سەردەشت ماوە

د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر:haval abubakr

سەردەشت ماوە، ئەو وەك عوسمان لەپشتەوە لێی دراوە، ئەوەی تیرۆركرا، سەردەشت نەبوو، ئەوە یاساو سەروەریی هاونیشتمانیان و شكۆی خەڵك و حكومەت و جوامێریی حیزب و نەتەوەو نیشتمان بوون، تیرۆركران.

سەردەشت ماوە، لە ویژدانی زیندووماندا دێت و دەچێت، شەوانە دەمانخەوێنێت.

سەردەشت ماوە، ناهێڵێت هەرگیز ئەوانەی شەو بەبێخەم سەردەنێنە سەرسەرین، چاولێكبنێن..

سەردەشت ماوە، چونكە سەردەشت بۆ نەمریی نەژیاوە، بەنەمرییەوە ژیاوە، سەردەشت ماوە، چونكە هەموو ڕۆژێ كە دوای ماندوێتیی ڕۆژگار، دەگەڕێنەوە ماڵەوە، مناڵەكان پێمان دەڵێن: سەردەشت عوسمان نەهاتەوە؟ هاتنەوە بۆ مرۆڤێكە كە بۆ ڕۆیشتن نەهاتبێت و بۆ هات چووبێت، ئەو وەك ویژانە ئەنفالكراوەكانی نیشتمان ئەستێرەیەكی بزێوە، شەوانە بڕۆنە سەربان، بچنە سەر شاخەبەرزەكانی نیشتمان، كه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ دەیبینن، زوو دەكشێت، دادپەروەریی دەكێشێت و خۆی دەكاتە ئەستێرە گەشەی كاكێشان، تا بتوانین دووی كەوین و بگەینە شەفەقی خوێنی ئەو بەیانەی زۆر بەناهەق خوێنیان ڕژاند، تابگەینە ئەو نركانەی هاواریانكرد، تا بگەینە ئەو ڕەنگانەی تابلۆی ژیانی سەردەشتایان بە مەرگ ڕەنگكرد..

سەردەشت ماوە، مانێك وەكو ئازادیی، وەك هەناسە، وەك ئاو، وەك تیكەی دەمی چۆلەكەی لانە ڕووخاو..
سەردەشت ماوە، ئەوەی كوژرا، ئازادیی بوو، ئەوەی كوژرا، خەمو خولیای نیشتمان بوو، ئەوەی كوژرا، مافە زۆر بچكۆلەكانی حەق و حقوقی ئینسان بوو..

بەسە ئیتر، لەمە زیاتر، ئایندەمان تیرۆرمەكەن، هەناسەمان مەتاسێنن، ئازادیمان ئەتكمەكەن، ڕەنگەكانمان مەسڕنەوە، دەنگەكانمان مەزڕێنن و مێژوو پڕمەكەن لە تاوان، بەسە ئیتر چەمینەوە بۆ دوژمن و هەڵمەت بردن بۆ پشتی ڕۆڵەی نیشتمان..

Leave A Reply

Your email address will not be published.