تیرۆری رۆژنامەنووسان ریسوا دەکەین

028
بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە جارێکیتر تیرۆر یەخەی رۆژنامەنووسانی گرتەوە و پاش تیرۆرکردنی (سۆرانی مامەحەمە و عەبدولستار) لەماوەی رابردوودا ئەم جارە لە هەولێری پایتەخت و لەبەردەم سمبوڵی رۆشنبیری و مەعریفەی وڵات کە زانکۆیە و لە هەولێری پایتەختی هەرێم و بەڕۆژی رووناک خوێندکاری زانکۆی سەڵاحەدین و رۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) دەڕفێنرێت و پاش دوو رۆژ تەرمەکەی لە شاری موسڵ دەدۆزرێتەوە…؟!
وەک رۆژنامەی چەتر و ماڵپەڕی چەتر پرێس، تیرۆری رۆژنامەنووس بەو شێوە دڕندانەیە و شێوە نایاساییە لە ژێر هەر ناو و بیانو هەر لایەن و گروپێک پێی هەستابێت ریسوا و شەرمەزار دەکەین و پێمانوایە ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە ناگونجێت کە نەخشەی بۆ نەکێشرابێت و پلانی بۆ دانەڕێژرابێت…، پێشمانوایە کە ئەرکی یەکەمی پاراستنی هاوڵاتیان و بەتایبەت رۆژنامەنووسان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنیەکانی ئەو شارەیە بۆیە تێپەڕاندنی تیرۆرێکی ترسناکی لەم شێوەیە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ تەواوی ئاسایشی رۆژنامەنووسانی هەرێم…
بێشک بەزاندنی چەند بازگەیەکی هەرێمی کوردستان و پاشان تیرۆر کردنی رۆژنامە نووسێک لە شارێکیتر زامی ئەو تیرۆرە و مەترسییەکانی ئەو تیرۆرەی هێندەیتر قوڵتر کردۆتەوە و پەردەی لەسەر ئەو گومانە هەڵماڵی کە هەڕەشە بۆ سەر رۆژنامەنووسان تەنیا هەڕەشەیەکی سادە و زارەکی نییە، بەڵکو ئەم تاوانە ئەوەی خستە روو کە خەمساردی و هەڵنەماڵین و نەدۆزینەوەی بکوژانی (سۆرانی مامەحەمە و عەبدولستار) رێگەخۆشکەری دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە بووە…
بۆیە جارێکی تر وێڕای سەرەخۆشی خۆمان بۆ بنەماڵە و رۆژنامەنووسانی هاوکاری (سەردەشت عوسمان) ئەو کردەوەیە شەرمەزار دەکەین و داواکارین دەست بەجێ حکومەتی هەرێم بەئەرکی خۆی هەستێت و بکەرانی ئەو کردەوەیە ئاشکرا بکات چونکە ناکرێت کردەوەیەکی بەو ڕەنگە بەسەر دەسەڵاتدا تێپەڕێت و پەردەپۆش بکرێت، هاوکات جێی خۆیەتی سەندیکای رۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی خوێندکارانیش کاری جدی بکەن بۆ هەڵماڵینی ڕووی ڕاستی ئەو کردەوە پڕ لە مەترسییە چونکە سەردەشت رۆژنامەنوس و هاوکات خوێندکاریش بووە جیاواز لەمەش کوشتنی هەرکەسێک بەو ڕەنگە شایەنی پەسەندکردن نییە و دەبێ هەڵوێستەی جدی لە سەر بکرێت.

ستافی رۆژنامەی چەتر و ماڵپەڕی چەتر پرێس

Leave A Reply

Your email address will not be published.