سەردەشت بێرەدا تێدەپەڕێ..*
لێرەوە.. بەڵێ هەر لێرە و هەر بێرەدا خەریك بوو ڕەت دەبوو، ڕێك كاتژمێر هەشت و نیو بە بەرچاوی ئەم شەقام و نەمام و ئەو دیوار و پۆلیسانە پێچایانەوە… گوڵەگەنمێك كە هێشتا فەریكەگەنمە لە ژێر پێیان دەپلیشێتەوە و شیرێكی سپی بە بنی پێڵاوە ڕەشەكانەوە دەنوسێ…
من تێناگەم چۆن پەڵەیەكی هێندە سپی لە ژێر ئەو پێڵاوە ڕەشانەوە، بووە ئەو پەڵە ڕەشە بە نێوچاوانی سپێدەیەكی هێندە سپیی ئەم مەملەكەتە!؟ ئەم پەڵە قەترانیە هەر لەسەر ئەم شەقامە و لە ژێر پێی ئێوەوە تەشەنەی كرد و ئەم شارەی لە خم هەڵكێشا و دواتریش نیشتیمان.
پێیان گوتم هاوڕێ! بەم بەیانیەوە سێ ساڵی تەواوە سەردەشت بێرەدا ڕەتنەبووە، ئەی بۆچی من ڕێك ئێستا دەنگی پێیەكانی بەسەر ئەم شەقامەوە بەرەو ئاداب دەبیستم.. پێیان گوتم ئەمە سیێەم بەهارە سەردەشت بۆ سڵاوێكی هاوڕێیان دەستی بەرز نەكردۆتەوە، ئەی بۆچی من وا بەسەرسەری ئێوەوە دەیبینم و سڵاوم لێ دەكا. گوتیان ئەوە سێیەمین وەرزی گوڵە نیسان تێپەڕی و سەردەشت گۆرانیەكی لەگەڵ هاوپۆلەكانی نەچڕیوە، ئەی بۆچی من وا ئێستا لە پشتی ئا ئەم دیوارەوە گوێم لێیە، سەربەند و دوابەندی گۆرانیەكانیان بۆ دەڵێتەوە. بە چاوی خۆشم بینیم گۆڕەپانی بەردەم ماڵەكەیان، كە جاران جێی یاری سەردەشت و بەم دواییانەش پێدەشتی چاوەڕانی باوكی بوو، بە بلۆك گۆڕیانەوە و بەرچاوی باوکیان گرت. گوتیان هاوڕێ تازە چاوەڕوانیش هیچ! ئەی بۆچی من ئێستا سەردەشت دەبینم، پێدەشتی چاوەڕوانی بڕیوە و بە بەرچاومەوە وا خۆی لە جەمەدانیەكەی مام عوسمان هەڵدەسوێ..
من كات لە بیرخۆم دەبەمەوە و بیری خۆمم بردۆتەوە.. هەموو ڕۆژەكانی ئەم سێ ساڵە، لەسەر ڕەهەندە ئازادیبەخشەكانی هەناسەی ئەو قەڵەمە دەبنە هاڵاو و لەبەر چاوم ون دەبن. بۆیە لەمڕۆدا دوو سەعاتێك پێش ئێستا هەر لەم شوێنە تۆیان لە كەژاوەیەكی پڕ دوپشك پێچایەوە و كەسمان بەوە ڕانەگیشتین دوا هاوار و دوا قیژەت.. نا دوا گرمە و دوا نەڕەت هەڵگرینەوە.. هێشتا نەبۆتە كاتژمێر یازدە و چارەگ و هێشتا لەم شارە دایت و دەتسوڕێننەوە و كونەمارەكانت پێ نیشان دەدەن.. هێشتا نەبۆتە كاتژمێر یازدە و چارەگ و تۆ دوا ماڵئاواییت لە فرمێسكەكانی دایك و دوا ئاوڕت لە قەڵا و قەڵەم و لە دوا نیگای یار نەداوەتەوە.
لای من هەرگیز كات ناگاتە یازدە و چارەگی ئەمڕۆ، بۆیە ئەو خاڵەی كە پێت سپاردبوین، تا لە دوادێڕدا بۆتی دابنێین، داینانێین.. ئێمە بڕیارمان داوە هەرگیز ئەو خاڵەت بۆ دانەنێین.. تۆ بەردەوام نوێ دەبیەوە و كۆتاییت نایێ و هەمیشە سەردێڕی ئێمەی.. دیسان دەیڵێمەوە سەردەشت ئەی بچوكتر لە هەمومان! ئەی براگەورەی هەموان! بمانبورە ئەو خاڵەت بۆ دانانێین و تۆ هەمیشە سەری دێڕی.
*ئەم پەخشانە بۆ شوێنی ڕفاندنەکەی “سەردەشت” نوسراوە و هەر لەوێش خوێندراوەتەوە، بۆیە دەلالەتی شوێنەکان بە بەردەم کۆلێژی ئادابەوە بەستراونەتەوە.