زەنگەکان بەردەوام لێدەدەن نامەیەک بۆ سەردەشت عوسمان

یاسین بانیخێڵانی:Yasin_Banixelani

هاوڕێم، جاران کاتێک گوێم لە زەنگی کڵێساکان ئەبو یەکسەر وێنەی مەسیح بە خاچەوە بیرو هۆشی داگیر دەکردم، بەڵام ئێستا لەگەڵ لێدانی هەر زەنگێکدا خەمێک دامدەگرێت و دەڵێم وا مەسیحێکی تر لەڕیگایە بۆ گۆلگۆسا*١.

لەدوای ئەو زەنگی کوشتنەی بۆ تۆ لێدرا ئیتر زەنگەکان نەک هەر لە لێدان نەکەوتن، بەڵکو بەردەوام وەک چەکوشی دەستی ئاسنگەرە توڕەکان لەتەنیشت کورەکانی ئاگرەوە زرمەیان دێت بۆ دروستکردنی چەقۆ و قەمەی نوێ، ئاخر تۆ نازانی هەمو قوربانییەک پێویستی بە جەلادێکی نوێ و هەر جەلادێکی نوێش قەمە و چەقۆیەکی نوێی پێویستە!.
ئاخ هاوڕێم، تۆ نازانیت خوداوەندەکانی ئێمە چەنێک پێویستییان بە قوربانییە! وەک کالیگۆلا*٢ تەنها ئەو شەوانە ئارام رادەکشێن و خەو دەیانباتەوە چەند پێکێک لە خوێنی ئێمە دەخۆنەوە. ئەوە قەدەری ئێمەیە، کە خوداوەندەکانمان بە خوێنی ئێمە ئالودە بون و ئەو کاتە دڵیانخۆشە و گۆرانی دەڵێن و بە روتی سەما دەکەن چەند پێکێکی خەستی خوێنی ئێمە نۆش دەکەن و مەست دەبن.
برای جوانم، هەندێکجار ئیرەییت پێدەبەم ئەوەندە جوان راکشاویت و بە نیگا بێدەنگەکانت سەیرمان دەکەیت و بزەیەک وەک هەمو جارێک دەتگرێت، من ئیرەیی بەو بێدەنگی و پشو درێژیەت دەبەم. کە چیتر باکت بە هیچ زەنگێک نییە بۆت لێبدەن، ئیرەیی بەو عەشقەت دەبەم، کە بەردەوام رۆژانە ئێمە بۆ مەرگێکی نوێ بانگ دەکات.
هاوڕێم لەم نامە کورتە درەنگ وەختەدا تەنها ویستم پێت بڵێم: لەدوای زەنگی کوشتنەکەی تۆوە چەندین زەنگی کوشتنی تر لێدراو لە دوای شیعرەکانی تۆوە هەر بۆ ئەتک کردنی شیعر لە شەقامی سالمی شاعیر لەبەرچاوی پەیکەرەکانی نالی، مەحوی، کوردی و گۆڕانەوە چەندین خوێنی گەنجی ئەو نیشتمانە ئەتک کراوەیان رژاندن و کەسیان نەیانتوانی دێڕە شیعرێک بۆ ئەو کۆستە گەورە بنوسن، تەنانەت شێخ رەزای تاڵەبانیش لە بیری نەمابو، کە رۆژێک سلێمانی دارولمولکی بابان بو، سوخرە کێشی عەجەم و ئالی عوسمانیش خۆیان میرنشین بون…
بمبورە بۆ ساتێک ئارامیم شیواندیت و خەیاڵتم بردەوە سەر ئەو چەقۆیانەی لە هەسان ئەسوێنرێن بۆ کوشتنی ئەو گوڵانەی بێ پەردەپۆش بەدەم نەغمەی بولبولە عاشقاکانەوە پێدەکەنن، بمبورە ئەو چەقۆ نەفرەتییە باریکانەم بیر خستیتەوە، کە تەنها بۆ ملی ئەو پەپولانە دروستکراون، کە فریوی جوانی و بۆنی شیلەی گۆڵەکان لە خشتەیان دەبات.
پەڕاوێزەکان:
*١ گۆلگۆسا واتە کەلەسەر ئەو شوێنەیە، کە مەسیحی تێدا لەخاچ درا
*٢ کالیگۆلا جگە لەوەی دڕەندەترین قەیسەری رۆم بوە، کە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا نمونەی کەمە، پیاوێکی دڵڕەق و سادی بو.

Leave A Reply

Your email address will not be published.