مانشێت: دۆسیەی شەهیدانی قەڵەم دۆسیەی ئێمەیە بۆیە تاسەر داکۆکی لێدەکەین

sardasht osman (70)به‌بۆنه‌ی ساڵ ڕۆژی شه‌هیدکردنی ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، ماڵپه‌ڕی (مانشێت) به‌یاننامه‌یه‌ک له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاو ده‌کاته‌وه‌، هاوکات داوا له‌ کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی ده‌کات که‌ بەزووترین کات ئەم کابینەیە ئەوە بۆ خەڵکی بسەلمێنێت کە بە کردار جیاوازترە و ئەم تاوانە گەورانە ئاشکرا بکات،

 (مانشێت) ده‌شڵێت: ئێمه‌ لە ماڵپەڕەکەمان دۆسیەی شەهیدانی قەڵەم (سەردەشت عوسمان) و (سۆران مامە حەمە) بە دۆسیەی خۆمان دەزانین و بە ئەرکی ئەخلاقی و پیشەیی و مرۆڤی و نەتەوەیی خۆمانی دەزانین هەموو داکۆکیەکیش بکەین لەو پێناوەدا بۆ ئەوەی ئەو دۆسیانە ئەنجامێکیان هەبێت.
 
ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌که‌یه‌:
 
دۆسیەی شەهیدانی قەڵەم دۆسیەی ئێمەیە بۆیە تاسەر داکۆکی لێدەکەین
 
“ڕۆژی ٤-٥-٢٠١٠ لە بەردەم زانکۆی سە‌ڵاحەدین لە شاری هەولێر ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، کە خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی بوو، لە لایەن ژمارەیەک چەکدارەوە دەڕفێندر‌ێت و دوای دوو ڕۆژ لە (6/5/2010) لە پارێزگای موسڵ تەرمەکەی‌ دەدۆزرێتە‌وە‌، کە دوو فیشەک نراوە بە ناو دەمیەوە”.
 
ئەم دێڕانەی سەرەوە داستانی کورتی گەنجێکی هەولێرە کە ناوی سەردەشت عوسمانە و  تیایدا بووە قوربانی… قوربانییەک کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان‌ نەک هەر لەگەڵی ئاشنان‌‌، بەڵکو بە براو کەس‌ و ئازیزی خۆیانی دادەنێن و بە سمبوڵی ئازادی‌ و نەترسی‌ قەبوڵیان کردووە. لەکاتی فڕاندنی لەناو شاری هەولێر و لەبن دەستی هێزە ئەمنیەکانی ئەو شارە کە ناهێڵن هیچ کەسێک سەر هەڵبڕێت فڕێندرا و دواتر تیرۆریان کرد تیرۆرکردنەکەی لەسەر ئاستی هەموو کوردستان وەک جووڵانەوەیەکی فراوانی کۆمەڵایەتی بۆ ڕیسواکردنی ئەو تاوانە خەڵکی هاتنە مەیدان ‌و یەکپارچە داواکار بوون بکوژانی سەردەشت‌ و ئەوانەشی ئەندازیاری داڕشتنی پیلانی تاوانەکە بوون لەدادگایەکدا سزای یاساییان بەسەردا بدرێت. دواتر دۆسیەکەی لە ئاستی جیهاندا دەنگیدایەوە و چەندین ڕێکخراو و کەمپین‌ و لیژنەی داکۆکیکار لە دۆسیەی سەردەشت عوسمان پێکهات ‌و تەنانەت ڕێکخراوە بەناوبانگەکانی جیهان لەسەری هاتنە دەنگ‌ و تاوانەکەیان مەحکوم و شەرمەزار کرد.
 
دوو ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا تێپەڕ دەبێت دۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسمان هەر بەکراوەیی ماوەتەوە و هیچ شتێکی نوێی تیادا نیە خێزان و هاوکاران و هاوبیران و هاوڕێیانی شەهید ئەو کەسەی گیراوە لەسەر ئەو دۆسیەیە رەت دەکەنەوە و باوەڕیان وایە کە ئەو کەسە بکوژی راستەقینەی سەردەشت نیە و پێویستە بکوژ و پیلان داڕێژەرەکە دەستگیر بکرێت. ئەوە لە کاتێکدا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا یەکەمین دانیشتنی دادگا بۆ ئەو دۆسیەیە بەڕێوەچوو لەدوای دوو ساڵ لە تیرۆری ئەو گەنجە چاونەترسە، جێی خۆیەتی لە هێزە ئەمنیەکان بپرسین بۆچی ئەو تیرۆریستانەی کە هەردوو حزبی باڵادەست دەیانەوێت لە زووترین کاتدا داڕێژەری پیلانەکە و ئەو کەسەی پیلانەکەی جێبەجێکردووە ئاشکرا بکەن دەیکەن و بەڵام دۆسیەی شەهیدانی قەڵەم تا ئێستاش بە فەرمی نازانرێت کێ داڕێژەری پلانەکەیان بووە و کێ بکوژی راستەقینەی ئەوانە.
 
ئێمە لە ماڵپەڕی (مانشێت) زۆر بە روونی و بە سادەیی پێشنیاری ئاشکراکردنی پلان داڕێژەرانی دۆسیەکەی شەهیدانی قەڵەم (سۆران و سەردەشت) کە ماوەیەکی درێژ بەسەر تیرۆر کردنەکەیاندا تێپەڕیوە، دەخەینە بەردەمی کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی، بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەم کابینەیە ئەوە بۆ خەڵکی بسەلمێنێت کە بە کردار جیاوازترە و ئەم تاوانە گەورانە ئاشکرا بکات، چونکە دەبێت ئەو راستیە تاڵە بڵێین کە خەڵکی بە نافەرمی هەموو پەنجەی تۆمەتی ئەو تاوانەی بەرامبەر سەردەشت کراوە بۆ حزبەکەی سەرۆکی ئەم کابینەیە درێژ دەکەن چونکە ئەو حزبە دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیەیە کە تاوانەکەی تێدا ئەنجامدراوە، بۆیە بە ئاشکرا کردنی ئەم دۆسیانە ئەو تەمە دەڕەوێتەوە کە کابینەی سەرۆکی حکومەت و حزبەدەسەڵاتدارەکەی هەولێریش چەقیان بەستبێت.
 
وەک هەموو ناوەندە جیهانیەکانیش دەزانن شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان، لەلایەن چەند چەکدارێکی شارەزاوە بە ڕۆژی ڕووناک لە هەولێرەوە فڕێندراوە و لە موسڵ تیرۆرکراوە، لێرەدا ئەم رووداوە ئەوەمان پێدەڵێت کە هێزە ئەمنیەکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا لە ئاستی زۆر خوارەوەدایە و ناتوانرێت بەشێوەیەکی باش ئاسایشی ئەم وڵاتە بپارێزرێت لە دەستی تیرۆریستان، چونکە تیرۆریستان هەر کەسێکی بێ پاسەوانیان بوێت دەیفڕێنن و تیرۆری دەکەن، بۆیە ئەمەش مەترسیەکە بۆ هەموو ئەو خەڵکانەی کە بەرپرس نین و پاسەوانیان نیە بەڵام ئەوەی جێگای پرسیاری ئێمە و هەموو خەڵکیشە بۆچی هێزە ئەمنیەکان لەبەرامبەر خۆپیشاندانەکان و چالاکیە مەدەنیەکان زۆر ئاکتیڤن؟.
 
ئێمە لە ماڵپەڕەکەمان دۆسیەی شەهیدانی قەڵەم (سەردەشت عوسمان) و (سۆران مامە حەمە) بە دۆسیەی خۆمان دەزانین و بە ئەرکی ئەخلاقی و پیشەیی و مرۆڤی و نەتەوەیی خۆمانی دەزانین هەموو داکۆکیەکیش بکەین لەو پێناوەدا بۆ ئەوەی ئەو دۆسیانە ئەنجامێکیان هەبێت، چونکە دۆسیەی ئەم شەهیدە بە ناهەق تیرۆرکراوانە جگە لە بەشێکی رۆژنامەنوسان و چالاکانی مەدەنی و خەڵکانی نا حزبی هیچ کەسێکیتر داکۆکی کاریان نیە، ئەو شەهیدانە لە سەنگەری هیچ حزبێکی سیاسیدا شەهید نەکران تا لایەنێک بیانکاتە شەهیدی خۆی و ئیتر لەوێدا خاڵی کۆتایی دابنرێت، ئەوانە حزبەکەیان و بیرکردنەوەیان هەڵوێستیان هەمان ئەو شتەیەکە رۆژنامەنوسانی تر هەوڵی بۆ دەدەن بۆیە ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە داکۆکی بکەین لەو دۆسیەیە وەک چۆن بە ئەرکی هەموو رۆژنامەنوسێکی دەزانین، چونکە ئەوان موڵکی رۆژنامەنوسان بوون نەک هێزێک و لایەنێک. 
 
–    نەفرەت لەو دەستانەی قەڵەم تیرۆر دەکەن
 
–    رسوایی بۆ ئەوانەی بەرگری لە یترۆریستان دەکەن
 
 ماڵپەڕی مانشێت
 
3/5/2012

Leave A Reply

Your email address will not be published.