پەیامی بنەماڵەی سەردەشت عوسمان لە سێهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنیدا

لە سێهەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانداphoto (8)
سەردەشت ناونێشانی کۆڵنەدانە لە ڕێگای ئازادیدا

سێ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا جارێکی تریش سەرکوتگەریی لە کوردستان پەردەی لەسەر ماهیەتی نامرۆڤانەی خۆی هەڵماڵی و لاوێکی دڵ پڕ لە ئومێدی لە ژیان بێبەش کرد. سەردەشت بووە ناونیشانی تراجیدیایەک کە سێ ساڵە خیزان و ئازیزانی ئەوی تیا دەژین. سێ ساڵە بکوژانی سەردەشت نەک تەنها ئازاد دەژین و خۆیان لە هەموو لێپرسینەوەیەک پاراستووە، بەڵکو بە هۆنینەوەی چیرۆکی ناڕاست و هەوڵی لە کەدارکردنی ڕابردووی سەردەشت پێ داگیری زیاتر لەسەر ئازاردانی هەموو ئەوانە دەکەن کە سەردەشتیان خۆش ویستووە.
بەڵام سێ ساڵ دوای ئەو کارەساتە، خۆشەویستانی سەردەشت تەنها دایک و باوک و کەسانێک نین کە ئەویان لە نزیکەوە ناسیوە، تاوانکاران بە دڕندەیی تاوانەکەیان، بە ئیسراریان لەسەر تاوانەکەیان سەردەشتیان کردە خۆشەویستی هەموو ئازادیخوازان و سەرجەم خەڵکی شەریفی کوردستان.
سەردەشت سیمایەکە کە لەسەر زەمینەی ناکۆکیەکی چینایەتی زەق لە کوردستان دەرکەوتووە، هەر بۆیە ڕۆژ دوای ڕۆژ لەگەڵ فراوانبوونەوەی خەرەندی نێوان دەوڵەمەندان و هەژارانی ئەم وڵاتە سیمای گەش تر دەبێت. ئەو پێنوسێک بوو کە بۆ ئازادی و مافەکانی لاوە پەراوێزخراوەکانی ئەم کۆمەڵگایەی دەنووسی، هەر بۆیە لە سایەی سەرکوتێکدا کە تادێ گەورەتر دەبێت، هەموو ڕۆژێک لە ویژدانی خەڵکدا ئومێد بە ئازادی و بەرپەرچدانەوەی سەرکوت دەنووسێتەوە. سەردەشت ناونیشانی بوێری و بەرەنگاریە، بەرەنگاریەک کە ئەمڕۆ زۆر زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر مانا بە کەسایەتی و کەرامەتی جەماوەری کوردستان دەدات.سێ ساڵ بەر لە ئێستا سەردەشت خەونێکی بە یەکسانی و ئازادیەوە بینی، بەڵام ئەو تاوانکارانەی کە خەونە سادەکانیان بە گوللـەی ناودەم وەڵامدایەوە ئەویان کردە پاڵەوانی خەونی هەموو ئەوانەی ژیانێکی ئینسانییان دەوێت.
ئەمانە ڕاستی حاشاهەڵنەگرن و هەموو هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ئەم ڕاستیانە و لەباربردنی خەونی سەردەشت و سنوردارکردنی ئومێدەکانی جەماوەر هەوڵی نەزۆکن. بەڵام وا دیارە دەسەڵاتداران لە ئاست گەورەیی ئەم کێشەیەدا هێندە بێ دەرەتانن کە دەست و پێی خۆیان ون کردووە و سیناریۆی دادگاییەکی گاڵتەجاڕیانەشیان پێ بەڕێوە ناچێت. ساڵی پار ساڵێک بوو تیایدا هەموو ڕیسی پیلانگێڕانی دەسەڵاتداران بۆ لەکەدارکردنی ڕابردووی سەردەشت بوەوە بە خوری. کەیسێک کە لە باڵاترین ئاستدا کار بۆ هۆنینەوەی کرابوو بە کارو هەوڵی دڵسۆزانەی ئازادیخوازان و کەمپینی دەیان ڕێکخراو پوچەڵ کرایەوە. دووبارە پرسیارە گەورەکە لە بەردەم دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، گەورەتر لە سێ ساڵێش لەمەوبەر کەوتۆتەوە بەردەمی و بە پێداگریەوە داوای وەڵام دەکات: کوان بەرپرسانی تیرۆری سەردەشت؟ بۆچی ناناسێنرێن و دادگایی ناکرێن؟
ئومێدی ڕزگاربوون لە چەوسانەوە و ستەم و سەرکوت لە کوردستان لە خواستی بە سزا گەیاندنی تاوانکارانی تیرۆری سەردەشتدا یەکێک لە دەرکەوتەکانی خۆی نمایش دەکات. هەر بۆیە تا ئەو کاتەی بکوژانی ڕاستەقینەی سەردەشت و پیلانگێڕانی دەناسرێن و لە دادگایەکی سەربەخۆدا دادگایی دەکرێن، ناو و دیمەنی سەردەشت وەک مۆتەکە بەسەر سەری تاوانکاران و پارێزەرانیانەوە دەسوڕێتەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێین کە ئەگەرچی ئێمە وەک خانەوادەی سەردەشت سەرەڕای گوشارێکی سەرسامهێنەر کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕوبەڕوی بووینەتەوە، دەستبەرداری مافی خۆمان نابین و هەمان خواست و دەعوای سێ ساڵ لەمەوبەرمان چەند بارە دەکەینەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەولێر دەبێ ئەوە زۆر باش بزانن کە لە یەکەمین ڕۆژەکانیشەوە سەردەشت لەوە تێپەڕیوە ڕۆڵەی بە ناهەق کوژراوی خێزانێکی کوردستان بێت، بەڵکو ئەو ڕۆڵەی هەموو ئازادیخوازان ومافخوازانی کوردستانە و هیچ کەس ناتوانێت دەستبەرداری مافی ئەو و خوێنی ئەو بێت. ئازادی، مەدەنیەت و دادپەوەری لە کوردستان داوای بە سزاگەیاندنی بکوژانی سەردەشت دەکات، درەنگ یان زوو دەبێ ئەم خواستە وەڵام وەربگرێت و ئەم مافە بەدی بێت.

2013-05-04

Leave A Reply

Your email address will not be published.