو چركەساتە نییە , كە مرۆڤ فیزیكیانە و جەستەییانە و بایۆلۆژیانە دەمرێ , بەڵكە مەرگی مرۆڤ لەگەوجێتی و جەهلی مرۆڤدایە . هەڵبەت ئەم گەمژەییە – گەمژەیی و نەزانی و ناهۆشمەندی مرۆڤە لەئاست جیهان و بون و , كێشەكانی بونی خۆی و , كێشەكانی مرۆڤایەتی بەگشتی .
مەرگ لەڕاستیدا ئەوەندەی لە فەرامۆشكردن و نابەرپرسیاریەتی ئێمەدایە لەئاست كێشە و ڕووداوەكانی دونیا بەگشتی و , دونیا تایبەتیەكانی خۆمان , هێندە گرێدراوی مەرگێكی فیزیكیانە نییە . مرۆڤ تەنها كاتێك ئەتوانرێ وەك مردوو هێمای پێبكرێت , كە پرسیارە سەرەكی و بنچینەییەكانی لەبارەی مانای بونی خۆیەوە بە فەرامۆشی سپاردبێ.
پرسە هەرە بنچینەییەكانی ژیان و بونی مرۆیی لەبابەت پرسی – ئازادبون , دادپەروەربون , جوامێری , بەرپرسیاربون – تەنها ڕێگەیەكی مرۆڤن بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانێكی ڕاستەقینە بژی . ڕاستەقینە ژیان ئەوانە ئەتوانن ئەزمونی بكەن , كە ڕووبەڕوی سەختیەكانی دونیا و , دژوارییەكانی مەرگ ڕادەوەستن .
ڕاوەستانی هۆشمەندانەی مرۆڤ لەئاست مردندا , لەلایەكەوە –ئاگامەندبونی مرۆڤە بەبونی گەوجێتی و نەزانی, كە فۆرمێكی ڕاستەقینەی مردنن. هەم ڕاوەستانی جوامێرانەی مرۆڤە لەئاست مەرگ دا بەمانا هەرە سەرەتایی و بنچینەییەكەی , كە ڕووداوێكی حەتمی و خۆلێلانەدراوە . بەڵام ئەم مەرگە بەردەوام بەشێوەیەكی كامڵ و ڕاستەوخۆیی دەرناكەوێ , بەڵكە پێشهاتەكان و دیاردەكان و هێماكانی مەرگ پێش ئەوەی مەرگ خۆی بگات بەتەواوی , ئەوان دەگەن . ئەوەی زەمینەی تاقیكردنەوەی ڕەسەنیەت و ناڕەسەنیەتی مرۆڤ بەئەنجام ئەگەیەنێ , شوێن و پێگەی مرۆڤە لەبەردەم ئەو ڕەهەندانەی مردن دا .
سەردەشت وەك مرۆڤ خاوەن و هەڵگری ئەو پێشمەرجانەیە , كە ناهێڵن مرۆڤ بمرێت . ئەگەر نەزانی و گەوجێتی فۆرمێكی ڕاستەقینەی مردن بن , ئەوا سەردەشت هەرگیز وەك مردویەك نەژیاوە , ئەو ژیانێكی ڕاستەقینە ژیا .
ئەگەر ڕەسەنبون و ئازادبونی هەر مرۆڤێ گرێدراوی ئاگامەندی و ئاوەزمەندی ئەو بێت سەبارەت بە كێشەكانی و , سەبارەت بە كێشەكانی مرۆڤ بەگشتی , ئەوا سەردەشت لەم نێوەدا وەك مرۆڤێكی بەئاگا و هۆشمەند خاوەنی بونێكی ڕەسەن و سەربەستبوو .
سەردەشت سەرباری ئاگایی تەواوی بەو ترسناكی و تۆقاندنەی بەتوندی هێما و دیاردەكانی مەرگیان پیشاندەدا , بەڵام ئەو هێشتا هەر دەژیا و , دەینوسی و بیریدەكردەوە , خەیاڵی برەو پێدەدا و , خەونی بە ژیانێكی جوانەوە دەبینی , خەونی بە جیهانێكی دادپەروەرانەوە دەدیت .
ئەو دەیزانی هێزەكانی سیستەمی بەندایەتی و , پاسەوانانی ستەمگەری و نادادپەروەری لەڕەگی بناگوێی نێزیكترن لێیەوە , بەڵام سەردەشت هەرگیز نەیتوانی ژیانكردنی ڕاستەقینە فەرامۆشبكا , ئەو تائەبەد ویستی ئازادبونی ڕاستەقینەی لەناو گیان و بیری خۆیا قوڵتر و مەزنتر دەكردەوە .
سەردەشت وەك ئەو مرۆڤانەیە كە تەنها نامرن و بەس , بەڵكە بە مردنیان مانای نوێ و گەورە , هەم بە بون و ژیانی خۆیان دەبەخشن , هەم مانای تازە بۆ ژیان بەگشتی و مرۆڤەكانی دیكە بەرهەم دەهێنن . ئەو بەمەرگی خۆی وزەی مەزنی بەهەڵپەكانی ئێمە بۆ سەربەستی بەخشی , ئەو بەگیانە یاخیگەرییەكەی ئەو ڕاستییەی بۆ دوپاتكردینەوە , كە یاخیبون تەنها پێشمەرجێكە بتوانێ ژیانمان مانادار و , مەرگیشمان مانا-بەخش بكات .