سەردەشت لە ڕفاندنەوە بۆ فڕاندن

محەمەد هەریری: Muhammad_Hariri

ڕفاندن و فڕاندن دوو وشەن یەکەمیان لە سلێمانی ودوەمیان لە هەولێر بۆ یەک مانا بەکاردێن، وهەژاريش لە هەمبانە بۆرینەکەی لەگەڵ یەکی ڕیزکردوون وەک هاوواتا
لەبەرامبەر ڕفاندن هەژار نوسیویەتی فڕاندن. لە بۆ فڕاندن دەنوسێ: باڵ گرتنەوە، ڕفاندن
کەوابوو هەردوو وشەکە یەک مانایان هەیە يان لە ڕێگای هەولێر بۆ سلێمانی لە فڕاندنەوە بۆتە ڕفاندن، یانیش لە ڕێگای سلێمانی بۆ هەولێر لە ڕفاندنەوە بۆتە فڕاندن.
کەوابوو لە سلێمانی لەسەر شێوازی بەرنامە بەناوبانگە عەرەبیەکە [قل…. ولاتقل] بڵێ ڕفاندن ومەڵێ فڕاندن، لە هەولێریش بڵێ فڕاندن ومەڵێ ڕفاندن بەبێ خۆتێکدان وپێکەنین.
ئەوانەی بەرگەی ڕەخنەکانی شەهید سەردەشتیان نەگرت، هەرچەندە توندیش بوون، هەردوو ماناکە وهەردوو شێوازی نوسینی وشەکەیان بەکارهێنا.
پاش ئەوەی کەسایەتی سەردەشت بە دەستی خۆی ئاشکرا بوو، دەبوایە بیانزانیبا کە ئەو گەنجە زۆر هوشیارانە تەحەدا دەکات و باکی لە مەرگ نییە، بۆیە دەبوایە نەچنە ناو ئەو شەڕە دۆڕاوە، چونکە ئەگەر سەردەشت گیانی لە دەستدا، بەڵام بکوژانی هەموو ڕۆژێک ئیدانە دەکرێن وجوێن باران دەکرێن لەبەر خودی سەردەشت و لە پێناو مەرامی تریش بۆ حیساب ساف کردن، من گومانم نییە کە ئەو هەموو شینەی بۆ سەردەشت دەکرێت، هەمووی بۆ خودی سەردەشت نییە وبەشێکی زۆری وەك دەڵێن [بۆ حوسێن نییە، بەڵکو بۆ هەریسەکەیە]! بەڵام ئاسۆی مرۆڤی توڕە زۆر بچوکە، بۆیە نەیانتوانی ئەو سەرەنجامانە ببینن و هەزار جار بیرکەنەوە بەر لەوەی دەستی بۆ بەر.
لە ئەنجامدا سەردەشتیان ڕفاند [بە سلێمانی] وفڕاند [بە هەولێری] لە سیناریۆیەکی زۆر لاواز و دزێودا کە ئەگەر ئەو برادەرەی سیناریۆکەی داناوە دەرهێنەری تەمسیلی تەلەفزیۆنی بوایە بێگومان خەڵاتی خراپترین دەرهێنەری بە نسیب دەبوو.
کە ڕفاندیشیان [بە سلێمانی] وفڕاندیان [بە هەولێری] لە خراپترین بەشی ئەو سیناریۆ فاشیلەدا دەبوایە بیریان بۆ هەرشتێک بچوبا بۆ خوێن ڕشتنی نەچوبا، بەڕاستی ئەگەر سەردەشتی جوانەمەرگ لەبەر ناحاڵی بوون لە هەندێك لە قسەکانی بە ڕوشێنەر وجوێن ودژی کەرامەتی کەسانێك لێکدراوەتەوە، بەڵام ئەوەی سەردەشت گوتبووی دەربڕێنێکی ئەدەبی ڕووت بوو، هەرگیز نابێت بە حەرفی لێی وەرگیرێت وئەو پەنای بۆ کەرەستەیەک برد بۆ گەیاندنی واتاکانی پشت کەرەستەکانی کە ژینگەگە هێشتا ئاشنا نەبوون یان لە ئاستی کەرەستەکان وهێماکان وئاماژەکانیدا نەبوون، وەک ئەو ڕادیۆیە بوو کە دەڵێن یەکەمجار کە گەیشتە سعودیە [جەزیرەی عەرەبی] زاناکانی وەهابیەت فەتوایان لە دژی دەرکرد، گوایە جنۆکە لەناو ئەو دەفرە داخراوەوە قسە دەکات، کە گوتیان باران لە هەڵمی ئاوەوەیە فەتوایەکیان دەرکرد بۆ بەکافرکردنی هەموو ئەوانەی وادەڵێن وبەناونیشانی:
السیف البتار في الرد علی الکفار، القائلین بأن المطر من البخار!!!
سەردەشت پرۆژەی نووسەرێکی زۆر گەورە بوو بە ڕفاندن و کوشتنی بەو شێوەیە دڕەندانەیە سەردەشتیان فڕاند بە مانای دووەم واتە باڵیان تێڕواند چەند بەرز بوو، بەرزتریان کردوە وفڕاندیانە کەشکەڵانی ئاسمان…
پێش شەهید بوونی نوسەرێکی نەناسراو بوو ولەژێر ناوی خوازراوەوە دەینوسی، لەوانەیە ژمارەی خوێنەرانی چەند سەد کەسێك تێپەڕی نەکردبا، بەڵام پاش شەهید کردنی بە ناهەق ژمارەی ناسراوانی لە کوردستانیش تێپەڕیوە بە ملیۆنەهایە.
سەدان کەس قەڵەمی داوەتە دەست قسەی وا بە بکوژەکانیان دەڵێن کە قسەکانی سەردەشت لە چاو قسەکانی ئەوان تەسبیحات کردنە!! ئەوەیە فڕاندن!
دەیەها ڕێکخراو وگروپ بەناوی سەردەشت عوسمانەوە دروست بوون! ئەی ئەگەر ئەوە فڕاندن نەبێت چی فڕاندنە؟
دەڵێن هەزاران دوکان لە بازاڕەکاندا داوای مۆڵەتی ناولێنانی دوکانەکانیان کردوە بە ناوی ئەو! ئەوە لوتکەی فڕاندنە بەبێ باڵ!
دەڵێن هەزاران کەس مناڵی خۆیان بەناوی سەردەشت دەکەن لە خۆشەویستی ئەو جوانە مەرگە. ئەی ئەگەر ئەوە شکاندنی ژمارەی پێوانەیی نەبێت لە فڕاندن دەبێت چی بێت؟
برالە سەردەشت بکوژەکانت هێندە پەشیمان بونەتەوە لە کوشتنت ئەگەر بۆیان بکرێ ئەوەی هەیانە دەخەنە ڕێی کڕینەوەی ژیانی تۆ، چونکە لە پاش مەرگتدا ژیانی ئەوانت نارەحەتتر کردوە.
hariri66@yahoo.com

 

سەرچاوە : ئاوێنە

Leave A Reply

Your email address will not be published.