دادگا و تیرۆر

sardasht-soran-kawaبەکر عوسمان:

لەم ماوەیەوە زۆر شت لەسەر دەزگای دادوەری و داگاکانی کوردستان باسکرا. گوترا ئیتر دادگاکان شوێنی سزادانی تاوانباران نییە. دادگاکان پێشانگایەکی جوانکاری مۆدێرنە بۆ مەکیاژ و دەمامکدانی سیمای بکوژانی رۆڵەکانمان. دادگاکان شوێنی بە قارەمان و پاڵەوانیکردنی بکوژانی کوڕەکانی ئێمەن. دادگاکانی کوردستان شوێنی شۆرینەوەی تاوانەکانی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کوردستانە..

ڕاستیەک هەیە پێویستە بگوترێت، دادگاکان لە کوردستان شوێنی ئەنجامدانی تاوانکاریە. شوێنی ئازاردانی قوربانی و مەحکومکردنی تاوانلێکراو و قوربانیەکانە. شوێنی تۆڵەکردنەوەی دەسەڵاتدارانی کوردستانە لە قوربانی و خانەوادەی قوربانیەکان. دادگاکان سەپاندنی حوکمی دڵڕەقانەی دەسڵاتدارانی کوردستانە بەو کەسانەی ملکەچی هەڕەشەکانیان نابن. دادگاکانی کوردستان شوێنی تیرۆرکردنی کەسایەتی و مێژووی ڕۆڵە تیرۆرکراوەکانی ئێمەیە. دادگاکانی کوردستان یەکێکە لە ناوەندی فتوای بێدادی و بێمافی خەڵکی کوردستان.

دەزگای دادوەری کوردستان، ناوەندێکە بە دەست حیزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ کایەی سیاسی و تاوانکاری. دەمێکە چکۆلەترین ئومێد لای خەڵکی کوردستان بەو دەزگایە نەماوە، یەکلاکردنەوەی هیچ مەسەلەیەکی جدی لەو دەزگایە بەڕێوەناچێت و هیچ مافێک لە داگاکان بەدەست نایەت.

دادگایەک دۆسیەی خنکانی قائیمقامەکەی لە زیندان وون بکات. دادگایەک کارنامەی گەندەڵی پارێزگاکەی بە لێبوردەیی ببەخشێ. دادگایەک لەسەر ڕەخنە و نووسین بڕیاری ٣٠ ساڵ زیندانی بۆ کەمالی سەید قادر بدات. دادگایەک ٣ ساڵە دۆکۆمێنتی بەڵگەی کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە ٢٠١١ لەسەر مێزەکەیەتی نەتوانێ دەستی بۆببات. دادگایەک لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵی و بڵاوکردنەوەی بەڵگەی گەندەڵکاری، کارزان کەریم و سەید ئەکرەم بەچەندین تۆمەتی بێبنەما تاوانبار بکات و زیندانیان بکات. دادگایەک لە دۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسماندا سیناریۆیەکی وا نمایش بکات لە قوتوی هیچ عەتارێکدا نەدۆزرێتەوە. دادگایەک بۆ ماوەی پێنج مانگە تۆپتۆپێن بە دۆسیەی تیرۆری کاوە گەرمیانی و خانەوادەکەی بکات. دادگایەک لە دۆسیەی کوشتنی رۆژنامەنووسان کاری شاردنەوە و پەنادانی تاوانباران و تیرۆرستان بێت. دادگایەک بڕیارەکانی سیاسی بێت. ئیتر ئەوە کەی دادگایە و بۆچی باشە؟ بەدوای دۆسیەی سۆران و سەردەشت و کاوە دەزگای دادوەری لەسەر چ پرسێک کار دەکات؟

دادگاکان ئێستا دەورەیەکی تازەیان دەستپێکردووە، دەورەی تۆقاندن. دەورەی بەکۆمیدی کردنی دۆسیەکان. دەورەی کردنەوەی ئۆفسێک لە هەر بنکەیەکی پۆلیس بۆ رۆژنامەنووسان و هەڵسوراوانی مەدەنی. دەورەی کپکردنی دەنگە ناڕازیەکان بە یاسا. دەورەی ڕاپیچکردنی هەر کەسێک ڕەخنە و ناڕەزایەتیەکانی بەیان بکات. دادگاکان دەوری ئەو ڕەقابەیە دەبینن هەموو بیرێکی زیندوو دەخنکێنێ.

لە زۆربەی دۆسیەی تیرۆرەکانی کوردستاندا، دۆسیەی ١٧ شوبات، سۆران، سەردەشت و کاوە و ئەوانیتر، کێشەی نەبوونی بەڵگە و زانیاری و نادیاری تۆمەتبار و تاونباران نییە. بەڵکو کێشەی سەرەکی دادگاکان و نەبوونی دەزگای دادوەری سەربەخۆ و دادگای بێلایەنە. تاوانەکانی نێو دادگاکان لە دۆسیەی تیرۆرەکانی کوردستان لە تاوانی کوشتنەکان کەمتر نەبووە. هەر ئێستا ئەو تۆپ تۆپێنەی بە خانەوادەی کاوە گەرمیانی دەکرێ تاوانێکی گەورەی نێو ئەو دەزگایەیە بە ماف، مرۆڤ، ئازادی و قوربانی.

دەڵین میژوو دووجار خۆی دووبارە دەکاتەوە، جارێکیان تراژیدی و جاری دووەم کۆمیدی. مێژووی دەزگای دادوەری کوردستان، هەر ساتێکی ترژیدیایە بۆ خەڵک و هەر سیناریۆیەکی کۆمیدیایەکی ئەوەندە بێتام و قێزەونە کەس پێکەنینی پێ نایەت.
هیچ کات دادگاکان مێژووی ڕاستەقینەیان تۆماری نەکردووە، مێژوو لەلایەن بزووتنەوەی ئازادی و بەرقەرارکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی تۆمار دەکرێ. مێژووی کوردستان لەلایەن ئەو کەسانە تۆمار دەکرێ کە دەزگای دادوەری ئێستای کوردستان و دەسەڵاتەکەی دادگایی دەکەن.

ئەپریلی ٢٠١٤

Leave A Reply

Your email address will not be published.