کتێبێکی پڕ له خه‌ون
له‌م شه‌وانه‌دا، کاتێک پێیان راگه‌یاندم رۆمانی (خواجه نه‌سره‌دین که له‌پێناو پێکه‌نینێکدا ده‌کوژرێت)، دیاری کراوه تا له سێیه‌مین ساڵیادی تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمانی رۆژنامه‌نووسدا خه‌ڵات بکرێت‌و ده‌بێت من وتارێکی کورت بنووسم تا له‌م یاده‌دا بخوێنرێته‌وه، ئه‌م هه‌واڵه بۆ ماوه‌یه‌ک تووشی رامانی کردم. به‌وه‌ی نه‌مده‌توانی هه‌روا ئاسان بیر له خه‌ڵاتێک بکه‌مه‌وه، که خوێنێک له پشتییه‌وه رژاوه. له‌ساتی وادا به‌خیلی به‌و نووسه‌رانه ده‌به‌م، که ده‌توانن به ئارامی باس له شتی رۆژانه‌یان بکه‌ن. چونکه ئێمه منداڵی کۆمه‌ڵگایه‌کین، که ته‌نها ئه‌وه توانا په‌نهانه‌کانی ئه‌ده‌ب نییه کۆمان ده‌کاته‌وه، به‌ڵکو زۆرجار ناشرینییه‌کانی ئه‌م دنیایه‌ی تێیدا ده‌ژین، ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆزه‌خه‌ی به‌ناوی به‌هه‌شت پێمان ده‌فرۆشنه‌وه، خه‌ون‌و غه‌مه رۆژانه‌ییه‌کان، نادادپه‌روه‌ری‌و ره‌شه‌کوژی ژنان‌و ته‌نانه‌ت ده‌شێ خوێنی رژاوی ئه‌و مرۆڤانه‌ش کۆمانبکاته‌وه، که خه‌ونێکی هاوبه‌شمان هه‌بووه له‌گه‌ڵیاندا.
من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌ده‌ب به‌و توانا له‌بن نه‌هاتووه‌ی له راڤه‌کردنی جیهان‌و مرۆڤدا هه‌یه‌تی، هێزێکی شاردراوه‌شی تێدایه بۆ گۆڕینی ئینسانه‌کان، ئه‌مه‌ش ئه‌و نهێنییه‌یه له‌پشت خوێندنه‌وه‌وه وه‌ستاوه. ئێمه ده‌خوێنینه‌وه، چونکه ده‌مانه‌وێت شتێک هه‌یه له خۆماندا بیگۆڕین. ئه‌وه کتێبه‌کانن کۆمه‌کمان ده‌که‌ن بۆ قوڵبوونه‌وه له جیهان‌و مرۆڤ. هه‌ربۆیه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر کتێبێک‌دا، شتێک له ئێمه‌دا ده‌گۆڕێت. ئێمه کتێبه‌کان وه‌ک خشت هه‌ڵده‌چنین، تا رێگا له هه‌ره‌سی جیهان بگرین. ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ش هه‌م به‌شدارییه‌کی زۆری هه‌یه له‌م به‌رگرتن به ناشرینی‌و هه‌ره‌سه‌دا، هه‌م زیاد له دیدو تێڕوانینێکمان پێده‌به‌خشێت. سه‌رده‌شت عوسمانیش یه‌کێک له‌و کتێبانه‌یه، که به‌خوینی خۆی، خۆی نووسیه‌وه. ئه‌و کتێبێکه پڕ له جورئه‌ت، پڕ له خه‌ون.. ئه‌و پڕ تیراژترین کتێبی کوردییه، به‌وه‌ی خوێنه‌وارو نه‌خوێنه‌واری کرده خوێنه‌ری خۆی. ئه‌و کتێبێکه هه‌موومان له‌گه‌ڵ یه‌کدا کۆده‌کاته‌وه. چونکه ئه‌و کتێبێکه بۆ ئێستا‌و بۆ ئاینده نوسراوه.
به‌وپێیه‌ی من سه‌ر به نه‌وه‌یه‌کم، که له توونێله تاریکه‌کانی به‌عس‌و دیکتاتۆریه‌ته‌وه شانسی ده‌ربازبوونمان هه‌بوو، (بۆیه وا ده‌ڵێم، چونکه ئه‌و جۆره رژێمانه وا وێنای مافی ژیانمان ده‌که‌ن، که شانسێکه‌و پێمان ده‌به‌خشن)، ئیدی پرسیاری په‌یوه‌ندی مرۆڤ به ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه، ئاماده‌ییه‌کی زۆری هه‌یه له بیرکردنه‌وه‌و نوسینی ئه‌م نه‌وه‌یه‌دا. نه‌وه‌یه‌ک پڕ له خه‌ونی ئازادی، که سه‌یری ئێستا‌و ئاینده ده‌کات‌و ته‌نها خۆی له رابردوودا زیندان نه‌کردووه. ئه‌مه‌ش ئه‌و پاڵنه‌ره‌بوو له پشت نووسینی رۆمانی (خواجه نه‌سره‌دین که له‌سه‌ر پێکه‌نینێک ده‌کوژرێت) ئاماده‌یی هه‌بوو. دیاره زۆر گۆشه‌نیگا هه‌یه تا لێیه‌وه سه‌یری ده‌سه‌ڵات بکرێت، ده‌کرێت له رێگای قوربانی‌و زیندانه‌کانه‌وه، سه‌رکوتکردن‌و کوشتنی ئازادییه‌وه له ماهیه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌کان ورد ببینه‌وه‌و چیرۆکی قوربانیانی بنوسینه‌وه. به‌ڵام بیرکردنه‌وه‌ی من بۆ خوێندنه‌وه‌و تایبه‌تمه‌ندیی ده‌سه‌ڵات له‌م رۆمانه‌دا، له گۆشه‌نیگای پێکه‌نین‌و گاڵته‌وه بوو. له‌وانه‌یه پرسیارێکی ساده‌ی وه‌ک: ئه‌و په‌یوه‌ندییه چییه له‌نێوان گاڵته‌و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه؟ له‌پشت نووسینی ئه‌و رۆمانه‌وه وه‌ستابێت.
له کۆندا خه‌ڵکی له رێگای قۆشمه‌چی‌و گاڵته‌چییه‌وه گاڵته‌ی ده‌کردو ده‌سه‌ڵاتدار، خه‌لیفه‌و سوڵتانه‌کانیش پێده‌که‌نین. به‌ڵام له‌سه‌رده‌می ئێمه‌دا ئه‌م هاوکێشه‌یه تێکده‌چێت‌و ئیدی ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته گاڵته‌ده‌کات‌و ده‌بێت خه‌ڵکی پێبکه‌نێت. هه‌ر که‌سێکیش له‌م یاسا نوێیه‌ی گاڵته‌کردن لابدات‌و بیه‌وێت گاڵته‌بکات، ئه‌وا چاره‌نووسێکی ره‌ش چاوه‌ڕێی ده‌کات، هه‌روه‌ک پاڵه‌وانی رۆمانه‌که. ئه‌و پاڵه‌وانه‌ی پێمان ده‌ڵێت جۆرێک له ده‌سه‌ڵات هه‌یه، له گاڵته‌و پێکه‌نین ده‌ترسێت. به‌ڵام ده‌بێت هه‌رگیز توانای پێکه‌نین له‌ده‌ست نه‌ده‌ین.
***