تەنها بەهیزى ئازادیخوازان دەتوانرێ دەستى تیرۆریستان لەسەرکۆمەڵگاى کوردستان کۆتا بێ!

sardasht osman (92)ئەمرۆ پێنج شەممە 6ى ئایار تەرمى سەردەشت عوسمانى ڕۆژنامەنوس و خۆێندکارى کۆلێژى بەشى زمانى ئینگلیزى لەزانکۆى سەلاحەدین گەیشتەوە شارى هەولێر. سەردەشت سەرلەبەیانى ڕۆژى 4ى ئایار لەبەردەم کۆلیژدا، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە وبە بەرچاوى پاسەوان و خوێندکارانەوە، بەزۆر سوارى ئۆتۆمبێلێک دەکرێ و بۆ شوێنێکى نادیار دەفڕێنرێت و پاش دوو ڕۆژ تەرمەکەى بە کوژراوى لەشارى موسڵ دەدۆزرێتەوە!

تاوانى سەردەشت عوسمان تەنها ئەوە بووە بەقەڵەمەکەى پەردەى لەسەر کارنامەى دزێوى بەرپرسیارانى گەندەڵ و دەسەڵاتە میلیشیاییەکەى بزوتنەوەى کوردایەتى هەڵداوەتەوە. بەڵام ئەوەى کەسەردەشت بەبەرچاوى خەڵک و لە زانکۆدا دەفڕێنرێت و لەسەرو بازگەو پیاوانى ئاسایشى هەولێرەوە تەرمەکەى بەکوژراوى لەشارى موسڵ فڕێ دەدرێ، بەڵگەیەکى ئاشکرایە بۆ کردەوەیەکى ئینساندزین و تیرۆریزمێکى کویرانە. کەڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتیەکەى دەکەوێتە ئەستۆى پارتى و دەسەڵاتەکەیەوە. لەلایەکى تریشەوە ئەم تاوانە دەرخەرى ئەو ڕاستیەیە کەئازادى و هەڵسورانى سیاسى نەیار بەدەسەلاتدارانى ئێستا نەک هەر لەژێر چەترى دیموکراسیەک کەبۆرژوازى کورد ڕۆژانە بانگەشەى بۆدەکات، جێگاى نابێتەوە بەڵکو بەکوشتن و فڕاندن وەڵام وەردەگرێتەوە. کارنامەى 19 ساڵى دەسەڵاتى حزبە میلیشیاییە بۆرژوا ناسیونالیستەکانى کورد ولە پێشیانەوە پارتى ویەکیتى، کە پڕە لەتاوان و ئیسنان کوژى و تیرۆر بەڵگەى ئەم ڕاستەین و تیرۆرى سەردەشت عوسمانیش ئەلقەیەکى تر لە زنجیرەى ئەم تاوانکاریانەى دەسەڵات دەخاتە ڕوو، کەڕاستەوخۆ بەمەبەستى توندکردنەوەى فەزاى ترس و تۆقاندن و سەرکوتگەرى دەستى بۆبراوە، تا دەم و دەستى هەر ئینسانیکى نارَازى و ئازادیخواز ببەستێت.

ڕووداوى تیرۆرى سەردەشت لەکاتێکدایە کە گروپە ئیسلامیەکان و مەلاى مزگەوتەکان لەپێناو داسەپاندنى فەزاى کۆنەپەرستى و بەرتەسککردنەوەى ئازادی بیروڕا، شمشیرى فتواو کوشتنى نوسەران و ڕۆشنبیرانیان هەڵکێشاوە وبە پشتیوانى بەرپرسیارانى ئەمڕۆى کوردستان دەیانەوێت ووشەى ئازادى سەرببڕن و دەمى ڕەخنە و بیروڕاى جیاواز ببەستن وبەشانازییەوە لە پێش پێ ى دەسەڵاتداراندا دایبنێن.

خەڵکى ئازادیخوازى کوردستان، لەپێشیانەوە کۆمۆنیستەکان و کرێکاران، خویندکاران و لاوان و ژنان و ڕۆشنبیران، تەنها هێزى دەستکۆتا کردنى تیرۆرو ئینسان کوژى و دانانى سنورە بۆ هەرجۆرە کارنامەیەکى سەرکوتگەرى، بۆیە دەبێ هیزى جەماوەری لەیەک بزوتنەوەى بەکردەوەدا یەخەى دەسەڵاتداران بگرێ و لەمەیداندا بێت بۆ زامنکردنى ئازادیەکان. تەجروبەى چەند ساڵى ڕابردوو نیشانى داوە کەنەپەرلمان و نە دیموکراسى حزبە میلیشیاییەکان، نە ئۆپۆزسیۆن و نەچاوتێبڕین بۆ مەرحەمەتى یاسایى دەسەڵاتداران.. هەمووئەمانە نەک هەر ناتوانن و نایانەوێت ئازادى و ئارامى کۆمەڵگا لەبەردەم هاوڵاتیاندا بەرقەرارکەن، بەڵکو ڕاگرتنى فەزاى ترس و سەرکوت بەسەر کۆمەڵگادا پایەیەکى مانەوە و بەدیهێنانى بەرژەوەندیەکانیانە.

حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى کوردستان وێراى ئیدانەکردنى تاوانى تیرۆرى سەردەشت عوسمان، هاوکات بەرپرسیارێتى ئەم کردەوە چەپەڵ وئینسان کوژییە، دەخاتە ئەستۆى دەسەڵاتدارێتى پارتییەوە. ئاشکراکردنى تاوانبارانیش لەبەردەم ڕاى گشتیدا تەنها هەنگاوێکە بۆدەربازبوونى پارتى ودەسەڵاتەکەى لە ڕقو بێزارى ئازادیخوازانى کوردستان.

ئێمە لێرەدا جگە لەوەى سەرخۆشى وهاوغەمى خۆمان بۆکەسوکار و دوستانى سەردەشت عوسمان ڕادەگەیەنین ولەکەناریاندا ڕا دەوەستین، هاوکات بە تەواوی تواناوە بۆ دوزینەوەى

تاوانباران وپەردەهەلمَاڵین لەسەر ئەم تاوانکاریە تێدەکۆشین. ئێمە سەرجەم خەڵکى کوردستان بانگەواز دەکەین بۆ خەباتێک کە کۆتایى هێنان بەدەسەڵاتى ئەحزابى ملیشیایى و هێنانەدى دەوڵەتێکى سەربەخۆ و ڕێکخراو لەلایەن شوراکانى خەڵکەوە کردۆتە ئامانجی خۆی. ئامانجێک کە نە تەنها دەستی تیرۆرو ئینسان کوژى وسەرکوتگەرى بەسەر کۆمەڵگاوە، کۆتا دەکات، بەڵکو ژیانێکى ئازاد و یەکسان وخوشگوزەران دەخاتە بەرپێى هاوڵاتیانەوە.

حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریی کوردستان

6/5/2010

Leave A Reply

Your email address will not be published.