سەردەشت عوسمان، تیرۆرستە جوانەکە ..!

عەزیز ڕەئووف:aziz rauf

بۆ مەرگى سەردەشت عوسمان پێویستمان بە زیاد لە خوێندنەوەیەک هەیە بۆ دەسەڵات و کۆمەڵگە، پێویستە لەسەر ئەو ئەگەرانە بوەستین کە پاڵنەرە بۆ مەرگ و کوشتن و لەپاڵیشیا ئەو کارخانەیەى کۆمەڵگەى ئێمە بۆ بیرچوونەوە و فەرامۆشکردن.

بەتەسەورى من ئەم مەرگە لەسەر سێ ئاستى گرنگ پێویستى بە خوێندنەوە و هەڵوێستە لەسەر کردنە:
یەکەم: تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان سەرەتاى کوشتنى ئینسانە بەبێشەرمى. ئەگەر پێش ئەم مەرگە لەم کۆمەڵگەیەدا کوشتن شەرم بووبێت ئەوا تیرۆرکردنى ئەم گەنجە سەرەتایەک بوو بۆ تەحەدایەکى گەورە بەرامبەر بە دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان. ئەگەر پێش ئەم مەرگە تیرۆرکردنى ئیسنانەکان لە لە تاریکیدا ئەنجامدرابێتن و سڵکردنەوەیەک هەبووبێت لەسەر کوشتن، ئەوا گرتن و ڕفاندن و کوشتنى سەردەشت عوسمان بە ڕۆژى ڕووناک، سەرەتاى دەرکەوتەیەکى نوێى کوشتنى ئینسانە بەبێ شەرم و بەبێ ترس و بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک. سەندنەوەى مەرگ لە ئینسان پرۆسەیەکە لە تاریکی و بە کەمێک شەرمەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە سەردەشتەوە ئێمە لەبەردەم دەستێکى تاریکداین کە شەرم لە کوشتن ناکات و ئەگەرى ئەوەش هەیە خۆى بۆ کوشتنى زیاد لە سەردەشتێکى تر ئامادە کردبێت.
دووەم: ئەم مەرگە سەرەتاى دەرکەوتەیەکى نوێیە لە دروستکردنى سیناریۆ. ئەگەر پێش سەردەشت هەستمان بە سیناریۆکان نەرکردبێت، هەڵوێستەمان لەسەر پلانە درۆزنانەکان نەکردبێت، ئەوا مەرگى ئەم کوڕە گەنجە سەرەتایەکى لە دروستکردنى سیناریۆ و شاردنەوەى حەقیقەت بۆ خەڵک پیشانداین. لە دواى ئەم مەرگەوە دەبێت خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەى دواى مردنمان دەبێت چ درۆیەکمان بۆ هەڵبەستن. هەڵبەستنى سیناریۆ و دروستکردنى لیژنەیەک لە مەخلوقى بێ ویژدان تا ڕاستیەکان بەلاڕێیەکى تردا ببەن، سەرەتاى دەرکەوتەیەکە لەدواى مەرگى سەردەشتەوە بەئاشکرا هەستى پێ دەکرێت. مەرگى سەردەشت عوسمان چەندە خەمبارى کردین بە پێشێلکردنى کەرامەتى ئینسان، ئەوەندەش بێ ئومیدى کردین لە پێکهێنانى لیژنە لە بەرپرسانى وڵات بۆ لێڵکردنى ئاوەکە تاکو لەنێوان ڕەواو ناڕەوادا جیاوازى نەکەین. لە دواى مەرگى ئەم کوڕە گەنجەوە کە باس لە لیژنە دەکرێت وەک نوکتەیەکى بێتام پێکەنینمان دێت، پێکەنینێک زیاتر لە گریانەوە نزیکە، بەوەى کە دۆخى وا هێندە تراژیدیە کە شایەنى گریانێکى دەستەجەمعیە.
سێیەم: لەدواى مەرگى سەردەشت عوسمانەوە تێگەیشتین کە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا کارخانەیەک هەیە بۆ لەبیربدنەوەى تراژیدیا و مەرگى ئینسانەکان. لەم هەرێمە زیاد لە دەزگایەک و زیاد لە میدیایەک و زیاد لە دامەزراوەیەکمان هەیە کە مەرگى ئیسنان ئاسایى دەکەنەوە و ڕووداوەکانمان لەبیر دەبەنەوە. لەم هەرێمە کارخانەیەک بۆ لەبیرچوونەوە و فەرامۆشکردنى مەرگ یان سادەکردنەوەى مەرگ و کوشتن دەبینین. بەتەسەورى من کوشتن چەندە تراژیدیە فەرامۆشکردنى وەها مەرگێک کارەساتترە. بازدان بەسەر تەرمى ئیسنانەکان و دروستکردنى لیژنە بۆ بیرچوونەوەى ڕووداوەکە، خەسڵەتێکى دیارى ئەم جۆرەیە لە حوکمڕانى.
هەر هێزێک لە کۆمەڵگەدا مەیلى ستەمکارى تێدابێت ئەوا ترسى گەورەى هەیە لەو لێوانەى قسە دەکەن و بەردەوام لە هەوڵى دروستکردنى مەخلوقگەلێکیشدان کە لێویان بلەرزێت یان نەجوڵێت. هۆکارى مەرگى سەردەشت عوسمان هیچ نیە جگە لە ترس لە زمانى ئەم کوڕە. هەر هێزێک لە زمانى قسەکەر ترسا، بێشک هەوڵى بڕینەوى زمانەکان دەدات، بەڵام خۆشبەختانە لەدواى ئەم مەرگەوە زمانى زۆرێکمان درێژتر بووە بێ ئەوەى لە بڕینى بترسین. دەممان هەراشتر بووە بێ ئەوەى بیر لەوە بکەینەوە ئەم سەرە سەرى خۆمانە یان نا. دواى ئەم مەرگە نابێت کەسمان بیر لەسەرى خۆمان بکەینەوە کە پارێزراو بێت، بەڵام سەرەکان ئەوەندە زۆرن کە هەموو ئەو دەستانە شل دەبن گەر بیانەوێ بیدەنگیان بکەن.
ئەگەر کارخانەیەک هەبێت بۆ فەرامۆشکردنى ئەم مەرگە، دەبێت زیاد لە هەوڵێکمان هەبێت بۆ مانەوەى ئەم کەیسە بە کراوەیى. ئەگەر دەستێکى ڕەش هەبێت بیەوێت ئەم مەرگە وەک مەرگەکانى تر تێپەڕێنێت، ئەوا دەبێت زیاد لە هەوڵێکیشمان هەبێت بۆ وەستان لەسەر ئەم مەرگە و فەرامۆشنەکردنى. سەردەشت ئەو تیرۆرستە جوانەیە کە نابێت فەرامۆشى بکەین.

Leave A Reply

Your email address will not be published.