شه‌ڕی ژنه‌کان ده‌ستی پێکرد

:sardasht osman (64)سەردەشت عوسمان

ژنه‌کان نمونه‌یه‌کی جوانتری به‌ڕێوه‌بردن و ده‌سه‌ڵات نه‌بوون له‌ کوردستاندا. ئه‌وان خۆیان به‌ سێبه‌ری پیاوه‌کانه‌وه‌ سپارد و له‌ ڕێگای گوتارو باوه‌شی پیاوه‌وه‌ به‌شێک له‌ ده‌سه‌لاتیان به‌رکه‌وت . ئه‌وان به‌ هاوارکردن بۆ مافه‌کانی ئافره‌ت ده‌ست پێده‌که‌ن و به‌گوتاره‌ حزبی‌یه‌کانه‌وه‌ کۆتایییان دێت. تا ئه‌و ساته‌ ژنیان له‌ بیره‌ که‌ چەمکی ده‌سه‌لاتیان نه‌بینیوه‌،له‌ هه‌ر کاتێکدا که‌ ڕۆشنایی سوڵته‌یان نیشاندرا هه‌رچی باوه‌ڕ و ئیمانیان هه‌یه‌ به‌ گوتاره‌کانی حزبی ده‌فرۆشن.

ئەوەندە هاواریان کرد تا توشی پەتای فەرامۆشی بون،هەموو کات دەیانەوێت بەهۆی ژن بونیان کورسیەکانی پەرلەمان و وەزارەتەکانیان پێببەخشین،نەک کەفائەت و توانایان .خۆ ئەگەر جارێکیش دڵیان شکابێت ئەوا هانایان بۆ جۆرج بۆشیش بردوە،هەرکە بونە وەزیریش ئەوان لە وەرزەکانی ساڵ گەرمیان و کوێستان دەکەن لەنیوان پایتەختەکانی ئەوروپا و کوردستان،چونکە گشت وەرزێک لەگەشتن .کێشەی ئەوان کێشەی ئینسانەکان نیە،بەڵکو کێشەی خۆیانە،ئەوان ئەوەندە باسی ئاگایی ژنەکانیان کرد تا لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بورکانێک لەخۆکوژی کچەکانی ئەم وڵاتەمان بینی .ئاخر ژنی جوامێر ئەگەر تۆ نەتوانیت شەوێک لەباوەشی مێردەکەت یاخی بیت،کە نەک ژنەکان بەڵکو هەرچی تاکی ئەم مەملەکەتە هەیە بەدەستیانەوە گیریخواردوە،بۆ باسی یاخیبونی خوشکەکانی ئەم جفاتە دەکەی ؟!

ئیدی لێرەوە شەڕی ژنەکان دەڕواتە نێو سوڵتەوە،لەوە دەچێت حزبەکان شەڕی خۆیان لەرێگای پەرلەمانەوە بگوازنەوە بۆ پەرلەمان،لەوانەیە ژنەکان مانیفێستی شەڕی پیاوەکانی دەسەڵات بکەن لە پەرلەماندا،ئەمە کاری ژنەکانی ئەم رێکخراوانەن لە حزبەکان وەک ماڵی خۆیان دورستیان کردوە .

سۆزان شهاب کە ئیستا سەرۆکی لیستی کوردستانە لە پەرلەمانی کوردستان و لەخولی پێشتریش ئەندامی پەرلەمان بوە لەسەر فراکسیۆنی سەوز،هەتاوەکو ئیستا ئەو ئەندام پەرلەمانە ژنەی هەرێمی کوردستان موچەی شەهیدانەی باوکی وەردەگرێت،بەپێی یاساش ئەو موچەیە نایاساییە،چونکە خاڵە شهاب نە خێزانی هەیە کە موچەکەی وەربگرێت،نەکچەکەشی کە سۆزانە تەمەنی لەخوار هەژدە ساڵە تابەپێی یاسا ئەو مافەی هەبێت .لەوەدەچێت ئەو ئەندام پەرلەمانە موچەی پەرلەمانی بەشی نەکات کە بیست و پێنج بەرامبەر موچەی گەنجێکی تازە دامەزراوە ؟! لەئیستاشدا لیستی کوردستانی لەژێردەستی ئەو سەرۆکەیدا لەپەرلەمان ئەوەی یەکلا کردۆتەوە کەهەر پرۆژەیەک لەلایەن کوێستان محمدی رکابەرییەوە کە سەرۆکی لیستی گۆڕانە بەرز بکرێتەوە ئەوان دەنگی بۆنادەن،لەوە دەچێت ئەم ئەندام پەرلەمانە ئەم زەڕبەیەی کە حزبەکەی لەهەڵبژاردنەکانەوە بەریکەوت لەسەر سەرۆکی لیستی گۆڕان حساب بکات و لەویوە تۆڵەی ئەمە بکاتەوە،بەڵام هەرچی بێت لەبڕی ئەوەی ئەم ژنە ئەندام پەرلەمانە خەریکی وێنەکێشان بێت لەدانیشتنەکانی پەرلەمان خەریکی شەڕی رکابەر و ئۆپۆزسیۆنەکەی بەرامبەری بێت .

هەرچی کوێستان محمدە،ئەوا لەخولی پێشوتری پەرلەمان ئەندام بوو لە فراکسیۆنی سەوز و لەخولی ئەمجارەی پەرلەمان سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانە،کوێستان بەرلەوەی وەکو ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمان دەرکەوێت شەڕێکی دیکەیان پێسپاردوە،ئەویش سەرۆکی لیستی کوردستانیە کە سۆزان شهابی هاودەنگی خولەکەی پشووتری و نەیاری ئەم خولەی پەرلەمانیەتی. یەکێک لەرۆژنامەنوسەکان بەرلە هەڵبژاردن لکە ووتارێکدا ئامۆژگاری ژنەکانی سەر بەلیستی گۆڕانی کردبوو کە نەوشیروان مستەفا حەزی لە مجلیسی ژنەکان نیە،ئەگەر هەر ژنێک دەیەوێت ببێتە کاندیدی نەوشیروان مستەفا،ئەوا دەبێت وەک پیاو بێت و پیاوانە رەفتار بکات،ئیدی لەو کاتەوە کوێستان محمد بە قژێکی کورت و جلێکی پیاوانەوە لەکۆبونەوەکان دەردەکەوێت .

ئەو شەڕە لەوانەیە شتێکی نوێ بێت بەلای کوێستان محمدەوە،بەڵام هەرچی سۆزان سهابە ئەوا بەر لە هەڵبژاردنەکانەوە حزب خستیە ئەو بازنە ململانێیە لەگەڵ لیستی گۆڕانەوە،هەروەک لەپێشبینیکردنی بەر لە دوو رۆژی هەڵبژاردنەوە سۆزان شهاب بە توڕەییەوە لەسەر کەنالاکانی راگەیاندنی حزبییەوە وتی( لیستی گۆڕان دوو کورسی یان ئەوپەڕی سێ کورسی دەهێنێت )

هەرچی بێت ئەوە شەڕی ناشیرنی پیاوەکانی دەسەڵاتە لەسەر حیسابی ژنەکانی ئەم مەملەکەتە،بەڵام پێموایە سەردەمی شەڕی ژنەکان دەستیپێکرد،ئەگەر پیاوەکان چەند ساڵێک پێشتر شەڕی حزبیان دەکرد ئەمڕۆ درێژەی ئەم شەڕە لەرێگای ژنە حزبییەکانەوە درێژەی پێدەدەن،لەبڕی ئەوەی کە خەریکی رێکخراوەکانی ژنان بن ئەمجارە ئافرەتەکان خەریکی شەڕی حیبی دەبن !

( مەبەستی ئەم ووتارە تەنها ئەو ژنانەن کە شەڕی فیمینیزمیمان پێدەفرۆشن و لەپاڵ دەسەڵاتدا خەریکی خوانی ئەم هەرێمەن،نەک کچە پاکەکانی ئەو ولاتە و ژنە جوامێرەکانی ئەم مەملەکەتە )

 

ئەو ووتارە لە هەفتەنامەی ( ئاشتینامە ) ژمارە ( ٤٨) لەبەرواری ٢٩ – ٩ – ٢٠٠٩ بڵاوبۆتەوە


 

Leave A Reply

Your email address will not be published.