مرۆڤه‌ گه‌وره‌کان

سەردەشت عوسمان:

مرۆڤه‌ گه‌وره‌کان هه‌میشه‌ به‌ باوه‌رێکی پۆڵایینه‌وه‌ ده‌رده‌که‌ون. گه‌وره‌یی مرۆڤه‌کان له‌ کاتێکدا شیاوی باسکردنه‌ که‌ ئه‌م مه‌خلوقه‌ به‌ هه‌موو ساته‌ وه‌خته‌کانی ته‌مه‌ندا گوزه‌ری کردبێ و ئه‌و ڕێگه‌یه‌شی بیر نه‌چووبێ  که‌ به‌ لای ئه‌وه‌وه‌ گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتنه‌ که‌ به‌دیهێنابێ بەمانایەک کە مەبدەئی مرۆڤە .لێرەشەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە لەنێو سوڵتەی کوردییدا زۆر بەدەگمەن پیاوی گەورە دەرکەوتوە ،چونکە هیچ یەکێک لەو بەرپرسانە نەیانتوانی تەنانەت لەهۆشی خۆشیاندا بمێنن کاتێ کە سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەیان چنگ کەوت،هەرگیز نەیانتوانی ئەو پیاوە بن کە بەخەباتەکەوە دەمانناسین،بۆیە هەرگیز پیاوە گەورەکان ئەمانە نین کە لە چیا خەباتکار و لەشاریشدا ( سوڵتە )گەندەڵترین مەخلوقی ئەو وڵاتەن .
مرۆڤە سود بەخش و گەورەکان هەرگیز پێویستیان بەوە نیە کەبۆ ناسینیان سەرێ لە رابردووی خۆیان یان باوکیان بدەین،بەتایبەت لەسیاسەتدا .چونکە ئەوەی شتێک نەبێت بۆ باسکردن لە سیاسەتدا ( عەماڵە )،بۆیە مرۆڤە گەورەکان دەڵین ئەگەر دەتانەوێت بمانناسن ئیستا وەرن یان بەیانی نەک دوێنێ ! ئائەمەیە بۆتە هۆکارێک بۆ خۆشویستنی کەسە گەورەکان لەلایەن ئێمە، باوەڕیشم وایە کەسە خۆشەویستەکانی ئەو وڵاتە هەر کەسێک بن ئەوانەن کە سیاسەت دەکەن وباوەڕموایە زۆرێک لەوانەی کەلەم وڵاتە بەهۆی سیاسەتەوە دەڵێن گەورەین،نە گەورەن و نە خەباتکار و نەشۆرشگێر،ئەگەر بەعسیش نەبوبن،چونکە هەرگیز ئەمە بونی نیە کە باوکم خەباتکار بێت، مانای ئەوەیە خۆم خەباتکارم، برام شەهیدی رێبازی نیشتیمان پەروەری بێت،مانای ئەوە بێت خۆم هەمان رێبازی نەتەوایەتی ئەو هەڵدەگرم. بەداخەوە زۆربەی کەسە گەورە زارەکیەکان ئەمانەن. باوەریشم وایە ئەوەندەی مرۆڤە خەباتکارەکان لەرێگای رەفتارەوە دەناسرێن،بەهیچ شێوەیەک لەرێگای گوفتارەوە ناناسرێن،کەجی رەفتارە سوڵتەنیەکانی ئەو وڵاتە لێواو لێوە لەنادادپەروەری و گەندەڵی و پیسی .من کە تەمەن رێگای پینەدام خەباتی باوکم بەجاوی خۆم ببینم،بەڵام دەزانم بۆچی ناوم ( سەردەشت ) ە ،لەکاتێکدا لەهەولێر لەدایک بوم،زۆرجاریش دەڵێم سوپاس بۆ خودا کە باوکیشم بەرپرسێکی گەندەڵکاری ئەو وڵاتە نەبوو،ئەگەرنا منیش ئیستا بەندەیەکی بێدەنگ و لاڵ و کب دەبوم. دڵنیاشم وەکو ئیستا نەیدەتوانی بڵێ خەباتکار،پێشمەرگە،شۆرشگێربووم. ئیستا منیش نەوەیەکی عاقڵ و بێ دەنگ و بەویستی ئەوان دەبوم،چونکە کاری ئەوان لەم ووڵاتە خوڵقاندنی مرۆڤی بێدەنگە و دامەزراندنی ئەم مەخلوقەیە لەرێکخراوە بێ دەنگ و بێ کەڵکەکان .هەرگیز رۆژێک هەستم بەوە نەکردوە کەئەوەی من ویستومە لەگوفتاری بەرپرسەکانەوە بیانبینمەوە، ئەوان ئەوە دەڵێن کە خۆیان حەزی پێدەکەن،ئەوانەی ئێمەش دەمانەوێت سەرکوت دەکرێ لە خۆپیشاندانەکان،لەم وڵاتە تەنها ئێمە دەزانین کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە چیان دەوێ،چونکە زمان بۆ ئەوان و دوو گوێچکەش بۆ ئێمە .

ئێمە داوای دوو کتێبخانەمان کرد هاتن خانەقایەکیان بۆ کردینەوە،لەکاتێکدا کە عەرەقی یانەکان بەسەر وەسڵەکانی حکومەتدا ساغ دەبێتەوە. داوای لەتێ ئازادیمان کرد، ئازادی و یەکپارچەیی عێراقیان بەدیاری بۆ هێناین ( ئەمەیە خەباتکاری کورد !)پارچە نانێکمان وویست، دەڵین پرسەی برا عەرەبەکانی بەغدا هێشتا تەواو نەبوە،چۆن لە خەمی ئەو برا عەرەبانە نان لە قورگتان دەچێتە خوارەوە ؟! کەچی خۆی بە سامانی ئەو میللەتە زەلیلە تێر نەبوو رایکردە بەغداش .
من دڵنیام ئەگەر لە خۆپیشاندانێ داوای چوار سەعات کارەبا بکەین،چوار رۆژ و شەو بێ روناکی لەزیندانمان دەبەستنەوە، بۆئەوەی نرخی دوو سعات کارەبا بزانین ! داوای بتڵێ غاز بکەین دەبێت دوو بتڵ خوێن ببەخشینە دۆستەکانمان کە بەگوللە و قۆنداغەی چەکەکان بریندار دەبن،زۆرجار ئەو ( هەوا )یەشمان لێدەگرنەوە کەخودا بەبێ ئەوان پێمانی بەخشیوە.

ئەوان یاریکەرێکی نەزانن و زۆر بەگەوجانە سوڵتەی ئەم وڵاتە لێدەخوڕن، ئەمان یاریکەرێکن تەنها یاریکەرن کە بەتەنها لە وڵاتە دیموکراتەکانەوە ئەوەندە تەمەن درێژ بن، تەنانەت ئەوروپا گەڕان دۆستێکی وەکو خۆیان ئاوا ئێسک گران و تەمەن درێژیان نەدۆزییەوە .واهەستدەکەم ئەمان دەیانەوێت تۆڵەی دواکەوتن ( غیاب )ی خۆیان بکەنەوە لە سوڵتەی کوردی . ئەوان کە هەستیان کردوە سوڵتە هێندە لەزەت بەخشە و چ رێگایەکی شاهانەیە بۆ زەنگینی، دەیانەوێت کورسیەکەیان بکەنە میرات و تائەوان مابن خاوەن سوڵتە بن و دوای ئەوانیش پاشاگەردانیمان بۆ نوێ بکەنەوە .

ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین تەنهاییە ،بێ دیموکراسییە، بێ بەرپرسیاریەتییە،نادادپەروەرییە، دزییە،گەندەڵییە، ئەوەی ئەوانیش خەوی پێوە دەبینن بەردەوامیە . ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیکەین رزگاربونە،بۆیە رێگاکانی نایاسایی هەندەران نەما پێی گوزەر نەکەین،شێوازی مردن،لێدان،سوکایەتی نەما لەم رێگایە نەمان بینیبێ،کەچی ئێوە هەمان کەسی جارانن .

ئەوەی لەداهاتوش لەهەگبەی ئێمەیە هەر رزگاربونە،بۆیە رێگایەک بدۆزنەوە بۆ رزگاربونی ئەم خەڵکە بەئەمەکە،ئەگەرنا نزیکترین رێگامان بۆلای باڵەخانەکانی ئێوەیە کە بیگرینە بەر،بۆئەوەی بیانکەینەوە بەو زەوییەی پانزدە ساڵ بەرلەئیستا و بەرلەئێوە،ئێوەی تەنها خاوەنی کراس و شەرواڵێک ..

ئەم ووتارە لە بڵاوکراوەی (  هۆشیاری  ) ژمارە ( ١٥ ) لە١٥- ٢- ٢٠٠٧ بڵاوبۆتەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.