بەشێک لە کۆمێنتەکان لە یادی دووەمین ساڵرۆژی تیرۆری رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان لەسەر لاپەرەی تۆڕی فەیسبووک

poster2012بەشی یەکەم

لە دوەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان ،سەرەڕایی ئەنجامدانی و دەیان مەراسیم و نارەزایەتی و میتینگ کۆڕ و کۆبونەوە لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات ، هەروەها نوسین سەدان ووتار راپۆرتی رۆژنامەگەری و شعر و پەخشان و بلاوکردنەوەی پۆستەر و وێنەکانی سەردەشت ، فەیسبوک و دنیای نێتیش بەشێک بوو لە دەربڕینی هەڵوێستی گشتی خەڵک و دەربڕینی نارەزایەتی بەرامبەر بە تیرۆرکردنی ئەو گەنجە قەڵەم بەدەستە، ئەمانەی خوارەوە بەشێکە لە کۆمێنتی تایبەتی چەند نوسەر و رەشنبیر و چالاکوان و خەڵکی ئازادیخواز لەسەر لاپەڕەی خۆیان :

ئامادەکردنی : سایتی سەردەشت عوسمان  
www.sardasht-osman.org

تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان تەنھا کوشتنی رۆژنامەنوسێک یان تەنھا زەفەربردنێکی نائەخلاقیانەی عەشرەت و حیزب و دەسەڵاتێک نەبوو، بەڵکە ھەڵمەتێکی نائینسانی ء وەحشیگەرانەی گەلەعەشرەت و گەلەحیزبێک بوو بۆ بەرقەرارکردن و بێچارە سازکردنی کەش و فشارێکی مافیاگەریی حیزبی و حکومی بۆ کوشتن و تیرۆرکردنی ئازادیی رۆژنامەگەریی و دنیابینییە جیاوازەکان، ھەڵمەتێکی قێزەوەن بوو بۆ ستەمسازێکی تاسەرئێسک نائەخلاقی دژ بە سەرجەم بەھا ئینسانی و شارستانی ء فەرھەنگییەکان، مەرگدۆستییەکی وەحشیگەرانە بوو دژی نوسین، دژی روانینء فەنتازیا و رەخنەء دژی سەرجەم ئەو پانتاییە رۆشنبیریی و فەرھەنگییە بوو کە پێکڕا ھاوئانگ ھەمووان لەدۆسێیەکی زیندوو و کاریگەردا کۆدەکاتەوە.
ئەم کولتوری کوشتنە کە زادەی روانینء کردەگەلێکی وەحشیگەرانەی حیزب و تاقمە مافیاییەکانی ناو حیزبە خاوەنی تاکەیەک ستراتیژی ھەنوکەیی و درێژخایەنە ئەویش بریتییە لەتۆقاندن و ترساندنی کۆمەڵگە لەڕێی کوشتن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس و نوسەرەکانەوە، یان فەلاقەکردنء مێشک تەقاندنی نوسەر و رۆژنامەنوس ء ھەوڵی کوشتنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ. بە دڵنیاییەوە ئەم ستراتیژە نائەخلاقی ء نائینسانییە ھەڵقوڵاوی میراتێکی وەحشیگەرانەی خێڵە خوێناوییەکانء دەسەڵاتە فاشیء دیکتاتۆرء ستەمکارەکانە بۆ بەرپاکردنی کەشێکە بێئەندازە خوێناوی، لێوڕێژ لە ترسی گەورەء نادڵنیایی، ترس لەھەموو شتێک، لەجەلادێکی وەھمی کە بە چەکء تفاقی مەرگخوازییەوە بە سەرجەم شەقامء شوێنە گشتییەکانی شاردا دەگەڕێت بەدوای قوربانیء دەنگء رەخنەء روانینە نوێکاندا، دەرەنجام ئەم ھێزە کوشندەیە لەدوای ئەنجامدانی ھەر کردەوەیەکی وەحشیگەرانەی خۆی دەستکراوەترء مەغۆلانەتر پەلاماری خەڵکء نوسەرانء رۆژنامەنوسان دەدەن…
ئاسۆ جەبار

                                                          ************************************************************

ئەم وتەیەی سەردەشت عوسمان :
” من یەک سەردەشتم، ڕۆژێک دێت هەموو میللەت دەبنە سەردەشت” ئەمڕۆ ٥/٥ /٢٠١٢ جارێکی تر دێتەوە دی .. لە کوردستان و چەندین وولاتی تر هەزاران سەردەشت بۆبەرگری لە مافی ئازادی ڕادەربڕین بە رووی دەسەڵاتی هەریمدا دەنگ بەرز ئەکەنەوە و هەر ئەو نوسینانەی کە سەردەشتی لەسەر تیرۆر کرا بە دەیان جاری تر دەخویننەوە و دەیلێنەوە ….
گۆنا سعید

                                                       ************************************************************
دوێنێ سۆران و تۆش ئەمڕۆ سبەی من و هاوڕێکانم ئەکرێینە قوربانی گوللە.. دوێنێ گوڵێ لەکەرکووک و ئەمڕۆ هیوایەک لەهەولێرو سبەی قەڵەمێکی ئازاد لەسلێمانی ئەژاکێنرێن… ئای خوایە لەم مەملەکەتە، خوێنڕژان چەند بێبەهایە  !!
رزگار عبدالله‌

                                                      ************************************************************

ئەگەر خێڵی دوڕاجی مەلا مستەفاو کوڕەکانی ،پێیان وایە،سەردەشتیان تیرۆرکردوەو تۆڵەی ئابڕوی تکاو ڕژاویان لەو جەستە میهرەبانە کردۆتەوە،بە سەهودا چوون،ڕاستە ئەوان بە جەستە ژیانیان لە سەردەشت زەووت کرد،وەلێ سەردەشت بە مەرگی ناوادەی خۆی،بە ئازارەکانی سەر جەستەی خۆی،بە خوێنی بەناهەق ڕژاوی خۆی،بنەماڵەی بارزانی لەسەر ئاستی کوردستان و دنیا ڕسواکرد،ناوی سەردەشت بۆتە ڕومانەیەکی دەستی و هەم وساڵێک لە پێنجی پێنجدا،لە کەلەسەری بێمێشکی بنەماڵەی مەسعودو مەسروری ترۆریستدا دەتەقێتەوە.
ئارام ئەحمەد

                                                      ************************************************************

بۆ سەردەشت   
دۆستی نامۆ

من زۆر ووت
نەم ئەزانی بەرامبەرم
هەمیش کوێر و هەمیش کەڕە”
هەمیش کەرە
من نەمزانی
خوازبێنی کچە جاشێ
هێند خەتەرە
من کوژرام و
کچی ئاغا بێ خەبەرە
ئێ تۆ بڵێی
تاکوو ئێستا قەیرە کچ بێ
لە بیری بێ سەردەشتەکەی
کوردستانم
                                                                                                                
                                                      ************************************************************

بۆ سەردەشت

چیرۆكەكەت ئەنووسمەوە، بۆ هەموو ئەو مناڵانەی ئەیانبینم، بۆ هەموو چۆلەكەكان، بۆ هەموو دارو دارتێلەكان، بۆ هەموو چەم‌و كانییەكان، بۆ هەموو ئەستیِرەكان، بۆ ئاسمان، بۆ خودا كە خۆی شایەتی مەرگی تۆ بووە ئەگێڕمەوە.
من تۆم نەناسیبوو، نەشمدیبووی، خۆشمویستیت‌و تێگەیشتم تۆ لە نوتفەی ئیبراهیم بوویت‌و بتشكێنێكی مەزن بوویت، چیرۆكەكەت بۆ گوڵ، بۆ گەڵا، بۆ بولبول، بۆ ئاژەڵە كێوییەكان ئەگێڕمەوە.
لەم زەمەنە ناشرینەی كوردایەتییدا، لەم وڵاتە تەنراو بە بۆگەنییە، لەم زۆنە بچووك، بەڵام گەورە بە دزێوییەدا، لە چەرخی كوردایەتی داڕزیودا، وەك چۆن جەمال عیرفان-م ناسی‌و سوێندم خوارد بیرمنەچێتەوە، وەكو چۆن هەمیشە بە ئەوپەڕی راستگۆییەوە فیشەكەكانی سۆرانی مامە حەمە ئەنێمەوە بەخۆمەوە، ئاواش تۆ لەبیرناكەم‌و برینەكانت هەڵئەگرم‌و ئەیانلكێنمەوە بە جەستەمەوە.
ئەی كوڕە شیكەكەی پایتەخت؛ لە ساڵیادی شەهیدبوونتا بۆ ئازایەتییت سەردادەنەوێنم‌و نەوازشی گۆڕە نەمرەكەت ئەكەم
                                                                            

                                                      ************************************************************

پەیكەرى شەهید سەردەشت، پەیكەرى گادگرۆسى فەڕەنسى، پەیكەری كۆپەرنیكۆس

خێڵان بەختیار:

پاش ئەوەى رۆژنامەنووس و خوێندكارى زانكۆ سەردەشت عوسمان تیرۆر كرا، زۆرێك لە رۆژنامەنووسان و چالاكوانان و كەسوكارى شەهید، هەڵسان بە درووستكردنى پەیكەرێك بۆ شەهید، بەڵام دەسەڵاتى زۆنى زەرد رێى نەدا بە دانانى ئەو پەیكەرە! وەلێ مخابن دەسەڵاتى ئەو زۆنە رێگرییان لە دانانى ئەو پەیكەرە كرد، وەك بەرپرسێكى ئیدارى ئەو شارەش وتبووى: “خۆ ناكرێت هەر كەس بكوژرێت و پەیكەرێكى بۆ دابندرێت”! ئەم تێكستى بەرپرسە عەقڵ مەودا كورتە تەنها لە بوخچەى خیانەتى حیزبەكەیدا جێى دەبێتەوە، نەك لاى كەسانى ئازادى خواز، چونكە مەرگى سەردەشت زۆر جیاوازە لەگەڵ كوشتنى مرۆڤەكانى تر، هەرچەندە كوشتن هەرچۆن بێت لە روانگەى مرۆڤایەتییەوە پەسەند نییە، بەڵام سەردەشت عوسمان شەهیدى رێى ئازادى و قەڵەمى گەلێكى ستەمدیدە بوو.
دواى ئەوەى مەسعود بارزانى سەردانى وڵاتى فەرەنساى كرد، لەوێش رۆژنامەنووسێك پرسیاری تیرۆركردنى شەهید سەردەشتى لە ژێر سایەى ئەودا لێ كردبوو، دواى گەڕانەوەى پەیكەری رۆژنامەنووسی تیرۆركراوى فەڕەنسى گادگرۆسیان لە چوار رییانى ئیسكانى شاری هەولێر دانا! كە ناوبراو لە ساڵى 1991 لە شاری كەركووك تیرۆر كراوە!
لە سەدەى شازدە و حەڤدەدا كۆپەرنیكۆس دژى بڕیاری كەنیسەى پۆڵۆنى دەوەستێتەوە، دواتر كەنیسە بڕیاری سوتاندنى دەردەكات، پێى دەڵێن گەر بێت و پەشیمان بیتەوە، ئەوا دەتبوورین، بەڵام كۆپەرنیكۆس هەرگیز پەشیمان نابێتەوە، دەرەنجام دەسوتێندرێت، بەڵام دواى چەند سەدەیەك لەو شوێنەى كە ناوبراویان سوتاندووە، پەیكەرێكى بۆ درووست دەكەن.
لەم دوو بابەتەى سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت، دەسەڵاتى كوردى هێندەى كەسێكى بیانى لا پیرۆزە، میللەتەكەى خۆی لا پیرۆز نییە! ئەوەشمان بۆ دەردەكەوێت، گەر ئەمڕۆش نەبێت، لە دواى نەمانى ئەم دەسەڵاتە و بە پێى تێپەڕینى رۆژ، پەیكەری شەهیدى قەڵەم هەر دەبێت دابندرێت، ئیتر لە ئەمڕۆ بێت، یا لە دواى نەمانى دەسەڵاتى پارتى لە شاری هەولێر.

                                                                            
                                                      ************************************************************

ئێمە هەموومان سەردەشتین
هێرش عبدالرحمان
کاکە سەردەشت وای ووت (نە باکم بە مردنە نە بەئازاردان)دوو ساڵ بەر لە ئیستا پیاوە ژەنگاویەکانی دەسەڵات قەڵەمیکیان تیرۆر کرد،دوو ساڵ بەر لە ئیستا چەتەکانی دەسەڵات دەستان چۆ قەڵەمیکی بوێرو شەهیدیان کرد،کاکە سەردەشت تۆ سمبول و ڕەمزی بەرەنگاری بووی تۆ بە تەنها شۆڕشیک بووی لە دوای ئەو دوو ساڵە ئەڵێم مردن و سەرشۆڕی بۆ دوژمنانی ئازادی ودەسەڵاتیک کە ترسی لەو دەنگانە هەیە .جاریکی تر پرسەو سەرخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەی شەهید کاکە سەردەشت و هاوڕێیانی و سەرجەم ڕۆژنامەنوسانی کوردستان دەکەم

                                                                            
                                                      ************************************************************

هەمومان سەردەشت عوسمانین!

بۆ یادی دوەمین ساڵی شەهیدبونی ئەم لاوە مەزنە پێشکەشە.

سەردەشت عوسمان تەنیا ئەڵقەیەك بو لە زنجیرەیەک تاوان کە هێشتا لە کوردستاندا بەردەوامە و بەمزوانەش نابڕێتەوە. ئەوەی لێرەدا جێی پرسیارە ئەوەیە کە بۆچی سەردەشتی جوانەمەرگ لە هەمو کوشتنەکانی تر ویژدانی هەمومانی زۆتر هەژاندین. ئایا پەیوەندی بە دڕندەی کوشتنەکەیەوە یان پەیوەندی بە تەمەنە ناسکەکەیەوە هەبو؟ خۆ دەکرێ پەیوەندی بەو زیرەکیەوە هەبێ کە لە گوتارەکانیدا نواندویەتی. دەکرێ پەیوەندی بەوەوە بێ کە دەسەڵاتی کوردستان نەیتوانی کوشتنەکەی باوەڕپێکراوانە بۆ خەڵکی ڕونبکاتەوە. سەرباری ئەوەش لیژنە لێکۆڵەرەوە کارتۆنیەکەی دەسەڵات، نەك تەنیا ویستیان تێرۆرکردنەکەی سەردەشت دیزە بە دەرخونەی بکەن، بەڵکو ویستان لە قاڵبی تێرۆرستیشی بدەن. بەکوردیەکەی دەسەڵات نەك تەنیا شەهیدکردنی کرد بە کوشتن، بەڵکو دوای کوشتنەکەی ویستی بیکات بە تێرۆرست، لافێکی هەرزانی پوچ کە تەنیا خەڵکی توڕەتر کرد.

خەڵکیش ئەمەی وەك تەحدایەك دیتەوە و بڕیای دا کە تا ئەو دەسەڵاتە مابێ، نەك تەنیا یادی ئەم لاوە مەزنە بەرز و پیرۆز ڕابگرن، بەڵکو هەمویان خۆیان لە سەردەشت عوسماندا ببینەوە و پێکەو بچڕێنن:
رێبوار فەتاح

                                                      ************************************************************

بەلای منەوە نارەزایەتی دەربرین لەریگای وشەوە، بەقەلەم ، مەدەنی تری شیوەو بی وەی ترین شیوەیە ، هەربۆیە پیم وایە ئەوەی لە وشەو قەلەمیش دەترسێت ، زەبونترین و ترسنۆکترین بونەوەرە ، دەنا کاردانەوەی وا سەخت و توندوتیژیشی نابیت ، بکوژانی “سۆرانی مامەحەمە” و” سەردەشت عوسمان” لەو دەستەیەن ، بۆیە هەر بە ریسوایی دەمیننەوە .
ئەحمەد سەفا

                                                                            
                                                      ************************************************************

بۆ ڕۆحی پاکی شەهید سەردەشت … ڕزگار عەبدوڵڵا / سەرنووسەری گۆڤاری ژیار

بۆ ڕۆحی زیندووی سەردەشتی جوانەمەرگ .. سەردەشتی عاشقی ئازادیی.. سەردەشتی قەڵەمدلێر .. ئەو هیوایەی کە زوو کوژێنرایەوە.. ئەو خۆرەی بەناحەق ئاواکرا..

سبەی ٢٠١٠/٥/٤یەو
بایەقوش
هەواڵی مەرگێکی شومی پێیە..
سبەی ٢٠١٠/٥/٤یەو
لەگۆڕەپانی شارا،
لەبەرچاوی فریشتەکانی ئاسمانا،
سێدارەیەک دانراوەو
ئەڵێن:
ئەمڕۆ ٢٠١٠/٥/٤ەیەو
ئازادیی لەدارئەدرێ..
ئەڵێن:
ئەمڕۆ ٢٠١٠/٥/٤ەیەو
هیوایەک بۆ ئایندەی گەل
وەک خۆری سەرکەل
لەخاچ ئەدرێ..
ئەڵێن:
ئەمڕۆ ٢٠١٠/٥/٤ەیەو
ڕووناکییەکان بەشەوەزەنگ
تاریک ئەکرێن..
ئەڵێن:
ئەمڕۆ سۆرانی مامەحەمە
ڕۆحی زیندۆبۆتەوەو
بەپێنووس و جانتاکەیەوە،
بەتاسەوە و هەڵەداوان،
هاوار هاوار،
هەر هاوار ئەکاو
ئەگەڕێ:
هۆ خەڵکینە بیستوومە
جارێکی تر
قەڵەمێ تر
دەنگێکی لەمن بوێرتر
لەگڵ ئەنرێ…
سبەی
٢٠١٠/٥/٤ەیەو
قەڵەمێکی شێرو دلێر
نامەردانە
سەرئەبڕرێ .. ٢٠١٢/٥/٣

                                                                            
                                                      ************************************************************
بەرێز تاسان
ئەمشەو سەردەشت عوسمانم لە خەودا بينى…
پێ ی ووتم: تابلۆيەكى گەورە لە دەروازەى شاردا هەيە ،تيايدا نووسراوە:

(ئاگادار بن
زمانتان نەجولێ
تيرۆركردنتان لە ناكاوە)
                                                                            
                                                      ************************************************************
زەنگەکان بەردەوام لێدەدەن
نامەیەک بۆ سەردەشت عوسمان
یاسین بانیخێڵانی

هاوڕێم، جاران کاتێک گوێم لە زەنگی کلێساکان ئەبوو یەکسەر وێنەی مەسیح بە خاچەوە بیرو هۆشی داگیر دەکردم، بەڵام ئێستا لەگەڵ لێدانی هەر زەنگێکدا خەمێک دامدەگرێت و دەڵێم وا مەسیحێکی تر لە ڕیگایە بۆ گۆلگۆسا*١.
لە دوای ئەو زەنگی کوشتنەی بۆ تۆ لێدرا ئیتر زەنگەکان نەک هەر لە لێدان نەکەوتن، بەلکو بەردەوام وەک چەکوشی دەستی ئاسنگەرە توڕەکان لەتەنیشت کورەکانی ئاگرەوە زرمەیان دێت بۆ دروستکردنی چەقۆ و قەمەی نوێ، ئاخر تۆ نازانی هەموو قوربانییەک پێویستی بە جەلادێکی نوێ و هەر جەلادێکی نوێش قەمە و چەقۆیەکی نوێی پێویستە!.
ئاخ هاوڕێم، تۆ نازانیت خوداوەندەکانی ئێمە چەنێک پێویستییان بە قوربانییە! وەک کالیگۆلا*٢ تەنها ئەو شەوانە ئارام ڕادەکشێن و خەو دەیانباتەوە چەند پێکێک لە خوێنی ئێمە دەخۆنەوە. ئەوە قەدەری ئێمەیە، کە خوداوەندەکانمان بە خوێنی ئێمە ئالودە بوون و ئەو کاتە دڵیانخۆشە و گۆڕانی دەڵێن و بە ڕووتی سەما دەکەن چەند پێکێکی خەستی خوێنی ئێمە نۆش دەکەن و مەست دەبن.
برای جوانم، هەندێکجار ئیرەییت پێدەبەم ئەوەندە جوان ڕاکشاویت و بە نیگا بێدەنگەکانت سەیرمان دەکەیت و بزەیەک وەک هەموو جارێک دەتگرێت، من ئیرەیی بەو بێدەنگی و پشوو درێژیەت دەبەم. کە چیتر باکت بە هیچ زەنگێک نییە بۆت لێبدەن، ئیرەیی بەو عەشقەت دەبەم، کە بەردەوام ڕۆژانە ئێمە بۆ مەرگێکی نوێ بانگ دەکات.
هاوڕێم لەم نامە کورتە درەنگ وەختەدا تەنها ویستم پێت بڵێم: لە دوای زەنگی کوشتنەکەی تۆوە چەندین زەنگی کوشتنی تر لێدراو لە دوای شیعرەکانی تۆوە هەر بۆ ئەتک کردنی شیعر لە شەقامی سالم ی شاعیر لەبەرچاوی پەیکەرەکانی نالی، مەحوی، کوردی و گۆڕان ەوە چەندین خوێنی گەنجی ئەو نیشتمانە ئەتک کراوەیان ڕژاندن و کەسیان نەیانتوانی دێڕە شیعرێک بۆ ئەو کۆستە گەورە بنوسن، تەنانەت شێخ رەزای تاڵەبانیش لە بیری نەمابوو، کە ڕۆژێک سلێمانی دارولمولکی تاڵەبانی بوو، سوخرە کێشی عەجەم و ئالی عوسمانیش خۆیان میرنشین بوون….
بمبورە بۆ ساتێک ئارامیم شیواندیت و خەیاڵتم بردەوە سەر ئەو چەقۆیانەی لە هەسان ئەسوێنرێن بۆ کوشتنی ئەو گوڵانەی بێ پەردەپۆش بەدەم نەغمەی بولبولە عاشقاکانەوە پێدەکەنن، بمبورە ئەو چەقۆ نەفرەتییە باریکانەم بیر خستیتەوە، کە تەنها بۆ ملی ئەو پەپولانە درووستکراون، کە فریوی جوانی و بۆنی شیلەی گۆڵەکان لە خشتەیان دەبات.

٤\٥\٢٠١٢
پەڕاوێزەکان
*١ گۆلگۆسا واتە کەلەسەر ئەو شوێنەیە، کە مەسیحی تێدا لەخاچ درا
*٢ کالیگۆلا جگە لەوەی دڕەندەترین قەیسەری ڕۆم بووە، کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نمونەی کەمە، پیاوێکی دڵڕەق و سادی بوو.
                                                                            
                                                      ************************************************************

له‌دووساڵه‌ی شه‌هیدكردنی سه‌رده‌شت عوسماندا پشتگیر قه‌ڵه‌مه‌بوێره‌كانین رۆژی 4 ئایاری 2010 و دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌روداوێكی ترسنۆكانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا وله‌به‌رده‌م زانكۆ و به‌رچاوی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان وخوێندكاران وهاوپۆلیه‌كانیه‌وه‌ ڕۆژنامه‌نووس و خوێندكاری دوا قۆناغی زانكۆ سه‌رده‌شت عوسمان له‌هه‌ولێۆی پایته‌ختدا ده‌فرێنرێت . پاش دوو ڕۆژ ته‌رمه‌كه‌ی به‌ قۆڵبه‌ستراوی له‌ موسڵ دۆزرایه‌وه‌ .ئێستاش دووساڵ به‌سه‌ر ئه‌وروداوه‌دا تێپه‌رده‌بێت وته‌نها یه‌ك كه‌سیش په‌یوه‌ندیدار به‌و دۆسیه‌ی ده‌ستگیرنه‌كراوه‌ وێرای ئه‌وه‌ش لیژنه‌ی لیكۆلینه‌وه‌ی ئه‌ودۆسیه‌ زۆربێ‌ ویژدانانه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات دۆسیه‌كه‌ی شكانده‌وه‌ . ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسانی سه‌یدسادق له‌دووساڵه‌ی شه‌هیدبوونی خوێندكارو رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگدا وێرای پشتگیریمان بۆقه‌ڵه‌مه‌ ئازاده‌كان وفراوان بوونی مه‌وداكانی ئازادی راده‌ربرین له‌هه‌رێمی كوردستان ،دووپات له‌داواكردنی سه‌روه‌ری یاسا له‌كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌ ،داوا له‌ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین بۆرێزگرتنی ئازادی راده‌ربرین له‌كوردستان ودان نان به‌ماف وپێزانین به‌ئه‌ركی رۆژنامه‌نوسان هه‌رچی زووتر تاوانبارانی ئه‌وكه‌یسه‌ بۆرای گشتی ئاشكرابكات ویاری به‌كات نه‌كات له‌پێناو ونبونی دۆسیه‌كه‌ .به‌شه‌رم وعه‌یبیشی نه‌زانێت دان به‌هه‌ڵه‌ی لیژنه‌ی لیكۆلینه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌دابنێت ،چونكه‌ رای گشتی ورۆژنامه‌نوسان زۆرله‌وه‌ به‌ئاگاترن كه‌به‌سیناریۆی ساده‌ بخه‌له‌تێنرین . له‌دووساڵه‌ی شه‌هیدكرانی خوێندكارو رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسماندا هه‌زاران سڵاو له‌شه‌هیدانی رێگا قه‌ڵه‌م وئازادی وسه‌رشۆڕی بۆ بكوژانیان .
 ده‌سته‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسانی سه‌یدسادق

                                                      ************************************************************

وەرز….. پێشكەش بە شەهیدی قەڵەم
سەرۆ زەردەشت ( سەردەشت عوسمان )

بەشدارمحمد

بۆ سەرۆ زەردەشت ( سەردەشت عوسمان )

ئەم شەو دوا شەوی سەفەری چوار وەرزیمە
ئەمشەو دواشەوی تەنهاییمە
ئەمشەو دواشەوە
جارێكی تر پێتان دەگەمەوە
ئیتر لەكەس ناپرسم دووری نێوانمان چەندە ؟
ئەمشەو لە ئاسمانەوە بە دیار تانەوەم
بەیانی لەگەڵ خۆر هەڵات
لێتان نزیك ئەبمەوە
مەودا و دووری كۆتایی دێ‌
وەرزێك لێتان نزیك ئەبمەوە
وەرزیك نامۆ بەوەرزەكانی ساڵ
وەرزێك كە وەرزی ئازادی ناوە
وەرزێك كە وەرزی هەڵوەرینی باخێكی پڕلە ووشە بوو بۆم !
دێمەوە دیدەنیتان سەیری لاپەرە و ووشەكانی ئێوە دەكەم
بزانم چیتان هۆنیتەوە !

                                                                            
                                                      ************************************************************

Leave A Reply

Your email address will not be published.