نامەيەك بۆ سەردەشت عوسمان!

هاورێم سەردەشت…002
ئەم سال لە كۆلێژى ئادابى زانكۆى سەلاحەدين وەرگيرام، واتە هەمان كۆلێژى هەمان شار كە تۆ تێيدا دەتخوێند، بەلام تەنها بەشەكانمان جوداوازە …
من هێشتا دەوامم لەو كۆلێژە دەستى پێ نەكردووە، بەلام هەر لە ئێستاوە حەوسەلەى دەوامكردن و خوێندنم نييە تێيدا، بۆيە بە پێويستم زانى ئەم نامەيە بنووسم، و لە رێگەى ئاسمان سێلەوە بۆ تۆى بنێرم :
هاورێم … من هێشتا نەمردووم، بۆيە نازانم لە دواى مردن چى روودەدات، بەلام هاورێ ئەگەر لە دواى مردن جيهانێكى تر بوونى هەيە، مەبەستم جيهانى ئاسمانەكانە، ئەوا تۆ لەو جيهانەدا، داوا لە خوداوەندان بكە كەوا زانكۆيەكمان بۆ درووست بكەن، و لەو زانكۆيەدا هەر لە تەنيشتى خۆتەوە كورسييەك بۆ منيش بگرە، و مەهێلە كەس لێى دانيشێت، چاوەرێم بە بەمزووانە جەلادەكان منيش دەنێرنە لاى تۆ، سەفەرم بەرەو لات زۆر ئاسانە، ئەوان (جەلادەكان) خۆيان هەموو شتێكيان رێكخستووە، خۆيان پليت و ڤيزام بۆ دەبرن، مەبەستم ڤيزاى ئاگرە، ئەوەى لەسەر منە تەنها ئەوەيە لەو كاتەى دەمفرێنن بۆ كونجێكى تاريكى حەشارگەكانيان، لەو دەمەدا كەوا شەقبارانم دەكەن، تفێك لە روويان بكەم، و جوێنێك بنێرم بۆ ئاغاكانيان، ئيتر ئەوان هەر خۆيان دەروون نەخۆشن، يەكسەر بە فيشەكێك دەمنێرنە لاى تۆ، و لە كۆل ئەم ژيانە بێ نرخ و تاريك و پيسەم دەكەنەوە …
هاورێم سەردەشت … بەر لەوەى بێمە لات، لەسەر رێگەى خۆم دەچم پەيامى دايك و خۆشەويستت بۆ دەهێنم، وەها ديارە لەم نيشتمانەدا، دوو سال جارێك جەلادەكان سەردەشتێك دەنێرنە ئاسمان، تۆ بلێى دواى دوو سالى تر كام سەردەشتە پەيامى دايك و خۆشەويست بۆ من بهێنێت، هەروەك ئەمن ئێستا بۆ تۆى دەهێنم …
هاورێم لە دواى مردنى تۆ، ئێستا نەوەيەك درووست بووە، هەموويان زەردەشتێكن بۆ خۆيان، زۆر دلنيام بەو ناردنە ئاسمانەى زەردەشتەكان، دواى چەند سالێكى تر، ئێرە دەبێتە نيشتمانى زەردەشتەكان…
بۆيە هاورێم لە زانكۆكەمان كورسييەكم بۆ بگرە، و چاوەرێم بە وا هاتم، دلنيا بە جەلادەكان ناهێلن زۆر چاوەرێ بيت، و لە نزيكترين دەرفەتدا دەمنێرنە لات … بۆيە چاوەرێم بە وا هاتم … بۆيە چاوەرێم بە وا هاتم … چاوەرێم بە …
برا و هاو كۆلێژت : ئەهمەد كەيفى

Leave A Reply

Your email address will not be published.