(دەقی راگەیاندراوی رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لەئازادی لەیادی رۆژنامەگەری کوردییدا ..)

دوای ١١٥ ساڵ،هێشتا سەرەتاترین ماف و ئازادییەکان لەژێر پرسیاردان !logorekxraw
ئەمڕۆ ١١٥ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دەرچونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی،زیاتر لەسەدەیەک تێپەڕدەبێت بەسەر ئەزمونی مێدیای کوردی بەئامانجی گەیاندنی زانست و زانیاری بەخەڵک،بەڵام بەداخەوە وەزعیەتەکە نەک هەر لەچاوەڕوانی خەڵک و رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان نەبو،بەڵکو خەڵکی کوردستان و رۆژنامەنوسانی دووچاری شۆکێک کردوە و دەستدرێژی و پێشێلکارییەکان رۆژانە بەشێوازی جیاواز چەندبارە دەبێتەوە،بێجگە لەمەش لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیەوە کە سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەیان لەبەردەستایە، بەشێکی زۆری بواری مێدیا و راگەیاندن تەرخانکرا بۆ چەواشەکاری و ئاوەژووکردنەوەی راستیەکان و بەرگری لە خروقات و پێشێلکارییەکانی دەزگا ئەمنیەکان،بەمەش سیستەمێکی مێدیایی ناتەندورست و بێ سەروبەرەیان لەکۆمەڵگا چێکردوە .
 لەهەمان کاتیشدا زیاتر لە ٢٢ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر بەدەسەڵات گەیشتنی دەسەڵاتی کوردی کە دەریایەک خوێنی لەپیناودرا بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و کۆتایهێنان بە ستەم و چەوساندنەوە،سەدان قەڵەم بەدەسەت خوێنی خۆیان کردە کاسەوە، هەزاران گەنج و لاو و پیر و پەککەوتە سینگی خۆیان کردە قەڵغان بۆ ئەوەی نەوەکانیان بە ئازادی بنوسن و بخوێنەوە و دەستیان بگات بە زانست و زانیاری و رەفاهیەتەکانی ژیان، بەڵام بەداخەوە دوایی ئەو مێژوە درێژە،دوای ئەو هەمو قوربانیە،هێشتا نەک سەرەتاترین ماف و ئازادییەکان لەژێر پرسیاردان، بەڵکو لەسەر ووتنی ووشەی ماف و ئازادی سەردەشت و سۆرانەکان گوللە دەنێرن بەدەمیانەوە، رۆژنامەنوسان و دەزگاکانی راگەیاندنی دەستیان ناگات بە کەمترین زانیاری،پەیامنێران و کامێرەمانەکان دەکەونە بەر رەحمەتی قۆناغە تفەنگەکانی کڵاش لەپێکان،هەزارەها ملیۆن دۆلار لە قوتی خەڵک بۆ شێواندنی راستیەکان تەرخان دەکرێت ،ئامار و راپۆرتەکانی رێکخراوە جیهانیەکان لەم بوارەدا جێگای دڵخۆشی نیە .
 ئێمە لەرێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لەئازادی،لەیادی دەرچونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی،وێڕای پیرۆزبای لە نوسەران و رۆژنامەنوسان و قەڵەمە ئازا و بوێرەکان و پاڵپشتی و هاوکاری دەزگا راگەیاندنە ئەهلی و ئازادەکان ئەوانەی کە پەیامی راستی بەخەڵک دەگەیەنن، لەهەمانکاتیشدا داواکارین دەسەڵاتدارانی کوردستان دەست هەڵگرن لە سەرکوت و زیندانی و دەمکوتکردنەوەی رۆژنامەنوسان و نوسەران،لێدان وئیهانە و سوکایەتی کردن بە شەخصیات و کەرامەتیان و تۆمەت و سیناریۆی جۆراو جۆر بۆیان ،ئەمەش دوپات دەکەینەوە هەمو هەوڵەکان ناتوانێ بەربگرێت بە شەپۆڵی پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان تێنویەتی خەڵک و دەستڕاگەیشتنیان بە زانست و زانیاری،ئێمە لەپاڵ ئازادیخوازانی دنیا راوەستاوین بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی و ئیداری مۆدێرن و پێشکەوتو کە ماف و ئازادییەکانی نوسەران و رۆژنامەنوسان پارێزراو بێت .
 
رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
 
http://www.sardashtosman.com/
 https://www.facebook.com/groups/sardasht2010

Leave A Reply

Your email address will not be published.