کوشتنى(سەردەشت عوسمان) دەستپێکى پرۆسەى لغاوکردنى میدیاى ئازادە

066066SardeshtOsmanستاڤى گۆڤارى(ئێوە)- لە کاتێکدا هەرێمى کوردستان بە کەشێکى ئارام و ئازاددا تێ دەپەڕێ، بەڵام زۆر بەداخەوە بە رۆژى رووناک رۆژنامەوانان دەرفێنرێن و تیرۆر دەکرێن، ئەم تیرۆرکردنەش لەکاتێکدایە کە حزبە ئیسلامیەکان و مەلا توندڕۆکان داواى لغاوکردن و فەتواى کوشتنى رۆژنامەوانان و میدیاى ئازاد دەدەن، تیرۆرکردنى هاوکارمان(سەردەشت عوسمان) هەموومانى تاساند و دیسانەوە لاپەڕەیەکى ترى میژوو و رەفتارى ئیسلامیەکانى رەشتر کردەوە، ئۆبالی ئەو کردەوە نامرۆڤانەییە دەخەینە ئەستۆى هەموو ئەو فیکرتیرۆریستانەى کە لەەند رۆژى رابردوو بانگەشەى لغاوکردنى رۆژنامەنووسانیان دەکرد، بۆیە داواکارین لە لایەنە بەرپرسەکان و حکومەتى هەرێم پیش ئەوەى لە هۆکار و چۆنێتى تیرۆرکردنى هاوکارمان(سەردەشت عوسمان) بکۆلێتەوە با هەوڵی ئەوە بدەن لێکۆڵینەوە لەگەڵ حزبە ئیسلامیەکان و ئەو مەلایانەدا بکەن کە بانگەشەى لغاوکردنى میدیاى ئازادیان دەکرد، ئیمەش وەکو ستاڤى گۆڤارى ئێوە لە ماوەى رابردوو زۆر هەڕەشە و گوڕەشە و فەتوا و غوتبە و هیرشمان کرایە سەر لەلایەن ئەم فیکرتیرۆریستانەوە، وەکو ستاڤى گۆڤار ئیدانەى ئەم کردەوە دزێوە نامرۆییە دەکەین و داواکارین بە زووترین کات تاوانباران ئاشکرا بکرێن و بدرینە دادگا.

بژى میدیاى ئازاد

بژى بیر و راى ئازاد

سەرشۆڕی بۆ شەمشەمەکویرەکانى جەهالەت

نا بۆ فیکرى تیرۆر و تیرۆریستان

ستاڤى گۆڤارى(ئێوە)

هەولێرى پایتەخت

6/5/2010

Leave A Reply

Your email address will not be published.