سێهەمین ساڵ ڕۆژی تیرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان لە شاری یۆتۆبۆری سوید کرایەوە.

عەبدول قەرەگۆلی/ ٥/٥/٢٠١٣ یۆتۆبۆری.news-swed2013

لە وڵاتی سوید شاری یۆتۆبۆری بەبەشداری بەشیکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردی و بە سەرپەرەشتی کۆمیتەی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی و کۆمیتەی پشتگیری لە داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان سێیەمین ساڵ ڕۆژی تیرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان یان

کردەوە،کە تێیدا چەندین وتار و پەخشان و هۆنراوە و موزیکی کوردی پێشکەشکرا.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان و سەرجەم شەهیدانی قەڵەم دەستی پێکرد. پاشان وتاری مەراسیم خوێندرایەوە کە تێیدا ئاماژەیان بەوەکرد  پرۆژەکەی سه‌رده‌شت و ئاماده‌بونی ئێمه‌ش بریتی یە لە پرۆژەی گەڕاندنەوەی واتا بۆ وشەکان ، پرۆژەی کۆکبون لەسەر رێزگرتن لە ده‌نگه‌ جیاوازه‌کان . ڕاستە ئێمە گیرۆدەو قوربانی سیستەمێکین کە زۆرداری کردۆتە ئامراز بۆ مانەوەی خۆی و لەناوبردنی ناڕه‌زایی مرۆڤەکانیش هەتا دێ ڕوو لەهەڵکشانە …. بەڵام ئەم دەسەڵاتە لەوەبێ ئاگایە کە هیچ کات مردنی مرۆڤەکان ، مەرگی ناڕازی و ئازادی ناگەیێنێت بگرە نەمری ئازادی دەگەێنێت.
لە کۆتای وتاری ئامادەکاری مەراسیمدا ئاماژە درا بەوەی کە ٥/٥ بکرێت بە رۆژی ئازادی لە کوردستان.لە بەشێکی ووتارەکەدا هاتووە کە ئەم دەسەڵاتەی کەئەمڕۆ فەرمانڕەوای کوردستان دەکات ، به‌ڵێنی داوه‌ زۆرشتمان بداتێ ، ئامادەیە گفتی ده‌ستبه‌رداربوون له‌زۆر شت بدات به‌گوێمان دا ،ئەو لەبەخشین وتەخشان وپەخشانکردنی شتە بێ ماناکانی ژیان و گوایه‌ دانی بەئێمە گەلێک سه‌خی ته‌بیعه‌ت بووه‌. بەڵام تەنها یەک شت نەبێت کەئامادە نی یە بمانداتێ ، ئامادە نی یه‌ ناویشی بهێنین کە ئەویش ئازادی یە .
من عاشقی کچەکەی بارزانیم بە هەردوو  زمانی سویدی و کوردی خوێندرایەوە.
ڕوناکبیری کورد بەختیار عەلی لە ڕیگای پەیامێکەوە بەوبۆنەوە ئاراستەی مەراسیمەکەی کوردبو تێیدا ئاماژەی بەوەکرد بوو  هەر کاتێک سەیری مردنی سەردەشت بکەین، تەنیا لاشەی ئەو نابینینەوە، تەنیا کوشتنی ناهەقی گەنجێک نابینینەوە، بەڵکو ساتێکی مێژوویی بە هەموو ماناکانی دەبینینەوە. ئیدی سەروکارمان تەنیا لەگەڵ مردندا نییە، بەڵکو سەروکارمان لەگەڵ ئاوێنەیەکی گەورەدایە کە جگە لەوەی بکوژەکان دەموچاوی خۆیانی تێدا دەبینن، تەواوی مێژووش بە هەموو ناکۆکی و ئەگەرە کوژراوەکانی خۆیەوە تێیدا دەردەکەوێت.
هەروەها دەڵێت بکوژانی سەردەشت پەیامێکی ترسناک دەدەن بە گوێماندا کە ئێمە هێشتا لە ڕابردودا دەژین… هیچ داهاتویەک نیە و بەم زوانەش نابێت.

دواتر وتاری خانەوادە لەلایەن بەکر عوسمان برای سەردەشت عوسمانەوە پێشکەش کرا کەتێدا گوتی سێ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا جارێکی تر سەرکوتگەریی لە کوردستان پەردەی لەسەر ماهیەتی نامرۆڤانەی خۆی هەڵماڵی و لاوێکی دڵ پڕ لە ئومێدی لە ژیان بێبەش کرد. سەردەشت بووە ناونیشانی تراجیدیایەک کە سێ ساڵە خیزان و ئازیزانی ئەوی تیا دەژین. سێ ساڵە بکوژانی سەردەشت نەک تەنها ئازاد دەژین و خۆیان لە هەموو لێپرسینەوەیەک پاراستووە،بەڵکو بە هۆنینەوەی چیرۆکی ناڕاست و هەوڵی لە کەدارکردنی ڕابردووی سەردەشت پێ داگیری زیاتر لەسەر ئازاردانی هەموو ئەوانە دەکەن کە سەردەشتیان خۆش ویستووە،
لە بەشێکیتری وتەکەیدا گوتی دەسەڵات لە باڵاترین ئاستدا کاریان بۆ هۆنینەوەی  سیناریۆی جۆراوجۆر کردوە بە هەوڵی دڵسۆزانەی ئازادیخوازان و کەمپینی دەیان ڕێکخراو هەموی پوچەڵ کراوەتەوە. جارێکێتر پرسیارە گەورەکە لە بەردەم دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، گەورەتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر کەوتۆتەوە بەردەمی و بە پێداگریەوە داوای وەڵام دەکات: کوان بەرپرسانی تیرۆری سەردەشت؟ بۆچی ناناسێنرێن و دادگایی ناکرێن؟
لە کۆتاییدا گوتی ئەگەرچی ئێمە وەک خانەوادەی سەردەشت سەرەڕای گوشارێکی سەرسامهێنەر کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕوبەڕوی بووینەتەوە، دەستبەرداری مافی خۆمان نابین و هەمان خواست و دەعوای سێ ساڵ لەمەوبەرمان چەند بارە دەکەینەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەولێر دەبێ ئەوە زۆر باش بزانن کە لە یەکەمین ڕۆژەکانیشەوە سەردەشت لەوە تێپەڕیوە ڕۆڵەی بە ناهەق کوژراوی خێزانێکی کوردستان بێت، بەڵکو ئەو ڕۆڵەی هەموو ئازادیخوازان ومافخوازانی کوردستانە و هیچ کەس ناتوانێت دەستبەرداری مافی و خوێنی ئەو بێت.
دواترشاعیر گەورەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ژێرخانی شیعری چینایەتی و کرێکاری مامۆستا رێبوار (مصلح شێخ الاسلامی) بە شیعری بڤە بەشداری کرد،  کە تایبەت بۆ یادی سەردەشت عوسمان نوسیبووی.
هەرلە مەراسیمەکەدا وتاری هەریەک لە پارتی ژینگەی سوید و ڕیتڤیسە پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان بازنەی یۆتۆبۆری و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و پارتی چارەسەری و یەکگرتوی ئیسلامی و ڕێخراوی ئاشتی و دیموکراسی خوێندرایەوە. سەرجەمیان ئیدانەی تاوانەکەیان کردو دەسەڵاتدارانیان لەشاری هەولێر بە بەرپرسیار دانا و داوایان کرد پێویستە ڕێز لە یاسا بگیرێت و تاوانباران ڕادەستی دادگایەکەی سەربەخۆ و بێلایەن بکرێت.
پاشان خەڵاتی مەراسیم پێشکەشکرا و بۆ ئەمساڵ بەخشرایە کاک ئیسماعیل مەلا عەبدول پێشمەرگەی دێرین کە هەموو ژیانی خۆی بۆ ئازادی گەلەکەی بەسەر بردوە. ناو براو ئاماژەی بەوە کرد گەورەترین خەڵات لە ژیانمدا بەدەستم هێنابێت ئەم خەڵاتەیە کەهەرگیز نای گۆڕمەوە بە هەموو  سەروەت و سامانی ئەو کەسانەی بەنا یاسای لەسەر موڵک و ماڵی خەڵکی کۆیان کردوەتەوە
لە کۆتایدا ڕێکخەرانی مەراسیمی سێیەمین ساڵ ڕۆژی سەردەشت عوسمان ڕایان گەیاند لە شاری یۆتۆبۆری لە هەوڵی ناشتنی (نەمامی سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی) دان، کە بڕیارە لە هەفتەی ئایندەدا بنێژرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.