بۆ کوشتنی سەردەشت، هەمیشە لە مێژوودا دەنگدەداتەوە ؟

بەختیار عەلی:Bextiar_Ali

هەندێک سەردەم هەیە، بە تاوانێکدا دەناسرێتەوە. نا لە بەرئەوەی ئەو تاوانە دەشێت گەورەتر بێت لە تاوانەکانی تری دونیا. بەبڕوای من هەموو تاوانەکان وەکو یەک گەورەن دەمێک پەیوەندیان بە ژیانی مرۆڤەکانەوە هەبێت. بەڵام لە ناکاو مردنێک وەک سەمبولی هەموو ئەو شتانەی لێ دێت کە کۆمەڵگایەک تیادەژی یاخود لێی دەترسێت، وەک سەمبولی تاوانێک کە ڕاستەوخۆ یان مەجازی دەبێتە ئاماژە بۆ کۆی تاوانەکانی تریش. لێرەوە کوشتنی سەردەشت تەنیا هەڵگری ئاماژە نییە بۆ ژیانی تاکە کەسێک بەڵکو زنجیرە مانایەکی گەورەتر لە خۆدەگرێت، خاڵێکە  تێیدا کۆمەڵە دیاردەیەکی دەرونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەیەکدا دەدەن،  واتە پەنجەرەیە بە مانا هەرە راستەقینەکەی بۆ سەر ڕووبەرێکی گەورەتر لە خۆی. یەکێک لەو شتانەی کە سەرنج ڕادەکێشێت ئەوەیە بۆ کوشتنی سەردەشت هەمووان تووشی شۆکێکی گەورە دەکات?. پێش سەردەشت و دوای سەردەشتیش کۆمەڵگای ئێمە هەمیشە کۆمەڵگایەکی مرۆڤکوژ بووە. کوشتن بەشێکی دانەبڕاوی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی  ئێمەیە، هیچ هێزێکی سیاسی و سیاسییەکی چالاک لە مێژووی ئێمەدا نییە دەستی بە خوێن سوور نەبووبێت. کە وایە هۆی چییە، مردنی سەردەشت بەوجۆرە شۆکمان دەکات?… چ تایبەتمەندییەک لەم تاوانەدا هەیە وادەکات وەک تاوانێکی هەرە ترسناک لە خەیاڵماندا نیشتەجێ بێت و ئاسان لەبیر نەبرێتەوە?. ئاخۆ هۆکەی ئەوەیە یەکەم تاوانە دوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ئۆرگانیزەکراو، یان وەک پارتییەکان دەڵێن مەبەست لە گەورەکردنی تەنیا دژایەتی پارتییە … هەر دوو تەفسیرەکە لای من زۆر سیاسی و ڕووکەش و لاوازن. شتێک لە تاوانەکەدا هەیە کە زۆر ترسناک دەریدەخات، شتێک وادەکات بیر نەچێتەوە، خسوسییەتێکی دەداتێ جیایدەکاتەوە لە هەموو تاوانە ناشیرینەکانی دیکەی مێژووی ئێمە، شتێک ترسێکی قووڵ و ناوەکی لە ناخی هەر یەکەماندا زیندوو دەکاتەوە. مرۆڤ دەتوانێت لە زۆر ڕووەوە لەم نهێنییە نزیک ببێتەوە، لێرەدا هەوڵدەدەم تەنیا یەکێک لەو هۆکارانە ڕوونبکەمەوە، کە وادەکەن کوشتنی سەردەشت تاوانێکی ناوازە بێت و ئەو هەموو مانا و ڕەمزانە لە خۆی بگرێت.

سەرەتا، شتێکی ڕۆمانسی قووڵ لە کاراکتەری قوربانیی و چیرۆکی لە ناوبردنی سەردەشتدا هەیە. سەردەشت «گەنجە، بێگوناهە، لاوازە، دەیەوێت ببێتە نوسەر، سەر بە بنەماڵەیەکی ئاساییە، خوێندکارە، خەونی هەیە … هتد»، واتە هەموو ئەو سیفەتانەی تێدایە کە دەشێت پاڵەوانێکی ڕۆمانسی پێویستی پێ بێت تا لەساتی مردنیدا سروشتێکی ئەفسانەیی وەربگرێت، دواتر تاوانەکە گەرچی کەس نەیبینیوە بەڵام هەموو کەس دەتوانێت فلیمی ڕووداوەکان بهێنێتە پێشچاوی خۆی، واتە تاوانێکی ڕوونە، تەماوی نییە، بەجۆرێکی ترسناک شەفاف و بینراوە. ئەم سیفەتانە کاراکتەرێکی تایبەت هەم بە سەردەشت و هەم بە مردنەکەی دەبەخشن. بە کورتی ڕاستە مێژووی ئێمە مێژووی کوشتنە، بەڵام سەردەشت وێنەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و ئاسان ناخرێتە ناو ئەو مێژووەوە، ئەو سەر بە نەوەیەکی ترە، وەک ئەوەیە بە کاراکتەری و خەسڵەتەکانی تەعبیر لە کەسایەتی گەنج بکات، گەنجێک کە هەموو گەنجێکی دی بەشێک لەو لەخۆیدا دەبینێتەوە. ڕوخساری گوزارشتە لە نەوەی دوای ڕوخانی سەدام حوسەین، لە نەوەی دوای جەنگی ناوخۆ، لە نەوەیەک جیاواز لە هەموو نەوەکانی پێشووتر پەیوەندییەکی توندی بەو ڕابوردووەوە نییە کە تا ئێستا لە یادەوری زۆربەماندا دەژی.

لە پەنجا ساڵی ڕابوردوودا مێژووی خەباتی سیاسی ئێمە، هەمووی بە ناوی زامنکردنی پاشەڕۆژەوە بووە بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەموو شەڕ و کوشتارەکان بۆ ئەوەبوون گوایە نەوەکانی داهاتوو باشتر بژین و ئازاد و خۆشبەختت تر بن. سەردەشت سەمبولی ئەو نەوەیە بوو کە دەبوو ئیتر لەبەری ئەو مێژووە بخوات، کوشتنی وەک کوشتنی داهاتوو وەهابوو، وەک ئەوەی یەکێک بڵێت داهاتوو جارێ گەلێک دوورە، ئەو نەوانەشی کە دەبێت لە بەرهەمی ئەو داهاتووە بخۆن هێشتا لەدایک نەبوون، کوشتنی سەردەشت دواخستنی هەتاهەتایی داهاتوو بوو. بکوژانی سەردەشت پەیامێکی ترسناک دەدەن بە گوێماندا، کە ئێمە هێشتا لە ڕابوردوودا دەژین … هیچ داهاتوویەک نییە و بەمزوانەش نابێت.

بەڵام ئەمە تەنها هۆ نییە کە وادەکات تاوانەکە بەوجۆرە بە مێژوو و بە یادەوریمانەوە بنوسێت. گەر ورد بڕوانین دەبینین، وێنەی سەردەشت وەک وێنەی قوربانییەکانی تری مێژووی ئێمە نییە… قوربانییەکانی تر بەشی هەرە زۆریان قوربانی جەنگ یان ململانێی حیزبی یاخود شەڕی ناوخۆن. هەر یەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان مۆرکێک و شوناسێکی سیاسیان هەیە، مرۆڤ دەتوانێت بەزۆریش بووە خانەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە و بیانخاتە ناو ئەو خانەیەوە. لای زۆرینەی کوژراوەکانی تری مێژووی ئێمە حیزبێک لە پشت بکوژ و کوژراوەکەوە هەیە، قوربانییەکان هەمیشە شەهیدی لایەنێکی سیاسیین، شوناسێکی ئایدۆلۆژییان هەیە. بەڵام لەگەڵ سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، نەوەیەک لە کوردستانی باشوور هاتۆتە دونیاوە کە کەم تا زۆر حیزبی نییە، گەنجانێک هاتوونە سەر شانۆ کە تەعبیر لە سەرهەڵدانی دنیایەکی نوێ و سەردەمێکی تازە دەکەن و دەیانەوێت هەموو شتێکی ژیانمان بەوجۆرە کۆنترۆڵ نەکرابێت و لە ڕکێفی دەسەڵاتێکی تەسکبیندا نەبێت. ئەمانە بوونەوەری بێ حیزبن، وەک خەڵکی سەردەمەکانی پێشووتر عەشرەتێک نییە شوناسی هەڵگرن، حیزبێک نییە ببن بە شەهیدی، بەڵکو گوزارشتن لە ساتێکی تاکبوونەوەی مرۆڤی کورد، ساتێک نەوەیەک تێیدا لەدایکدەبێت دەیەوێت لەو شوناس و ئینتیما کۆنانە پاکبێتەوە و دونیا بە جۆرێکی تر بژی. واتە جۆرە مرۆڤێکی تازەن، جۆرە مرۆڤێکن هێشتا بۆ شوناس دەگەڕێن، بۆ زمان دەگەڕێن، بۆ ئایدیا دەگەڕێن. هێشتا پاکی ساتەکانی یەکەمی خولقاندن دەژین. سەردەشت تەعبیرە لەو نەوەیەی کە لەو مێژووە جیابۆتەوە. نەوەیەک هێشتا تەواو نەبۆتە نەوە و کامڵ نەبووە و دونیای ئەزموون نەکردوە، هێشتا ڕۆحێکی نادیارە و تاک و تەرا لێرەو لەوێ لە هەندێک کەسدا وەک خواست، وەک ئایدیا، وەک خەون بەرجەستە دەبێت، نەوەیەک نایەوێت ئەو مێژووە دووبارەبکاتەوە، نوێنەری دابڕانێکە لە ڕابوردووی ئێمە.

هەموو هێزێکی تازە کە لە هەناوی مێژوودا لە دایکدەبێت، ساتەوەختییەکی پاکیی ڕەها و قووڵی هەیە، ساتەوەختێک هەستدەکات ئەو هەڵگری گوناهەکانی پێشوو نییە، هەستدەکات دەیەوێت ئەو پاکییەی لە مێژوو و سیاسەت زەوتکراوە دووبارە بیگێڕێتەوە. ئەم ساتە هاودەمی هەموو نەوەیەکە پێیوابێت دەتوانێت پەیامێکی هەبێت، هەموو نەوەیەک بۆ ئەوەی بتوانێت گوزارشت لەسەرەتایەکی تازەبکات، هەستێکی نوێی پاکی و بێتاوانی لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت. ساتی کوشتنی سەردەشت ساتی یەکەمی ئەو هەستەیە، هەوڵی یەکەمی گەڕانەوەیە بۆ ئەو پاکییە، نەوەیەکی نوێ کە هێشتا نازانێت یادەوەری سیاسی ئێمە و خەیاڵی سیاسی نەوەکانی پێشووتر بە چ جۆرێک ئیشدەکەن و بە چ توانایەکی ترسناکی تاوان بارکراون، نەوەیەکە هێشتا دونیا لە خۆیەوە دەبینێت، دەیەوێت لەوەوە جۆرە ئازادییەک بێتە کایە بارنەکرابێت بە هەموو بارگە پێشینەکانی خوێن و ترس.

لەگەڵ نەوەی سەردەشتدا تەواوی کۆمەڵگای ئێمە خەون بەسەرەتایەکی تازەوە دەبینێت، بە مێژوویەک تارماییەکانی رابوردوو تێیدا کاڵ ببنەوە، قۆناغێکە شەڕی ناوخۆ دوایی هاتووە، سەدام حوسەین ڕوخاوە، ئۆپۆزسیۆن لەدروستبووندایە… واتە زەمینەی خەون بینین بە شتێکی تازەو نوێیەوە لە هەموو کاتێک ڕەواتر و سروشتیترە، سەردەشت تەعبیرە لەو ساتەوەختە، تەعبیرە لەو خەونە کە هێشتا نەیتوانیوە تەواو شێوەی خۆی بدۆزێتەوە. لێرەوە کوشتنی سەردەشت، کوشتنێکە هەڵگری چەندین ڕەهەندی ڕەمزییە، هەم کوشتنی ئەو پاکییەیە کە ئەم نەوە تازەیە هەڵیگرتووە، هەم کوشتنی ئەو توانا تازەیەیە لەسەر ئومێد و گۆڕان و خەونبینین کە کۆمەڵگای ئێمە دەیەوێت تاقیبکاتەوە. واتە کوشتنێک نییە وەک هەر کوشتنێکی تر، بەڵکو کوشتنێکە لێکترازانی دوو زەمەن و دوو نەوە و دوو جۆرە هەستکردن لە یەک بەرجەستەدەکات.  مێژووی ئێمە پڕە لە کوشتن، بەڵام کەم کوشتنی تێدایە بەو ڕوونییە هێڵی جیاکەروە بێت لە نێوان دوو قۆناغی جیاوازدا. کاریگەریی گەورەی تاوانەکە لەوەدایە کە تاوانێک نییە دژ بە کەسێکی دیاریکراو، بەڵکو تاوانێکی سەمبولییە دژ بەو ساتە سەرەتایی و پاکەی کە تێیدا ئەگەرێکی نوێ دێتە پێشێ. سەردەشت لە زیاد لە گۆشەنیگایەکەوە ڕەمزی ئەو پاکییە زەوتکراو و ئەتککراوەیە. کاریگەریی تاوانەکە لەسەر هەمووان ترسناک و گەورەیە چونکە لە ساتێکدایە کە هەمووان تینووی گەڕانەوەی پاکین بۆ سیاسەت، خەونێکی گەورە هەیە لە ناخی زۆربەی مرۆڤەکانی کورددا کە ئەم گەڕانەوەیە کارێکی ئەفسانەیی نییە، ڕیفۆرم و گۆڕانکاری بە شێوەیەکی سروشتی و ئاشتیخوازانە ئاسایی و چاوەڕوانکراو دەنوێنێت، کەس لەو باوەڕەدا نییە هێزێک هەبێت وەها ئاسان دەست بۆ شکاندنی ئەو خەونە گەورەیە بەرێت. کوشتنی سەردەشت ساتی بەریەککەوتنی خوێنینی ڕۆحی پیری کۆمەڵگایە لەگەڵ ڕۆحی گەنجدا، ساتی بەریەککەوتنی ئەوپەڕی دڕندەییە لەگەڵ ئەوپەڕی پاکی «بە مانا ئینشایی و بەلاغییەکەی نا، بەڵکو بە مانا مێژوویی و واقعییەکەی»، ساتی بەگەڕکەوتنی مەکینەیەکی سیاسی و عەسکەری و میدیایی ترسناکە دژ بە بوونەوەرێکی تەنها و لاواز و بێپاڵپشت. ساتی لێکترازانی تەواوەتی ئەوەیە کە هەموو شتێکی هەیە، لەگەڵ ئەوەی هیچ شتێکی نییە، ساتی جیابوونەوەی تاوان و کوشتنی مەنتیقییە لە کوشتنی نامەنتیقی. … بە کورتی ساتی زەقبوونەوەی هەموو دیوە ناکۆک و پارادۆکسەکانی کۆمەڵگای ئێمەیە لەسەر جەستەی بچوک و لاوازی تاکە لاوێکدا.

هەر کاتێک سەیری مردنی سەردەشت بکەین، تەنیا لاشەی ئەو نابینینەوە، تەنیا کوشتنی ناهەقی گەنجێک نابینینەوە، بەڵکو ساتێکی مێژوویی بە هەموو ماناکانی دەبینینەوە. ئیدی سەروکارمان تەنیا لەگەڵ مردندا نییە، بەڵکو سەروکارمان لەگەڵ ئاوێنەیەکی گەورەدایە کە جگە لەوەی بکوژەکان دەموچاوی خۆیانی تێدا دەبینن، تەواوی مێژووش بە هەموو ناکۆکی و ئەگەرە کوژراوەکانی خۆیەوە تێیدا دەردەکەوێت… بە کورتی لاشەی سەردەشت تەنیا لاشەی خۆی نییە، بەڵکو لاشەی ئەو خەونە مێژووییانەشە کە تەواوی کۆمەڵگا هەیەتی، بۆیە هێندەی کەسێک باس لە مردنی خەونێکی خۆی دەکات، لاشەی سەردەشت وەک شا نیشانە بۆ هەموو مردنەکان، دێتەوە یادمان و دەکەوێتەوە سەر زارمان. لاشەی سەردەشت ئەو نیشانەیەیە کە ئیدی لە ڕێگای مانای مردنی ئەوەوە، مەرگەکانی دی بۆ نیشانە و مانای خۆیان دەگەڕێن. ئەو مردنەیە کە بەجۆرێک لە جۆرەکان هەموو مردنەکانی تر خۆیانی پێدا هەڵدەواسن، تا بەجۆرێک لە جۆرەکان لەودا وێنەی خۆیان بدۆزنەوە. ئەوەش دەیکات بە مردنێک نەوەک لە یاد ناچێتەوە، بەڵکو لەگەڵ هەموو مەرگێکی سیاسیدا دووبارە و سێ بارە و بۆ هەتاهەتایە زیندوودەبێتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.