ئایار 09, 2024

دواین بابەت

تێرۆری کاوە گەرمیانیی، تێرۆری ئازادیی و دێمۆکراسییە.

71220139843c7d5dnboوەک بەشێکی بەرچاو لە رەوەندی کوردیی، لە زۆربەی شارە سەرەکییەکانی ئوسترالیادا، بە تەواوی توانامانەوە،دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنیی و رێکخراوە ناحکومیی و هەموو ئەو رۆشنبیر و کەسایەتیی و هاوڵاتیی و حیزبانەی بەجددیی لە غەمی دۆزینەوەی تاوانبارانی سەرەکیی تێرۆرکردنی کاوە گەرمیانییدان. هاوکات وەک یەکدەنگیی لەگەڵ کوردانی تاراوگەی وڵاتانی تر، ئێمەش لە وڵاتی ئوسترالیا، لە ئاستێکی بەریندا، هەڵدەستین بە زنجیرە چالاکییەک، بۆ ریسواکردن و پرۆتێستکردنی ئەم تێرۆرە، بە سەردانییکردن و دیدار لەگەڵ نوێنەرانی سەفارەت و قونسڵەکانی ئەمێریکا، بریتانیا، فڕانسە..تاد، پارلەمانتارانی هەردوو حیزبی لیبراڵ و کاری ئوسترالیا( بەتایبەتیی ئەوانەی لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی کۆمیونیتی کوردییدان) هەروەها لقی ئوسترالیای رێکخراو و ئۆرگانە جیهانییەکانی وەک ئەمنستی ئینتەرناسیۆنال و یوئێن و مافی مرۆڤ و …تاد ئاگادار دەکەینەوە لەوردەکاریی ئەم تێرۆرە. لە باری مۆڕاڵیی و سیاسیی و قانونییشەوە بێت، بەرپرسی یەکەم لەم تێرۆرەدا لە ئەستۆی حاکمی دەستڕۆیشتووی ناوچەکانی گەرمیانە. ئێمە حکومەتی هەرێم بە گشتیی و یەکێتیی نیشتمانیی بە تایبەتیی، بە بەرپرسیاری سەرەکیی دەزانین، تا دۆزینەوەی تاوانباران، دەستی تۆمەت بۆ ئەوان رادەکێشین. ئیتر هیچ جۆرە سیناریۆیەک، کە دەستی تاوان بۆ هێزی دەرەکیی و ناوەکیی، ببات، نایخوات و رای گشتیی زۆر لەوە وریاترە، ئەم کەیسە، بەدەردی کەیسی سەردەشت و قوربانییەکانی تر ببرێ، یان سیناریستەکانی دەسەڵات، هەر سیناریۆیەکی پرۆفێشناڵ دابتاشن.

کاوە گەرمیانیی، وەک سیمبۆڵی گەرمیانییەکان، لەباری ماددییەوە، وەک یەکێک لە هەژارترین رۆژنامەنووسەکانی کوردستان ، بە هزری گەنجانە و بوێریی و ئازایەتییەکی کەم وێنەوە، بەگژ لۆردەکانی دەسەڵاتی کوردیی و گەندەڵترین مافیا و زەبەلاحترین بازرگانەکانی نەوتی ناو دەسەڵاتی کوردییدا دەچووەوە. بە تەنیا باڵیی، بەڵام بە ویژدانێکی زۆر زیندوو پڕ لە جەرائەتەوە، مەلەفی گەندەڵیی، گەندەڵترین بەرپرسە سیاسیی و عەسکەرییەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەڵدەدایەوە. ئەمە سەنگی مەحەکە بۆ دەسگاکانی ئاساییش لەناوچەی باڵادەستی یەکێتییدا، ئایا جارێکی تر، وەک هەموو جارەکانی تر، پاش هێنان و بردنی لێکۆڵینەوەکان و زانیارییەکان، ئەم کەیسەش وەک دەیانی تر دیزە بەدەرخۆنە دەکەن و بە چەند سیناریۆیەک، سەرقاپی دەنێنەوە؟ یان ئەمجارە، جورئەتی سیاسیی نیشان دەدەن و بکوژانی راستەقینە و ئەو بەرپرسە حیزبییەی لە پشتیانەوەیە دەستبەسەر دەکەن و دادگاییان دەکەن؟ تەنانەت، وەک ئەگەرێکی زۆر کەم، هەر حیزب و رێکخراوێکی تریش ئەم تێرۆرەی کردبێ، ئەرکی دەسگا ئەمنییەکانی یەکێتییە، کە جورئەت بکەن، بە شەفافیی و راشکاویی بۆ رای گشتیی کوردستان، حەقیقەتەکان ئاشکرا بکەن و نەیشارنەوە.

ئێمە بڕوامان وایە، ئەگەر کاوە گەرمیانیی کوڕی بەرپرسێکی پارتیی و یەکێتیی بووایە، ئێستا بکوژەکان و ئەو بەرپرس و حیزبانەی لە پشتیانەوەن و وەک عەقڵی ماستەر، نەخشە داڕێژەری بوونە، دەدۆزرانەوە و لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە پیشانی خەڵک دەدران، بەڵام چونکە کاوە گەرمیانیی هەژارە و لەگەڵ ژنێکی ئەنفالکراوەکاندا، زەواجی کردووە، پێدەچێ، کەیسەکەی هیچ قورسایی و ئیعتیبارێکی ئەوتۆی لای یەکێتیی نیشتمانیی و پارتیی دیموکرات نەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە، قورسایی و ئیعتیباری ئەم تێرۆرکردنە لای زۆرینەی خەڵکی کوردستان، گەڕانەوەی هەیبەت و ئیعتیباری سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمە و هەموو ئەوانەی ترن کە لەسەر ئازادیی بیروڕا تێرۆرکران. بەشێکی بەرچاو لە هەڵسوڕاوان و چالاکوانان و ئازادییخوازانی کورد لە ناو رەوەندی کوردی ئوسترالیاوە، رایدەگەیەنین، هەموومان کاوە گەرمیانیین و لە دڵی هەمووماندا، وەک سیمبۆڵی ئازادیی خۆشمان دەوێت و تاوانباران و ئەو بەرپرس و حیزبانەی لەپشت ئەمجۆرە تێرۆرانەوەن، بە توندی لەئاستی ئوسترالیادا شەرمەزار دەکەین.

کەمپەینی بەجیهانییکردنی تێرۆری کاوە گەرمیانیی لە ئوسترالیا

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *