سەردەشت عوسمان و مەرگێكی سوقراتیانە

هاوژین غەریب:hawzhin garib
 
چەند بەداخم هاوڕێم سەردەشت ئەوە دوو ساڵ تێپەڕی بەسەر مەرگی پیرۆزی تۆدا بەڵام ئەمانەی وڵاتی من، ئەوانەی كە هیچ بە كۆچی تۆ بێزار نەبوون، بەڵكو خۆشحاڵ بوون هیچیان نەكرد، ئەوان وتیان ئەوەی رای خۆی بە قوڵی و فراوانی دەرببڕێت بێگومان ئەنجامی سەردەشت ئەنجامی ئەوانیش دەبێت ئەوان بە تیرۆری جەستەی تۆ نەیانتوانی رۆحت بكوژن، من لەوە تێگەیشتم خەڵكی تا زەمەنێك چالاكی دەكات هەندێك هەن لەگەڵ موچەكەیان كەمبویەوە یەكسەر دەكەونە قسە كردن و پاش زیادكردنەوەی موچەكەی دەمی دادەخات، هەندێكیتر هەن دەتوانێت بۆ زەمەنێك روبەڕوی هەموو هێزە گەندەڵ و خیانەتكارەكان ببێتەوە، هەندێك هەن دەتوانن تا قۆناغێكی وڵات كار بكەن و رووبەڕوی نایەكسانی و كۆنەپارێزی ببنەوە. بەڵام زۆر كەمن ئەوانەی مرۆڤایەتی تا ئێستاش هێشتونیەتەوە و هەرگیز نامرن هاوڕێم … سەردەشتی ئازیز تۆ دەزانیت سوقڕات كە ئەسیناییەكان ژەهریان دەرخوادا بەڵام تا ئێستاش نەمردووە و هەر ماوەتەوە، زۆر كەمن ئەوانەی مرۆڤایەتی بەم شێوەیە هێشتونیەتەوە. هاورێم تۆ زۆر لەوانە زاترت كرد كە چالاكی ئەنجام دەدەن بۆ ئازادی تۆ مەرگەكەشت چالاكی بوو ئەوەتا ئێستاش چالاكی دەكەیت.
 
سەردەشت تۆ لە هەندێك رووەوە كامەرانیت كە ئەم چارەنوسەیان پێدایت چونكە ئەوان دەمرن و مێژوو پێیان دەڵێت ئەوانە خراپەكارەكانی رابردوو بوون ئەوانە ئەوانەبوون كە رۆڵەی ئەم گەلەیان تیرۆر دەكرد، ئەوانە ئەو كەسانەبوون كە هیچ بەخەم منداڵی خەڵكەوە نەبوون، هەر كەسێك قسەی بكردایە بە ئەنجامی سۆران و سەردەشت دەرۆشت، پێیان دەڵێت ئەوانە ئەو كەسانەن كە دەستیان بەخوێنی مرۆڤەكان سورە، بەڵام ئەی نوسەرانی مێژوو چی بەرامبەر مەرگی تۆ دەڵێن بێگومان ناتوانن بەرامبەر مەرگی تۆ وابڵێن بەڵكو دەڵێن گەنجێك لە دوای تەواوكردنی زانكۆ بەهیوابوو هاوسەرگیری بكات بەڵام بەهۆی ئەوەی گەنجێكی لێهاتوو گەنجێكی هێژابوو نەیدەتوانی چاو لە تابۆكان بپۆشێت قسەی لەسەر تابۆكانیش كرد، ئەو دەستی بۆ شتە قەدەغەكان برد لەسەر ئەوەی دەستی بۆ ئەو شتە قەدەغانە برد تیرۆر كرا.
 
هاوڕێم سەردەشتی هێژا… تۆ مەرگێكی سوقراتیانەت پێبەخشرا ئەوان هاتن ئەو چەكەی بەكارت هێنا كە لێوەكانت بوو هەر لەوێدا بە چەكەكانی خۆیان جەستەتیان تیرۆر كرد. سەردەشتی ئازیز ئەوان وایانزانی ئیتر بە كوشتنی تۆ دەنگێك نامێنێت بەرگری لە ئازادی بكات بەڵام لەدوای تۆ وەك خۆت پێشنیارت كردبوو كە خاڵەكەت دانا ئیتر هاورێكانت لەوێوە دەستیان پێكرد، ئەوان وەسێتەكەی تۆیان جێبەجێ كرد ئەوان نەیانهێشت دەنگی تۆ كپ بكرێت بەڵكو ئێستا بوویتە سوقرات ئەوانەی كە ژەهریاندا بەسوقرات دواتر زانیان چی هەڵەیەكیان كردووە بۆیە پەشیمان بوون لە كارەكەیان ئەوانەشی كە جەستەی تۆیان تیرۆر كرد دواتر زانیان چی هەڵەیەكیان كردووە ئەنجام زەرەرمەندی گەورە هەر ئەوان بوون، بێگومان بە مێژوو بە روونی بكەران دەستنیشان دەكات وەك چۆن پێشتر تیرۆریستانی دەست نیشان كردووە چونكە راستی شتێكە تاسەر ناشاردرێتەوە.
 
ئەزیزی من سەردەشتی هاورێم… لە سەر زەوی نەیانهێشت هەوایەكی ئازادی هەڵمژیت و بە دەنگی بەرز بڵێی من فڵانە كچ دەخوازم بۆ داهاتووم ببێتە هاوژینم، وەك چۆن نەیانهێشت بە دەنگی خۆت بڵێی ئێمە گەلێكی هۆشیار و ئاشتی خوازمان دەوێت ئێمە سیستمێكی دیموكراتیمان دەوێت ئەمڕۆ كە خاوەن ناوبانگ و مێژوی لەم سەر زەوینەی كە تیرۆریستان ژیانێكی هەژارانەشیان پێ ڕەوا نەبینیت و تیرۆریان كردیت، دڵێكی بچوكی دایە و بابە كە بە بینینی هاوسەرگیری تۆ خۆشحاڵبوون كپیان كرد و بۆ هەتا هەتا تۆیان لێسەندنەوە ئیتر ئەوان ئەمڕۆكە جگە لەو وێنانەی لەدوای خۆت بەجێتهێشتن، جگە لە چەند مەترە خاكەی لە گۆرستان وەك گڵكۆ بۆت بەجێ هێشتوون و ئێستا باوە عوسمان كردوویەتیە گوڵ و هەركەسیچك بیەوێت گوڵی جوان ببینێت دەبێت بچێتە سەر گۆڕەكەی سەردەشت عوسمان چونكە باوە بە باشی خزمەتی گوڵەكان دەكات. بەو هیوایەم لە ئاسمانەكاندا بتوانیت بە ئازادی خواستەكانی دڵی خۆت بڵێی، چونكە ئەوە خواستی هەموومانە كە ئەگەر لە خەونیشدا بێت ئازاد بین بەڵام كێن ئەوانەی ناهێڵن ئازاد بین؟ هاورێم بێگومانم تۆ دەزانیت كێن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.