مه‌سیح و سه‌رده‌شت له‌یه‌ك ده‌چن!
له‌وه‌ته‌ی هه‌م هه‌میشه هه‌ست ده‌كه‌م ئازادی له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا هه‌ر قه‌ده‌قه بووه، مرۆڤه‌كان نه‌یانتوانیوه به ئازادی بیرورای خۆیان بڵێن، نه‌یانتوانیوه باس له‌عاشقبونی خۆیان بكه‌ن، نه‌یانتوانیوه باس له‌كۆیله‌ی بوونی مرۆڤ بكه‌ن، نه‌یانتوانیوه به ئازدانه بڵێن ئێوه
ده‌تانه‌وێت بمان گه‌وجێنن و هه‌میشه ویستان ئه‌وه‌بووه به‌ره‌و به مێگه‌ڵبونمان ببه‌ن، ئه‌وه ئێمه‌شین ئێوه ده‌كه‌ین به‌و دێوه‌زمه‌ی هه‌میشه به‌دوای كوشتنی ئازادییه‌وه‌یه، چونكه ده‌ست له‌سه‌ر سنگ ده‌وه‌ستن و به‌قه‌د په‌رستن ئه‌نوشتێنه‌وه بۆ جه‌نابی شێخ! ئه‌وه ئێوه‌شن به پاره‌ی خۆمان تفه‌نگ ده‌كڕن و پیاوی كرێگرته ده‌گرن و ده‌شمانكوژن، به‌ڵام به‌كوشتنی هه‌ر یه‌كێكمان سه‌دانی تری هاوشێوه‌مان دروست ده‌بێت! هه‌زارانی تر له‌بچوكی ئێوه تێده‌گات، به‌ڵام داخه‌كه‌م كه‌سانێك هه‌ر به هه‌مان كۆیله‌یه‌تی سه‌رده‌می جه‌هل كڕنۆش ده‌بات بۆ ئه‌وه‌ی له‌خزمه‌تی شێخه‌كه‌ی بنوشتێته‌وه!.
دوو ساڵ به‌سه‌ر تیرۆركردنی شه‌هید “سه‌رده‌شت” تێده‌په‌ڕێت و تائێستاش بكوژه‌كه‌ی نه‌گیراوه‌و نه‌زانراوه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا پیاوێكی گیراوه كه خۆی وتویه‌تی من كوشتومه، به‌ڵام له‌دوو مانگی رابوردودا ئه‌و پیاوه كراوه به بكوژی سه‌رده‌شت له‌به‌رده‌م دادوه‌ر وتی: دوو ساڵه من گیراوم! له‌كاتێكدا دوو مانگ بۆ رۆژی شه‌هیدكردنی سه‌رده‌شت مابوو، سبحانه‌لله ده‌بێت ئه‌و پیاوه پێشتر تیرۆری كرد بێت و ئیزنیشی هه‌بووبێت سه‌رده‌شت بۆ ماوه‌ی دوو مانگی تر له‌گه‌ڵمان بمێنێته‌وه!!! ئه‌وه‌ی تائێستا له‌ئاستی كه‌یسی سه‌رده‌شت به كه‌مته‌رخه‌م و بێده‌نگ بزانم سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستانه، چونكه سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌و كات ده‌بوو كه‌یسی سه‌رده‌شتی یه‌كڵایی بكردابوایه‌وه، ته‌نانه‌ت ده‌بوو خودی سه‌رۆكی حكومه‌تی ئه‌و كات”د. به‌رهه‌م” له‌م كه‌یسه بێده‌نگ نه‌بوایه، چونكه تیرۆركردنی سه‌رده‌شت تیرۆركردنی هه‌موو كۆمه‌ڵگا بوو، تیرۆركردنی زمانی ئاشتی و ته‌بایی و له‌یه‌كترگه‌یشتن و ئازادی و دیموكراسی بوو، كوشتنی هه‌موو به‌ها جوانه‌كانی مرۆڤایه‌تی بوو، كوشتنی یه‌كه‌م خالی وه‌چه‌رخانی ئازادی و یه‌كسانی و دادپه‌وه‌ری و دیموكراسی بوو، سه‌رده‌شت هات پێیوتین بۆچی عاشقبون گوناه بێت، بۆچی كۆیله‌یه‌تی به‌رده‌وام بێت، بۆچی مرۆڤه‌كان هێنده پیرۆز بكرێن و به‌قه‌د خوا بپه‌رسترێن، هه‌زار و یه‌ك شتگه‌ڵی تری پێوتین، به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌ت رۆیشتوو كه‌یسی سه‌رده‌شت هه‌ر وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه!!!. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی “سه‌رۆ” ده‌نگی بۆیدا هه‌قوایه له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان خۆی هه‌لبواسێت و شه‌رم بكات له‌وه‌ی تائێستا هه‌ناسه ده‌دات، چونكه له111 په‌رله‌مانتار كه به‌نوێنه‌ری میلله‌ت ناسراون هیچیان ئاگادار نین و نه‌یانتوانیوه ئه‌و پیاوه ببێنن كه ئێستا خۆی كردوه به پاله‌وان ته‌نها به‌وه‌ی كه وتویه‌تی من سه‌رده‌شت-م كوشت، ئه‌ی نه‌فامی عه‌قل كاڵ سه‌رده‌شتت كرده تیرۆرست ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی خۆت بكه‌یته گاڵته‌جاری ئه‌و میلله‌ته! نازانم په‌رله‌مان بۆچی هێنده شه‌رمن ده‌رچوو له‌ئاست كه‌یسی سه‌رده‌شت، لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند هه‌یه كه‌چی لێژنه‌كه واده‌زانن ئیتر ته‌واو بكوژی سه‌رده‌شت له‌قه‌فه‌سی زیندان دایه، ئه‌رێ هیچ په‌رله‌مانتارێك دوای رۆژی دادگایی تۆمه‌تبار “هیشام” سه‌ردانی ئه‌و پیاوه‌یان كردوه بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر بكه‌ن؟! ئه‌و لێژنانه‌ی تایبه‌تمه‌ند به ئازادی و مافی مرۆڤ و ئاسایش و ناوخۆ ….هتد نازانم بۆچی تائێستا بێده‌نگ بوون و ناپرسن بكوژه‌كه سه‌رده‌شت بۆ گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌ندیخانه به‌بێ ئه‌وه‌ی دادگایه‌كه‌ی ته‌واو بكرێت گه‌ڕێنرایه‌وه بۆ به‌ندیخانه، ئه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی سه‌رده‌شت ده‌نگی بۆ داویت و هه‌زاران سه‌رده‌شتی تریش ده‌نگی بۆ داوی ئه‌گه‌ر ویژدانت ئاسوده‌یه بخه‌وه له‌گه‌ڵ ویژدانت، ئه‌گه‌رنا پێویسته هه‌ڵوێستت هه‌بێت ته‌نها به‌رامبه‌ر به دۆسیه‌كه‌ی و بتوانه له‌ئاستی ده‌نگی سه‌رده‌شت بیت!.
تیرۆركردنی “سه‌رۆ”م به‌درێژایی مێژوو هاوشێوه‌ی هه‌یه، به‌درێژایی مێژوو مرۆڤه‌كانی وه‌ك سه‌رده‌شت بوونیان هه‌بووه‌و هه‌ر به‌رده‌وامیشن، مرۆڤێك ده‌كوژن، به‌ڵام هه‌زار مرۆڤی هاوشێوه‌ی دروست ده‌كه‌ن، مرۆڤێك تیرۆر ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌زاران كه‌س په‌یڕه‌وه‌كه‌ی ده‌كه‌نه ئامانج، یه‌كێك له‌و شێوه كوشتن و تیرۆركردنانه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌شت زۆر له‌یه‌ك ده‌چێت “مه‌سیح”ه، ره‌نگه بڵێن چۆن و چۆن شتی وا ده‌بێت، به‌ڵام له‌یه‌كه‌م رۆژی تیرۆركردنی سه‌رده‌شته‌وه ئه‌وه له‌ناو هزرمدا ده‌خوڵێته‌وه‌و هه‌ست به‌بوونی هه‌ردووكیان ده‌كه‌م به چ ئازارێك و به چ په‌یامێك رۆژگار خیانه‌تی له‌گه‌ڵكردون! یاخود هاو پیشه‌و هاو ئایینه‌كانیان خیانه‌تیان له‌گه‌ڵكردون، نازانم بۆچی هێنده یه‌قینم “تیرۆركردنی سه‌رده‌شت و له‌خاچدانی عیسا له‌یه‌ك ده‌چن” چونكه مه‌سیح هاوڕێكه‌ی به‌وه‌ی گه‌یاند كه له‌خاچ بدرێت و به‌به‌ر چاوی هه‌موو خه‌ڵكه‌وه له‌داریاندا و خوێن به جه‌سته‌ی پیرۆزی هاته خواره‌وه، ئه‌رێ خۆ په‌یامی مه‌سیح هیچ كاتێكی له‌گه‌ڵ كۆیله‌بوونی مرۆڤ نه‌بوو، ئه‌رێ خۆ مه‌سیح نه‌یوت ته‌نها پیاوانی ده‌سه‌ڵات پله‌و پایه‌یان له‌لای خوا به‌رزه‌و ده‌بێت ئه‌وانیش دوای خودا بپه‌رسترێن، مه‌سیح وتی لێگه‌ڕێن مرۆڤه‌كان وه‌ك خۆیان بژین و زوڵم و زۆرداری به‌رامبه‌ر به یه‌كتر مه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كه‌سێك شه‌قێكی لێدایت لایه‌كه‌ی تریشی بۆ رابگره بۆ ئه‌وه‌ی شه‌قێكی ترت لێبدات، ئه‌ی بۆچی خیانه‌تت له‌گه‌ڵ كرد ئه‌ی هاوڕێی رێگه‌ی دوری مه‌سیح؟! به‌ڵێ سه‌رده‌شت تۆش په‌یامه‌كه‌تان هه‌مان په‌یام بوون، تۆش ده‌تویست مرۆڤه‌كان هه‌مووی وه‌ك یه‌ك پیرۆز و یه‌كسان بن، هه‌موو ده‌نگه‌كان مافی ئازادییان هه‌بێت، هه‌موو زارێك بتوانێت وشه‌كانی ناخی ده‌رببڕێت، ته‌نانه‌ت عاشقبونیش كه‌س نه‌توانێت كۆنتڕۆڵی بكات، چونكه ئه‌وه خودایه عه‌شقی خۆش ده‌وێت و خودا‌ش دژی سته‌م و زۆرداری و چه‌وسانه‌وه‌و توندوتیژییه، خۆی بینای كردوین و نایه‌وێت به‌وشێوه قێزه‌ونه بمرین، نازانم بۆچی له‌یه‌كه‌م رۆژه‌وه تیرۆركردنه‌كه‌م به ساده‌یی نه‌هاته به‌رچاو ئه‌وانه‌ی هاوپۆڵه‌كانی ده‌یانگێرایه‌وه‌و چۆنیه‌تی بردنه‌كه‌ی هه‌رگیز به‌و ئاسانییه ناكرێت بووبێت، بۆیه راسته‌وخۆ هاوڕێ خائینه‌كه‌ی “مه‌سیح”م بیركه‌وته‌وه، ئێستاش هه‌ر هه‌مان شتم له‌مێشكدایه، كوشتنی مرۆڤێك به‌م هه‌موو پیرۆزییه‌وه ناكرێت به‌م ئاسانییه به‌رده‌ستی بكوژه‌كانت بكه‌ویت، له‌خاچدانی مه‌سیح و تیرۆركردنی تۆ له‌ده‌مه‌و ئێواره‌و زه‌رده‌ی خۆر ئاوابوون بوو ئای چه‌ند له‌یه‌ك ده‌چن ئێوه! ئێمه‌ش له‌ئێوه ده‌چین و دیێنه‌وه بۆلای ئێوه!.
4/5/2012