سەردەشت عوسمان (ئازادى- ژیان – مردن)

Ahmad_Mirawdali
نوسینى: ئەحمەد میراودەلى
ئێمە لەسەرەتاوە دەبێت پرسیار بکەین، سەردەشت کێ بوو؟ بۆچی دەژیا؟ بۆ دەینوسی ؟ دەیەوێت چیمان پێ بڵێت؟ لەچی بێتاقەت بوو؟ چۆن بۆ ئایندەی دەڕوانی؟ بۆچی مردن لای خۆشتر بوو لەژیان؟ ئەمانەو ئەو کۆمەڵە پرسیارانەن کە تەنانەت زۆربەی مرۆڤەکانی ئەم مەملکەتە زەحمەتە تائێستا لەخۆی کردبێت  بۆ لەم ژیانەدایە، یەقینم هەیە کە ئەو پرسیارە جەوهەریانە کەمترین مرۆڤ لەخۆیان دەکەن.
بەڵام ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری تر، هەر کەسێک خوێنەری کۆتا نوسینى  شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان بێت، ئەوە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی سەرەوە وەردەگریت.
سەردەشت عوسمان پێی دەگوتین من کوڕەکەی دەشتی هەولێرم، بۆ ئەوە دەژین تاوەکو (کەم بژیم و کەڵ بژیم)، ئەم کوڕە روح سوکەی پایتەخت بەتێڕوانینی نوسینەکانی پێی دەگوتین، ئەوەی لەم کوردستانە دەگوزەرێت لەگەندەڵآ و بەهەدەردانی سامانی وڵات و بێ رێزی کردن بەمرۆڤی کوردو  بێ بەها کردنی هەموو جومگەکانی وڵات لەلایەن ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارەوە، لەگەڵ هەموو بێدەنگ کردنێکی مرۆڤدا، ئەوان دەیانەوێـت  زیاترو زیاتر بێدەنگ بین لەبەرامبەر ئەو هەموو ناعەدالەتی و نادادی کۆمەڵایەتیە کەباڵی بەسەر هەموو کۆمەڵگادا کێشاوە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا سەردەشت  هەموو بێدەنگی رەتکردەوە، پێی دەگوتین هەتا ئێمە بێدەنگ بین ئەوان زیاتر وڵات بەرەو وێرانە دەبەن، لەبەرامبەر هەموو ئەو نائومێدیە، سەردەشت ئومێدێکی گەورەو  بەرگری بەردەوامی هەڵبژارد بۆ ئایندەیەکی گەشتر، بۆیە دڵنیا بوو لەوە کە ئەو ئازادیەی ئەو هەوڵی بۆ دەدات دەبێت مەرگی خۆی لەسەر دابنێت،مەرگی بۆنەوەیەکی داهاتوو، کەلەکۆتا نوسینیدا بەناوی (یەکەمین زەنگی کوشتنم لێیدا) لەسەرەتای نامەکەیدا ئاماژەی پێداوەو دەڵێت” لەچەند رۆژی رابردوودا بۆ یەکەمین جار پێیان گوتم، که ‌تەمەنت چەندی نەماوە، یان بەگوتەی خۆیان مۆڵەتی هەناسەدانم لەم شارەدا نەماوە، بەڵام نه ‌باکم بەمردنه ‌و نه ‌ئازاردان، لەچاوەڕوانی کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەمم تا دیداری بکوژەکانی خۆم بکەم، دوعاش دەکەم مردنێکی تراژیدیام پێببەخشن که ‌شایستەی ژیانە تراژیدیاکەم بێت. بۆیه ‌ئەم قسانه ‌دەکەم تابزانن گەنجەکانی ئەم وڵاته ‌چ هۆلیسۆسێکن و مردن سادەترین هەڵبژاردنیانە، بۆئەوەی تێبگەن که ‌ئەوەی ئێمه ‌دەترسێنێت بەردەوامی ئەم رۆژگارەی ئێستایه ‌بۆ نەوەیەکی داهاتوو، نەک مردنی خۆمان”
بێ ئومێدیی و بێ هیوای سەردەشت ئەوە نەبوو بۆخۆی بێت، لەوە گەیشتبوو کەتازە ئەو خەونانەی ئەو هەیەتی لەسەردەمی ئەودا نایەنە دی کەئەویش خەونی وڵاتێکی پڕ لەعەدالەت و ئازادیە بۆ نەوەکانی داهاتوو بۆیە وتی” بۆئەوەی تێبگەن که ‌ئەوەی ئێمه ‌دەترسێنێت بەردەوامی ئەم رۆژگارەی ئێستایه ‌بۆ نەوەیەکی داهاتوو، نەک مردنی خۆمان”
ئازادی و سەربەرزی و خەون بەوڵاتێکی ئارامەوە لای سەردەشت هێمایەک بوو کەمەرگی خۆی لەسەر دانا بۆ نەوەکانی داهاتوو.
سەردەشت قوتابخانەیەکی بۆ جێهێشتین کەهەرچی مامۆستاکانیەتی وانەی ئازادی و بوێری دەڵێنەوە، چونکە سەردەشت لەکۆتا نامەکەیدا وتی دەبێت ئێمە هەر بەردەوام بین تا ئەوکاتەی دەمرین ، بەردەوامیەک بۆ مرۆڤ بونی خۆمان  و بۆ نەوەکانی داهاتوو.
شەهیدی قەڵەم باش لەوە گەیشتبوو ئەوەی ئەم دەسەڵاتە دەترسێنێت نوسینکەکانن، دەنگە ئازادەکانن بۆیە پێی وتین” خۆشحاڵیشم، که ‌هەمیشه ‌شتێکم هەیە بۆ گوتن و کەسانێک نایانەوێت بیبیستن، بەڵام هەرکاتێک ئێمه ‌بەچرپه ‌قسه دەکەین ئەوا ئەوان گوێچکەکانیان نائارام دەبن”
کوڕەکەی عوسمان پێی وتین تازە من ئەرۆم خواتان لەگەڵ بەڵام ” تا ئەو شوێنەی که ‌ماوین ئەبێت قسەبکەین، لەو شوێنەش، که ‌تەمەنمان کۆتاییهات با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێت و بێتە سەر دێڕێکی نوی و سەر لەنوی دەستپێبکاتەوە”
بەڵام ئێمە بوینە هەزاران سەردەشت و سەردەشت چوە ناو هەموو ماڵەکانەوە، بەڵێ ئێمە بۆ بەردەوامی ئەو نوسینانەی سەردەشت لەکۆتایدا خاڵێکمان بۆ دانەنا، بەڵکو هەمان رێچکەی ئەومان گرت و بەردەوام دەبین لەسەری تاکو بکوژەکانی ئاشکرا دەبن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.