بۆ ساڵیادی سەردەشت عوسمان

ئاراز شاد:129

ئەوا دوو ساڵ بەسەر یەکێک لە قێزەونترین ئەو تاوانانەدا تێدەپەڕێت کە لەمێژووی کوردیستاندا پەڵەیەکی ڕەشە بەناو چەوانی دەسەڵاتدارانی کوردیستان.

ساڵیادی تەرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان وەکو ڕۆژی ئازادی لەکوردیستان بەرز ڕادەگرین.
غاندی: دوای تیرۆرکردنی و بەر لەوەی گیانی بسپێرێت بەبکوژەکەی خۆی وت: هیوادارم کەس ئازارت نەدات و نەتکوژنەوە، چونکaە ئەگەر زانیبات، مرۆڤەکانم چەندە خۆشدەوێن، نەک نەتدەکوشتم، هەرگیز بیریشت لەکوشتنم نەدەکردەوە،
سەردەشتیش وتی: لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بۆیەکەمین جار پێیان وتم، کە تەمەنت چەندی نەماوە، یان بەوتەی خۆیان مۆڵەتی هەناسەدانم لەم شارەدا نەماوە، بەڵام نەباکم بەمردنە و نەئازاردان، لەچاوەڕوانی کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکەمم، تابەدیداری بکوژەکانی خۆم بگەم، دوعاش دەکەم مردنێکی تراژیدیام پێببەخشن کە شایستەی ژیانە تراژیدیاکەم بێت، بۆیە ئەم قسانە دەکەم تابزانن ئەوەی ئێمە دەترسێنێ بەردەوامی ئەم ڕۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەیەکی داهاتوو، نەک مردنی خۆمان، کاری منیش خۆشبەختی برا بچوکەکانمە، نەک خۆم، زۆر بەسادەیش تاکە هۆکاری نیگەرانی من لەم هەڕەشانە ئەوەیە، کەهێشتا زۆر شت ماون قسەیان لەسەر بکەین و هەرئاوا بەجێیان بێڵین، بەدبەختی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە، کەباکی بە مردنی نەوەکانی خۆی نییە. بەڵام تائەو شوێنەی کە ماوین دەبێ قسە بکەین، لەو شوێنەش کەتەمەنمان کۆتایی هات با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێ و بێتە سەر دێڕێکی نوێ و سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە.
دوو ساڵ لەمەوبەر و لە بیست و سێهەمین بەهاری تەمەنیدا ، لە ٥ی ئایاردا گەنجێک کە دەسەڵاتێک ڕۆحی لە پێنوسەکەی چوو بوو، لەم هەولێرەی کە دەسەڵاتدارانی میرنشینی زەرد سەری قسەو بنی قسەیان ئەوەیە کە پایتەخت شارێکی سەقامگیرە و بەقەولی خۆیان مێرولە دەربازی نابێت، بەڵام سەردەشتەکەم لەبەر دەم زانکۆکەیدا بەبەرچاوی خەڵکەوە، بەبەرچاوی پۆلیس و ئاسایشەوە، دەڕفێندرێت.
دوای ڕۆژێکیش بەقودرەتی قادر لە دەیان بازگەی چڕو توند ئاودیو دەبێت بەرەو موسڵ. بۆ ئەوەی گومانەکانیش بەلایەکی تردا بڕۆن دوای شەهید کردنی تەرمەکەی لە نزیک کۆمیتەیەکی یەکێتی نیشتیمان کوردیستان فڕێدەدرێت. سادەترین بەڵگەش بۆ یەکلایی کردنەوەی گومانەکان بۆ لای بنەماڵەیەکی دەسەڵاتداردا، ئەمەنە بەسە کە فیشەک بە ناو دەمیەوە نراوە، ئەم دەمەی کە بە قەولی خۆیان شەڕەفی ئەوانی پێ لەکەدار کراوە. جارێ هەتا ئێستا من نازانم ئەم شەڕەفە چییە؟ لە کوێیە؟ ڕەنگی چۆنە؟ ئەم شەڕەفەی ڕۆحی مرۆڤی قوربان دەکرێت من ناتوانم نە بیبینم ، نە دەستی لێدەم، نەبیدۆزمەوە، داخەکەم زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی هەموو شەڕەف و نرخی ژیانیان لەناو ڕانی ژن و کچەکانیاندا ئەدۆزنەوە، لای هەندێک بنەماڵەی دەسەڵاتداریش تەنها شەڕەف خەتی سورە، نەک ڕۆحی مرۆڤ، بەڵام لەڕاستیدا شەڕەف هەرچیەک بێت، زۆر لەوە بچوکترە کە مرۆڤی لەسەر بکوژرێت، بەڵام سەردەشت نەک شەڕەفی کەسی لەکەدار نەکردووە، بەڵکو تەنها وتی من عاشقی کچەکەی سەرۆکم، ئەرێ باجی ئەم قسەیە کوشتنە؟ ئاخر ئەگەر من کچێکم هەبوایە و سەردەشت عاشقی بوایە، من کچەکەمم پێشکەش دەکرد نەک بیکوژم.
دیارە وەک بنەماڵەکەی دەڵێن تەنها بەیەک وشەش بێت، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نەبووە جگە لەو بابەتەی کە بەناونیشانی (عاشقی کچی سەرۆکم) کە بەڵگە نەویستە و وە هەموو دونیا دەزانێت لەسەر تەنها ئەم بابەتە کوژرا، ئەو مناڵەی کە هێشتا لەناو بێشکەدایە و تەنها دایە و بابە فێر بووە، ئەگەر لێی بپرسین ئەرێ سەردەشت کێ کوشتی، تەنها بۆ ئەم وەڵامە دێتە گۆ و وەڵامی دروستمان ئەداتەوە.
سەردەشت چەمکی موقەدەساتی بنەماڵەی کاڵ کردەوە، و ئەمەی چرپاند بەگوێی دەسەڵاتداران کە لەم وڵاتەدا هیچ بنەماڵەیەک موقەدەس و مەرجەع نییە، وە کچی سەرۆک خەتی سور نییە، بەڵکو تەرۆر و کپ کردنی دەنگی ئازاد خەتی سورە.
لەسەرەتای ڕووداوەکە، خەڵکی ئازادیخواز و گەنجانی وڵات و ڕۆژنامەنوسان هەموو هاواریان کرد بێدەنگ نابین، بەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لەشارو شارۆچکەکانی کوردیستان فشارێکی توندیان خستە سەر دەسەڵات، بەبێ ئەوەی پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژ بکەن، بەڵام وەک پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت (دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە) بۆیە هەر زوو بنەماڵەی بارزانی توشی قەلەقی هاتن و هەروەک لەلایەن خۆپیشاندەران ختوکە بدرێن، ئیتر لەهیکەوە پارتی توشی بەرز بونەوەی زەخت و شەکرە بوو.
ئێمە تەجروبەیەکی تاڵمان هەیە لەگەڵ لیژنە و لیژنەکاری، بەبۆچونی من هەر کەیسێک کە لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدا نەبوو لیژنەی بۆ پێک دێنن، تەنها بۆ ئەوەی وەک دەرفەتێک هەتا سیناریۆیەک دادەڕێژن بۆ گەوجاندنی خەڵک. ئەو لیژنەیەی کە سەرۆکی هۆزی بارزان پێکی هێنا، نەک شتێکی دڵخۆشکەر بدا بەدەستەوەو جەللادەکان دەستنیشان بکات، بەڵکو سیناریۆیەکی فاشلی داڕشت کە کاری ئەوەڵی هەستا بەهەڵگێڕانەوەی ڕاستی ڕووداوەکە، وە مخابن سەردەشتی جوانەمەرگیان لەقوربانیەوە کرد بە جەللاد، بۆیە لەڕووی مەعنەویەوە جارێکی تر ڕۆحی سەردەشت تیرۆر کرایەوە.
وەک مەعلومەیەکی تازەش باوکی سەردەشت دەڵێت ئەو کەسەی کە پارتی هێنایە سەر تی ڤی و ئیعتیڕافی کرد کە گوایە سەردەشت ئەو کوشتویەتی، هەمان تۆمەتبار دە مانگ پێش شەهید بوونی سەردەشت بەتاوانی تیرۆر لەزینداندا بووە !!! ئەرێ پێم بڵێن نمونەی ئەم دەسەڵات و ئەم حوکمڕانیە لە کوێی دونیادا بوونی هەیە؟ تیرۆری دەنگی ئازاد دەکات، دواتر خۆڵ ئەخاتە چاوی خەڵکەوە و وەڵامێکی مەنتیقی نییە بۆ ئەم پرسیارگەلەی لای ڕای گشتی دروست بووە، لەمەش سەیروسەمەرەتر ئەوەیە کە نە شەرم دەکات، نە حیساب بۆ دادگا و یاسا دەکات، نە ترسی هەیە، نە گوێ دەگرێ، نە تێدەگا، نەک هەر تێناگا بەڵکو بڕیاریداوە تێنەگا.
تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، کوشتنێکی ئاسایی و تاوانکاری نەبوو، بەڵکو سەردەشت ڕۆژنامەنوس بوو، کوشتنیشی هێما بوو بۆ کوشتنی ئازادی، بۆیە سەردەشت لەوە دەرچووە کەتەنها کوڕی بنەماڵەیەک بێت، ئێستا موڵکی نیشتیمانە، موڵکی هەریەکێک لە ئێمەیە، کەیسەکەشی بەنەتەوەیی کراوەو هاوشان لەگەڵ سۆرانی مامە حەمە نازناوی سومبول و ڕەمزی ئازادیان پێبەخشراوە.
بەگوێرەی ئەم داتایەی لای من هەیە دەبێژێت: سەبارەت بەسەردەشت لەئینتەرنێت بەدیاریکراویش لە گۆگڵ و یوتوب یەک ملیۆن دۆکومێنت و ڕاپۆرت هەیە. هەروەها چل هەزار پەڕەگرافی لەسەر نوسراوە، ئەمە شتێکی دەگمەنە لەمێژوودا، بۆیە ئێمەی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان، ئەم لیژنەیە وە ئەم ئەنجامی سیناریۆ ئامێزە ڕەت دەکەینەوە، وە هەرگیز ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین ئەم کەیسە دابخات، بەڵکو بەکراوەیی دەمێنێت هەتا ئەو ڕۆژەی لیژنەیەکی سەربەخۆ لەژێرچاوەندێری نێودەوڵەتی و دادگایەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی جددی دەکات. چەند مانگێک لەمەوبەر بەپێداگری لەسەر هەمان سیناریۆی گاڵتە ئامێز لەدادگای هەولێر لەهەوڵی تێپەڕاندن و داخستنی کەیسەکە بوون. سەردەشتی ڕۆژنامەنوس، بە گیانی خۆی ئاڵای ئازادی بەرز کردەوە، ئێمەش بەهەر فیداکاریەک بێت ئەم بەرزیە شەکاوەتر و بەرز و بەرزتر دەهێڵینەوە، هەر بەکوێرایی چاوی دوژمنانی ڕێگای ئازادی. چونکە ئازادی بۆ مرۆڤ ناهێتە خوارەوە بەڵکو دەبێت مرۆڤ بۆی بچێتە سەرەوە.
ئێمە کە ئەمڕۆ یادی هاوڕێ و هاوپیشەمان دەکەینەوە، بەهەمان شێوە سۆرانی مامە حەمەش کەقوربانی هەمان ڕێگا و هەمان دەستی ڕەشە، لەیادمانە و دەبێت کەیسی ئەویش بەکراوەیی بهێڵرێتەوە، وە هیچ گومانێک نییە کەوا بکوژەکانی سەردەشت و سۆران دوو دەستی یەک جەستە و یەک بنەماڵە و یەک عەقڵیەتن، بەردەوامیدانی یادکردنەوەی ئەم دوو شەهیدەی ڕێگای قەڵەم وەک کولتورێک بچەسپێ و لەهەر ساڵوەگەڕێکدا، کورزێکی کوشندە و شەرم ئامێزە بۆ دەسەڵاتدارانی ویلایەتی زەرد و هەم سەوزیش، بۆیە میرنشینی سەوزیشی دەخەمە پاڵ چونکە، ئەم ئینتیفاقەی دابەشکردنی پارەوپول و دەسەڵات، وایکردووە کە لەبەرانبەریەکتریدا و لەئاستی تاوانی ئەوا قێزەوندا بێدەنگ بن، یەکێتی و پارتی هێندە بەخراپ باوەشیان بەیەکا کردووە، کە قسەیەک هەیە دەڵێت جیاوازیەکانی یەکێتی و پارتی تەنها وەک کۆکاکۆلا و بیبسی کۆلا وایە.
2012-05-12
سەرچاوە: سایتی کوردستانپۆست

Leave A Reply

Your email address will not be published.