پێنووسە کوژراوەکان: سەردەشت عوسمان، سۆران مامە حەمە، بەکر عەلی، عبدالخالق معروف

لە کوردستان، خوێنڕێژان بێشومارن، بەڵام بازرگانانی خوێن و خوێنفرۆشان لەوان زیاترن.penusa kujrawakan

دەکرێ پێنووس بسوێ، کورتبێتەوە یا بشکێندرێ، بەڵام مەگەر هەرچی کاربۆن و بەردی ڕەش و خۆشاوی ڕووەک و کانزای ژێر زەوی هەیە لەناوببەیت، کە پێنووس نەمێنێ. دەکرێ پەڕە سپیبێتەوە، تەڕبێ یا بدڕێندرێ، بەڵام مەگەر بەرگی درەخت و تاڵ و شیتاڵی هەرچی ڕووەکی سەر زەوییە لەناوببەیت، تا پەڕە نەمێنێ. دەکرێ نووسەر ماندووبێ، بووەستێ یا بکوژرێ، بەڵام مەگەر هەرچی ژن و پیاوی ئازا و ئازاد و ئازادیخوازە لەناو ببەیت، تا نووسەر نەمێنێ.

لە یاری کۆنکەندا، چوار کارتی لێکچوو دەستێکی بەهێز پێکدێنن، بە مەرجێک؛ کەوتبنە لای هەمان کەس. لە کوردستان، گیانبەخشان (شەهیدان) وەک کارتی کۆنکەن بەکاردێن، بەڵام هەر کارتەو لە دەستێکدا، هەردەستە و کارتی خۆی دژی دەستەکەی تر بەکاردێنێ.

وا دیارە داکۆکیکردنی ئێمەی کورد لە ئازادی، بە هەموو جۆرەکانییەوە، تەنیا کارتێکی تربێ لە دژی کارتەکانی بەرامبەر دەریدەخەین و هیچی تر.

ئەو مرۆڤە لایەندار و حزبییەی ئەم وێنانە پێکەوە دەبینێ، ناتوانێ نەک بێتە سەر جادە، یا تەنانەت تووڕەشبێ، بگرە ناتوانێ تەنیا لایکێکیشی بکات، چونکە ئەگەر یەکێکیان بەدەستی ئەو پارت ولایەنەی نەیاری پارت و لایەنەکەی خۆیەتی کوژرابێ، ئەوا ئەوەی تەنیشتی بەدەستی هاوپارت و سەرکردەکەی خۆی کوژراوە.
ئەو پارت و لایەنانەی ئەم قەڵەمانەیان کوشت، هەرچەندە دژی یەکترین، هەمان بنەمایان هەیە: دژەئازادیی.

وا دیارە منی مرۆڤی کورد کە داکۆکی لە ئازادی دەکەم، تەنیا مەبەستم ئازادی خۆمە. تەنیاش لەو کاتەدا مەبەستم لە ئازادییە بە گشتی، کە دژایەتی ئازادی دەکەم.

هەر کەسێکت بینی یەکێک لەم وێنانەی بە تەنیا بەکارهێنا، یا بە تەنیا بانگەوازی بۆ یەکێک لەم گیانبەخشانە کرد و دانی بەوانیتردا نەنا، بزانە وەک کارتێکی سیاسی بەکاریهێناوە و هیچی تر.
بزانە ئەو کەسە پیسترین و درۆزنترین و ناڕاستترین و دڕندەترین و قێزەونترین خۆبەرژەوەندکارە.
ئەو کەسە خوێنفرۆشێکی پارتباز و لایەنگر و کۆیلە و، دەروێشی خوێنڕێژەکەیەتی و هیچی تر.

عبدالخالق: سەرانی ئێستەی ئیسلامییان فەتوایان بۆ دەرکرد و هانی لایەنگرانیان دا بیکوژن.
بەکر: بە فەرمانی سەرانی ئەوسای یەکێتی و ئەمڕۆی گۆڕان کوژرا.
سۆران و سەردەشتیش: لە پارتی بپرسن لیژەنەکەی سەرۆک لە لێکۆڵینەوەدا گەیشتە کوێ؟

دوو لایەنە باڵادەستەکەی دەسەڵات و ئۆپۆپۆزیسیۆن، لە هیچدا هاوشێوە و هاوڕەوشت نەبن، لە خوێندا هاوتاوانن.

بە کەمی ژمارەی شەیر و لایکەکاندا دەبینن ئەم وڵاتە چەندە مرۆڤی ئازا و ئازاد و ئازادیخوازی کەمە. چەندە مرۆڤی کۆیلەی حزبی و چەواشەکراوی خەسێنراوی زۆرە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.