بەیتێکی سوێر ،،،، پشکەشە بە دایکی سەردەشت عوسمان
پشکەشە بە دایکی سەردەشت عوسمان
دایک !
بگری بائاسمان هەلقرچێ ،
بگرێ باهەور لەخەمدا عارەق بەسەر زەویدا بکاتەوە ،
بگری با دەریا وشک کات ،
بگری و ئاو لەهیج جیگایەک مەهێڵە و هەمووی بکە بەفرمێسکی خۆت ،
چاوەکانی تۆ دەبێ رۆژێکی ( ساڵ ) یان هەبێ بۆ فرمێسک ،
دەبا زەوی ئەمرۆ ئاوی لێ ببرێ ئاو !
با جگە لەچاوەکانی تۆ ، ئەمرۆ لەیەک شوێنی گێتی دا ئاو نەمێنێت ،
با زەریاکان بێ ئاو و تەنیا هەر خوێ بن
با ئاوە شیرینەکان گشت سوێربن تۆ نازانی ؟
گەر تۆ گریای زەوی ، چۆن ئەبێ بە دەشتێکی سپی پڕ خوێ ؟
گەر تۆ گریای مەلەوانگە و ئاوی گۆزە و نافورەی کۆشکەکەی سەرۆک چۆن سوێــــــــــــــــــــــــرە بێ ؟!
بگری با زەوی بێتە ( پرس – ە )*ەوە ،
بگری باچاوەکانی زەردەپەر سوور هەڵگەڕێن ،
بگری با لەگەل تۆدا ( با ) بگری ،
دەبگری با (باران ) بگری ، تف هەڵدە ،
با تەرزە خۆی بکێشێ بە ناوچاوی پیاوکوژا ،
تۆ لەخۆت بە ؛
با دەهۆلی یاساش خۆی با بە سنگی دادگادا ،
خۆت برنەوە دەبا پایز پرچی جەلاد برنێتەوە ،
لە خەم دا سەرت سپی کە ، دەبا زستانیش لە ( تاوان )** دا پیر پیر پیربێت،
بگری با هاوین لە قرچەی جەرگی تۆدا بسوتێ،
وەک چۆن نەیار تۆی بە قرچەی گەرم سوتاند بگری دە بگری هەر بگری ،
بەشکە *** رۆژێک تەمەنی سەرۆک لە شەرما کشایە دەشتی پێتەوە ،
وەک چۆن تەمەنی کوڕەکەی تۆیان کشاند !
تۆ بەیتی واوەیلێ بلێ و دەبا ژنانی حیزب لەدەوری تۆ راوەستن و سنگیان بکوتن ،
وەک چۆن پیاوەکانی حیزب یەخەی تۆیان بەخۆت دراند ،
( بەش ) ****کە ئێ ئەمە بەشکە* و ؛ دە ( بەش) کە !
خەمت لەگەڵ سەنگ دا ( بەش ) کە خۆهیچ نەبێ کچەکەی ( سەرۆک )*****ئەزانێ ،
ئالەوێدا سەرۆکەی تۆ راکشاوەو چەند هێندەی ( وشکانی ) ئەو وشکە ! چاوی تۆش هیندە بەئەشکە ..!
*١ تێبینی ئەو وشانەی ناوکەوانەکان دوو واتا دەبەخشن بەشئیوەیەکی مەجازی دام رشتوە تکایە
* ( پرس ) ە : لێرە بە دوو مانا دام رشتووە هەم مانای پرسە و تازیەباری ، هەم بە مانای پرس و بەدواداچوون
** ( تاوان )
** لیرە بە دوو مانا دام رشتووە تاوان بەمانای تاوان و خراپەکاری ، وە با مانای لە تاوان دا واتە لە حیبەت ، لە حەسرەت . ( بەشکە)
*** بە مانای بەلکو ****( بەش ) کە ، بە مانای هاوبەشی پیکردن ، بەشدانی خەم بەوانی تر .
***** سەرۆک لە نیوە دیری یەکەم ، بە مانای بارزانی و لەنیوە دێری دووەمدا بە مانای نازناوەکەی سەردەشت عوسمان دێت ، چونکە نازناوی سەردەشت عوسمان ( سەرۆ) بوو
کەژال نوری ٥ ئایاری ٢٠١٢ \\ هۆلەندا