سەردەشت و ئایندە

مەریوان وریا قانع:mariwan-wrya

سەردەشت عوسمان بەر لە ئێمە، بەر لەوانەی ھێشتا زیندوون، دەگاتە ئایندە، دەگاتە ئەو شوێنەی تێکەڵێکە لە ئومێدی گەورە و بەرگریی بەردەوام، جێگەیەک ئینسان تیایدا ھەستدەکات ئینسانە، بوونەوەرێکە بە مەرجەوە دەژی بە مەرجەوە دەمرێت. ئەو مەرجەش تەنھا یەک بەھا پەرژینەکەیەتی و تەنھا ئەو بەھایە سنوورەکانی دیاریدەکات: بەھای ئازادی. ئازادی لە بیرکردنەوە و قسەکردن و نووسیندا، ئازادی لەوەدا چۆنت بوێت وا بژیت و چۆنت بوێت وا بمریت.
یەکێک لەو ساتەوەختانەی تا دەمرم لەیادیناکەم ئەو شەوە بوو کە لەسەر شاشەی یەکێک لە تەلەفیۆزنەکانەوە. یەکێک لە براکانی سەردەشت عوسمان باسی کتێبخانە بچووکەکەی سەردەشتی دەکرد و لەو کتێبانە ئەدوا کە ئەم پیاوە پڕ بەرائەتە دەیخوێندنەوە. لەو کتێباخانەیدا یەکێک لە کتێبەکانی منی تێدابوو. ئەگەرچی ھەردوو چاوانم پڕبوون لە فرمێسک، بەڵام ھەستێکی بێسنوور بە بەختەوەری دایگرتم . چ نووسەرێک ھەیە ھەست بە بەختەوەری ئەوە ناکات کاتێک دەزانێت ڕۆحێکی یاخی و پاک و ئازادی وەک سەردەشت عوسمان خوێنەری بووە.
ڕۆژێک دێت ئەم ڕۆحە ئازاد و یاخییە بچێتە ناو ڕۆحی ھەموو ئینسانێکی نیشتیمانی ئێمەوە، ئەوکات سەردەشت دەبێت بەبەشێک لە شوناسی ھەموومان، بە بەشێک لەو زمانەی قسەیپێدەکەین، لەو چەمکانەی بەھۆیانەوە خۆمان دەناسین و دونیای دەوروبەرمان لێکئەدەینەوە. تا ئەو ڕۆژە من سەردەشت لە دڵما ھەڵدەگرم.

Leave A Reply

Your email address will not be published.