ئایار 18, 2024

دواین بابەت

ئەی ئەوانەی رووی بەعستان سپی کرد،چەندە بچووکن لە ئاست دایکێکی جگەرسوتاو و لە ئاست بنەماڵەیەکی دەربازبووی ئەنفالدا!

necibemنەجیبە مەحمود:
ئێوە دەتوانن گرانبەهاترین ڤێلا و ژووری نوستن بکڕن، بەڵام ناتوانن خەوێکی ئارام بکڕن چونکە ئێوە بەها مرۆییەکانتان لەدەستداوە. ئێوە توانیتان دەستی رەشی تاوانتان بگەیەننە کاوەی لە رووی داراییەوە هەژار و بە بیر گەورە، بەڵام هەرگیز نەتاندەزانی کە بە هەموو ئەو پارە و سەرەوەتەی لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان پێکتانهێناوە ناتوانین خێزانێکی هەژاری پێ بکرن و بێدەنگیان بکەن. دەزانم ئێستا هەست بە بچووکییتان دەکەن، ئێستا تێدەگەن میللەت زۆر هۆشیارترە لەوەی بە رەفتاری بەعس ئاسا، بە هەڕەشە و جوێنە سارد و سووکەکانتان بە دایک و خوشکی دەربازبووانی ئەنفال ترس بخەنە دڵیانەوە. ئێوە دەزانن بەعس نەیتوانی چۆکیان پێ دابدا، ئێوە دەزانن کە بە بێ خەبات و هاوکاریی ژنان نەتاندەتوانی ئەو لاف و گەزافە لێبدەن. مادام هەموو ئەوانە دەزانن، بشزانن کە هەر یەک لە ئێمە دەنگی هاوژینەکەی کاوەین، دەنگی دایکی کاوەین و دەنگی خوشکەکانی کاوە گەرمیانین، دەنگی دایک و خوشکەکانی سەردەشت و سۆرانەکانین. ئێمە پاڵپشتتان بووین لە سەنگەرەکانی شاخ بۆ گەڕانەوەی بەها رەوشتیی و مرۆییەکان بۆ گەلی کوردستان، ئێمە شانبەشانی ئێوە دیکتاتۆرەکانمان بەرەو مەرگ برد تا خەڵک بە ئازادیی و سەربەرزیی بژین و ژیانی سەرشۆڕیی قبوول نەکەن.

بۆیە تا تاوانباران رادەستی دادگا نەکرێن ئێمە بەردەوامین لە خەبات، ئێمەی دایکان هەزاران کاوەیتر پەروەردە دەکەین و دەیاننێرینەوە گۆڕەپانی خەبات، ئێوە بە چەک و ئێمە بە پێنووس هەر دەبێ ملکەچ بکەن بۆ ئەو شۆرشە.. بۆ کوێ دەچن؟؟؟؟

ئەی ژنانی هۆشیار چیتر رێگە مەدەن چەتەکان خوێنی هاوسەرانتان، برایانتان، باوکانتان بە ناڕەوا بڕێژن، رێگە مەدەن سووکایەتی بە ژنبوونتان بکەن، رێگە مەدەن چیتر لە سایەی ئەو دەسەلاتە ژن لە ژێر ناوی ئابڕوو ئەنفال بکرێ، ریگە مەدەن دەنگە ئازایەکان کپ بکرێن، رێگە مەدەن مندااڵەکانتان چیتر بە هەتیویی بەخێو بکەن و لە سایەی ولاتێکی خاوەن نەوت و زۆر بە پیت و دەوڵەمەند بە (خێر و سەدەقە) بژین.. ئێوە زۆر لەوە گەورەترن ئەو هەموو سووکایەتییە قبوول بکەن.

تەنیا خۆتان دەتوانن خۆتان و منداڵەکانتان و مرۆڤایەتی رزگار بکەن، تێبکۆشن، خۆتان رێک بخەن، یەکبگرن، تەنگ بە ئازادییکوژ و کۆنەپەرستان هەڵبچنن. باوەر بە بەڵێنەکان، بە لێژنەی لێکۆلینەوەکان مەکەن با کاتتان بە فیرۆ نەڕوا..

ئێمەی ژنان بەشدارییمان کرد لە راپەرین.. بەڵام بیست و دوو ساڵە هەڵدەخەلەتێندرێن و سەرقاڵمان دەکەن بە شتی لاوەکیی کە هیچ بەهایەکیان نییە، بۆیە ئێمە دەبێ یەک بگرین، بە بێ رەچاوکردنی پابەندیی رامیاریی و دینیی و جڤاکیی.. ئێمە دەبێ دیدە مرۆییەکە بگەڕێنینەوە بۆ خۆمان تا تیرۆریستەکان و دیکتاتۆرە بچووکەکانی ئەمرۆی هەرێمی کوردستان نەتوانن سووکایەتی بە ژنبوونمان بکەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *