ئایار 09, 2024

دواین بابەت

سەنتەری کورد – ئەمەریکا جەخت لە دادگاییکردنی مەحمود سەنگاوی دەکاتەوە.

Kawa_Garmyaniلەسەر سکالای خانەوادەی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی و بە تۆمەتی تیرۆرکردنی کوڕەکەیان، دادگای بەرایی کەلار لە رۆژی (١٩\١٢\٢٠١٣) بە پێی مادەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ مەحمود سەنگاوی دەرکردوە، لەگەڵ ئەوەی ناونیشان و شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبارەکە دیارە، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەکراوە و خۆشی نەچۆتە بەردەم دادوەر. لەسەر ئەمەش لێدوان و بیانوی جیاجیا چ لە لایەن تۆمەتبارەکە و چ لە لایەن یەکێتی نیشتمیانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لە رێی میدیاکانەوە گوێبیست دەبین.

ئێمە لە سەنتەری کورد- ئەمەریکا، نیگەرانین لەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ بڕیاری دەستگیرکردنی تۆمەتباری تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی دا بکات، ھەروەھا نیگەرانیشین بەھەر بیانوێکەوە بێت، یەکێتی نیشتیمانی تەگەرە بخاتە بەردەم دەستگیرکردنی مەحمود سەنگاویەوە، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبەکەیانە، بیانوی بەدەستنەگەیشتنی بڕیاری دادگاش بە تۆمەتبار، بیانوێکی بێبنەمایە و وەک ھەڵاتن لە یاسا حسابی بۆ دەکەین، چونکە دەقی بڕیارەکە سەرباری ناردنی بۆ تۆمەتبار، ھاوکات لە زۆربەی میدیا نێوخۆیەکانیشدا بلاوکراوەتەوە.

دەستگیرنەکردنی تۆمەتباران و دادگایی نەکردنی بکوژانی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی، بەر لە ھەرشتێک بێبایەخکردنی یاسا و دەسەڵاتی دادوەریە لە ھەرێمی کوردستان، ھاوکات پێشێلکاریەکی گەورەی ئازادیی کار و سەلامەتی رۆژنامەنووسان و ئازادیی بیرورادەربڕینە، ئەمەش لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ بەشێوازێکی خراب بەسەر حکومەتی ھەرێم و لەنێو حزبە سۆسیال دیموکراتەکانیشدا بەسەر یەکێتی نیشتیمانیدا دەشکێتەوە.

ئێمە لە سەنتەری کورد – ئەمەریکا، رایدەگەیەنین، لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ ئاگادارکردنەوەی ناوەندە بڕیاربەدەستە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوە تایبەتمەندەکانی رۆژنامەوانی و مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕا دەربریِن، لە تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی و ھەموو فشارێکیش دەگرینەبەر بۆ دادگایی کردنی پلاندانەر و بڕیاردەر و بکەری تیرۆرکردنەکە لەبەردەم دادگایەکی سەربەخۆی ناوەخۆ یان دەرەکیدا.

لەگەڵ ئەوەی سەنتەری کورد – ئەمەریکا پێشتر تەواوی ناوەندو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی جیھانی لەدۆسیەی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی ئاگادار کردەوە, ئێستاش لەپەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ ھەریەک لەڕێکخراوەکانی “ھیومان ڕایتس ۆچ “HRW”، کۆمیتەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان “CPJ”، رێکخراوی ئەمنیستی ئەنتەرناشناڵ”AMNESTY”، و رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور”RSF”، پەیمانگای ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی “IPI” و چەندیدنی تریش، بەدەنگەوە ھاتنیشیان بۆ بانگەوازی سەنتەرەکەمان لە ئەمەریکا، جێی ئومێدە و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داھاتوودا کاردانەوەی ئەو ناوەند و رێکخراوانە دژ بە تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی و دەستگیرنەکردنی تۆمەتباران و دادگایی نەکردنیان رابگەیەنرێت.

بەو ھیوایەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و داواکاری گشتیش، رۆڵی ئیجابیانە و بەرپرسیارانەی خۆیان لە بێلایەنی لێکۆڵینەوەکان و سەربەخۆیی دادگا و پرۆسەی دەتسگیرکردنی تۆمەتباراندا ببینن، بەر لەوەی لە ژێر فشاری نێودەوڵەتیدا ئەم داوایەیان لێبکرێت، یان دۆسیەکە بگاتە (راپۆرتی خولی گشتگیر) کە بڕیارە لە مانگی مارسی داھاتودا لە شاری ژنێف بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیھان نمایش بکرێت.
_________________________________________
• سەنتەری کورد – ئەمەریکا بۆ ئازادیی رادەربڕین (K.A.C.F.E), سەنتەرێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە, لەلایەن نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کورد لە ھەرێمی ڤێرجینیای ئەمەریکا دامەزاروە, ئامانج لەکارەکانی ئەم سەنتەرە بەرگریکردنە لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی کاری رۆژنامەنووسیی و گەیاندنی ھەر پێشێلکاریەک دژ بە تاکی کورد لەو روەوە بە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان , ئەم سەنتەرە لەلایەن چەند ناوەندو ڕێکخراوێکی ئەمریکی و نێودەوڵەتی پشتیوانی دەکرێت.

سەنتەری کورد – ئەمەریکا بۆ ئازادیی رادەربڕین
ڤێرجینیا – ئەمەریکا
٢٦\١٢\٢٠١٣

garmyan.azad@gmail.com

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *