یادکردنەوەی سەردەشت عوسمان بەڵێندانە بۆ بەسزاگەیاندنی بکوژان!

chwaramin salyadبەکر عوسمان:
چوار ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشتی ڕۆژنامەنووس تێدەپەرێت، لە ماوەی ئەم ٤ ساڵەدا جەستەی سەردەشتەکان بە کوشتنی خۆپیشاندەرانی ١٧ شوبات و تیرۆری رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی هەروا خوێنی لەبەردەڕوات.
لە سەرەتا و ڕۆژەکانی دواتردا هەوڵەکانمان بۆ بەسزاگەیاندن و دادگایی بکوژەکانی سەردەشت، ڕاگرتنی ئەم زنجیرەی تاوانە، بەرپەرچدانەی سەرکوت و داپڵۆسین دەرهەق بە ئازادیخوازیی و عەدالەتخوازیی کۆمەڵگای کوردستان بوو. هەروەک چۆن ڕێگاگرتن لە دادگایی و بەسزاگەیاندن، بگرە پاراستن و داکۆکی لە تاوانکاران و بکوژەکانی سەردەشت، بەلارێدابردن و تێپەڕاندنی دۆسیەی تیرۆری سەردەشت، بۆ درێژەدان بەو خوێنڕێژی و سەرکوتە بوو.
لە تیرۆری سەردەشتدا هاوارەکانمان بۆ دووبارە نەبوونەوەی تاوانی کوشتنی سۆرانەکان و سەردەشتەکان بوو. بەڵام بەداخەوە بە کوشتنی کاوە گەرمیانی جارێکی تریش بڵندگۆیەکی ماف و داخوازیەکانی ژیانیان بێ دەنگکردین و چرایەکی تری ڕۆشناییان لە ماڵەکانمان کوژاندەوە. تیرۆری ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی لە باوەشی دایکیدا، بە پشتیوانی بێ سزا مانەوەی تاوانبارانی تیرۆرەکانی پێشووتر و بێ وەڵام مانەوەی داخوازیەکانی خەڵک بۆ ناساندن و دادگاییکردنی بکوژانی سەردەشت ئەنجامدرا.
ئازاری کارەساتی کوشتنی ئەم گەنجانە چەندە بەسوێی و بەئازارە، مەراسیمی بێحورمەتی و شکاندنی کەرامەت و شعوری خانەوادەکانیان لە گەمەسازی دادگاکانی حیزبدا بەئازارترە و برینەکانیان قوڵتر دەکاتەوە.

پرۆسەی دادگایی دۆسیەی تیرۆری رۆژنامەنووسان بە کوێ گەیشتووە؟
کەم رۆژ هەیە ئەم پرسیارەم لەلایەن دۆستان و ئازیزانەوە لێ نەکرابێت، پرسیارێکی گرنگە و ڕای جۆراوجۆر لەسەر وەڵامەکەی هەیە. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە حەقیقەتێکی تاڵ هەیە ناکرێ نادیدەی بگرین.
کێشەی سەرەکی دۆسیەی سەردەشت لەسەرەتاوە کەمی بەڵگە و زانیاری لەسەر ئەنجامدەران و نەخشەدانەرانی ئەو تاوانە نەبووە و نییە. بەڵکو کێشەکە لە نەبوونی دادگای سەربەخۆ و دەزگای دادوەری بێلایەنە لەکوردستاندا. داڕشتنی سیناریۆی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە “لێژنەکەی بارزانی” و بەڕێوەچوونی ئەو چیرۆکە لە دادگای هەولێر و بەڕێوەبردنی ئەو گاڵتەجاریە بەناوی پرۆسەی دادگایی، بەکردەوە تۆمەتەکەی لەسەر پارتی تۆختر کردەوە و گومانەکانی کردە یەقین.
دۆسیەکە دانەخراوە و بێدەنگی لێنەکراوە، بەڵکو دۆسیەکە بەکراوەیی ماوەتەوە تا ئەو ڕۆژەی داد و دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن لە کوردستان بوونی دەبێت. ئەوەمان ڕەتکردۆتەوە حیزب لە ڕێگای دادگاوە دۆسیەکە و ئێمە بخاتە نێو موزایەدەی ناشیرینکردن و بەکاریکاتۆری کردنی مافەکانمان.
لە چەند رۆژی ڕابردوودا هەواڵی “گواستنەوەی دۆسیەی تیرۆری کاوە گەرمیانی لە دادگای کەلارەوە بۆ دادگای هەولێر” بڵاوبۆوە. گواستنەوەی دۆسیەی کاوە بۆ ئەو دادگایەی کە سیناریۆی بۆ سەردەشت دروستکرد و ڕاستیەکانی تیرۆری ئەوی هەڵگێرایەوە بۆ چیرۆکێکی هەڵبەستراو و درۆیەکی گەورە لە مێژووی دادوەری. بۆ شاردنەوەی تاوانباران و بکوژەکانی سەردەشت. گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ ئەو دادگایەی کە لەماوەی ٣ ساڵدا هەرچی لەدەستی هات بۆ فشار هێنان و ئازاردانی ڕوحی و دەرونی هاوڕێیان و خۆشەویستانی سەردەشت و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان درێخی نەکرد. ئەو دادگایەی بە ڕۆژی ڕوناک درۆیەکی واگەورەی تێدا نمایش کرا ئاگری دەنا بە دڵی هەموومان و خوێی دەخستە سەر برینەکانمان. ئەو داگایەی لە دۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسماندا تفی کردە نێوچەوانی داد و عەدالەت، سوکایەتیەکی گەورەی بەدادگاش کرد.
ساویلکەییە هەر کەسێک دڵخۆشی و ئومێد بەو گەمەیەی گواستنەوەی دۆسیەکە لە دادگای کەلار بۆ هەولێر ببەستێتەوە. ئومێد بەستنەوە بەو دادگایە بەکردەوە پشتکردنە لە ئازادی و ئازادیخوازانی کوردستان و پشتیوانیکردنە لە تۆمەتبارانی کوشتنی سۆران و سەردەشت و کاوەکان.

بۆچی ئەو دۆسیانە بەئەنجامی خۆیان ناگەن؟ بۆچی تاوانباران داداگایی ناکرێن و بەسزای یاسایی ناگەیەنرێن؟
ئەو دۆسیانە بەو مانایە بەئەنجامی خۆیان نەگەیشتوون کە دادگایی و سزادانی بکوژەکان و نەخشەدارێژەران و بریاردەرانی تاوانەکە ئەنجام نەدراوە. دەنا ئەگەر مەبەست دەستخستنی بەڵگە و ئاشکرابوونی تاوانبار و بکوژان بێت، ئەوا ئەو ڕاستیانە لە کەس شاراوە نیین. دۆسیەکان بوونە مەسەلەی خەڵک و لەئاستی فروانی جەماوەریدا هەڵوێستگیریان لێ کرا.
دۆسیەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ئیتر کۆمەڵگا بەرگری لە مافەکان و تێکۆشەرانی عەدالەتخوازی خۆی دەکات. لەسەر پشتیگیری لە ئازادی و عەدالەت شەڕ لەگەڵ دەسەڵات و مافیاکانی دەکات. قۆربانیەکانی لە باوەش دەگرێت و سازش لەسەر خوێنی بەناحەق ڕژاویان ناکات. بەو ئەنجامە گەیشتووە ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتی زوڵم و زۆرداریە، دەسەڵاتی بنەماڵە و مافیای خاوەن دۆلار و نەوتە. بەو ئەنجامە گەیشتووە لە چوارچێوەی ئەم سیستەم و دەسەڵاتەدا هیچ ماف و دادێک لەدادگاکان بەدەست نایەت.
بەسزا گەیاندن و دادگایی تاوانبارانی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بەتەنیا مەسەلەیەکی یاسایی و دادوەری نیە “ئەگەرچی ئەو دەزگایە لە بنەڕەتدا لە کوردستان بوونی نییە”. ئەوە خۆشباوەریەکی بێهودەیە هەر کەسێک پێی وابێت، لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا بکوژەکانی سۆران و سەردەشت و کاوە دادگایی دەکرێن. دادگایی ئەوانە یانی دەستبردن بۆ هەڵوەشانەوەی سیستەمی مافیای و میلییشیای دەسەڵاتداری کوردستان. چونکە ئەنجامدەران و ئەوانەی لەپشتی ئەو تاوانە تیرۆرستیە وەستاون، لەباڵاترین ئۆرگانی دەسەڵاتدارەتیین، دەسەڵاتی ئێستا ئەوانن و ئەوان دەسەڵاتن.
وتەیەک هەیە دەڵێت: هەر تیرۆر و کوشتنێک ئەگەر تاوانبار و بکوژ نەدۆزرایەوە، دەسەڵات لە پشتی ئەنجامدەرانیەوە وەستاوە. یەکەمین دەرئەنجامی ئەو دۆسیانە. ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسەلمێنی کە تیرۆرەکان و کوشتنی گەنجانی کوردستان لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان پشتیوانیان لێدەکرێت. یەکێتی و پارتی بەو مەهزەلەیەی لەدادگاکان نمایشی دەکەن، لە بڵندگۆی دادگاکانی کوردستانەوە بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن: ئێمەین بکوژانی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.

یادکردنەوەکان بۆ چی؟
ئەمرۆش بەدوای چوار ساڵ لە تیرۆری سەردەشت عوسماندا، یادی ئەو هەر یادکردنەوەیەکی نەریتیی و عاتفی نییە. یادکردنەوەی ئەو ڕێزدانان و خۆشەویستی و وەفاداریە بۆپەیام و ڕێگای پڕ ڕیبواری ئەو. یادکردنەوەی ئەو قەبول نەکردنی جەور و ستەمە، یادکردنەوەی هەموو ئومێدە بەربادراوەکان و خەونە زەوتکراوەکانی لاوانی کوردستانە، دووبارەکردنەوەی هاواریانە لە دژی نایەکسانی و بی عەدالەتی و سەرکوت.
یادی سەردەشت گەورەیی ڕق و توڕەییە لە تاوانباران و تیرۆرستان و دەسەڵاتی شاهانەی میلیشیای و بنەماڵەیی و مافیاییان. لە یادی ئەودا بە بکوژان و تیرۆرستان دەڵێین: یادی سەردەشت و هاوڕێکانی هەمیشە زیندووە تا ئەو کاتەی ئێوە و دەسەڵاتە خوێناویەکەتان دەخرێنە قەفەسی تاوانباری و بە سزای عادیلانە دەگەیەنرێن. مۆمی یادی ئەوان دڕ بە شەوی تاریکی زۆردارانی کوردستان دەدات. یادی ئەوان بۆمبێکە لەنێو هەناوی زوڵم و زۆرداری و ئەو دەسەڵاتەی ئەوانی کوشت. یادکردنەوەی ئەوان بەڵێنە بۆ بەسزاگەیاندنی بکوژان.
لە یادی سەردەشتدا، سۆران خەوی دەزڕێ لەشەوانی کەرکوک و کاوە دەبێتە ئێشکگری دادگای کەلار.
بەرز و بەڕێز بێت یادی ئەو مرۆڤانەی لە پێناوی ژیان و عەدالەت و ئازادی گیانیان بەخشی

2014-04-30

Leave A Reply

Your email address will not be published.