ئایار 04, 2024

دواین بابەت

پەیامێکی دۆستانە بۆ خێزان و کەسوکاری کاوە گەرمیانی.

jmalMجەمال موحسین:
رۆژی ١٧\٣\٢٠١٤ ئێوە خێزان و بەشێک لە کەسوکاری کاوە گەرمیانی سەردانی مەسعود بارزانیتان کرد و دیدارتان لە بارەی نیگەرانیەکانی خۆتان لە پرۆسەی دادگایی کردنی تاوانبارنی دۆسیەی کاوەوە پێڕاگەیاند و ئەویش لە وەڵامدا وتی: “كاوە گەرمیانی كەسێكی بێتاوان و پاك و بێگەرد و ڕۆڵەی خانەوادەیەكی نیشتیمانپەروەر و قوربانیدەر بووە و تیرۆركردنی تاوانێكی مەزن و دڕندانەیە.” بۆیە هەوڵ ئەدات کە تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن. بە پێی ئەم لۆژیکەی بارزانی بێ وا دیارە کە سەردەشت “تاوانبار و پیس و خەوشدار و ڕۆڵەی خانەوادەیەکی ستەمکار بووە و تیرۆرکردنی پێداویستیەکی مەزن بووە”! بە پێی ئەو لۆژیکە بێ کۆمۆنیستەکان تاوانباری داوای ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانیین و ئەبێ بکوژرێن! بە پێی ئەو لۆژیکە بێ ڕێژوان و سورکێو و هەردی و گەرمیان و سەرجەم قوربانی ١٧ی شوبات تاوانباری دژبەری دەسەڵاتی کوردایەتین و ئەبێ گیانیان لێبسەندرێتەوە…

ئازیزان من ئەزانم وەک ئێوە خۆشتان ڕووتانکردۆتەوە ئامانجتان ئەوەیە بکوژی کوڕەکەتان لە سزادان ڕزگاری نەبێ و لەو پێناوەشدا پەنا بۆ هەر کەسێک ئەبەن خۆتان ووتەنی خزمەتێک بەو دۆسیەیە بکات، بەڵام لەگەڵ مندا، کە وەک ئێوە سنگی براکەم و چەند هاوڕێیەکی ئازیزم کرانە نیشانەی تفەنگەکانی دەسەڵاتی کوردایەتی، بیرێک لە هەندێ پرسیار و مەسەلە بکەنەوە.

بارزانی لەگەڵ ئێوە دائەنیشێت و کەچی لە دوای تیرۆرکردنی سەردەشت ئەیویست خێزانی سەردەشت بکڕێ و بێدەنگیان بکات لەبەردەم تاوانەکەدا، کە ملیان نەدا کەوتە گوشارهێنان و هۆنینەوەی درۆو سیناریۆکان کە ئێوە و کاوەش پێی ئاشنا بوون. بارزانی لەبەرامبەر تیرۆری کۆمۆنیستەکان لە ساڵی ٢٠٠٠دا بە دەستی هاوپەیمانە ستراتیژیەکەی بێدەنگ بووە و ئێمە سێ ساڵە دادگامان لە تێوەگلاوانی ئەو تاوانە گرتووە و چۆتە بەردەم وەزارەتی ناوخۆکەی بارزانی کەچی نەک قسەیەک ناکەن، بگرە لە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکدان لەگەڵ سەرۆکی گۆڕان و هاوپەیمانە دێرینەکەیدا کە بەشێک لە سەرکردایەتیەکەی لەو تاوانەوە گلاون و تا ئێستا بێتاوانیان نەسەلمێنراوە! پێتان وایە بارزانی دۆسیەکەی ئێوە چی لێ ئەکات؟!

ئازیزان، ئەوان ڕۆڵەکانمان ئەکوژن و دواییش یاری بە کەیسەکانیان ئەکەن و سیناریۆ دائەتاشن و هەرکاتێک پێویستی کرد پەردە لەسەر تاوانی هەر ئەو لایەنە لائەدەن کە هاوپەیمانیانە و هاوپەیمانی لەگەڵ کەسانی تردا دروست ئەکەن کە ئەوانیش دەستیان لە تاواندا هەیە. تەنانەت لەو کاتانەشدا کە ململانێ لە نێوانیاندا هەیە دۆسیە بنەڕەتیەکان نادەن بە دادگا و ئەوانەی بە راستیی تاوانبارن سزایان بدەن، ئەگینا بۆچی دۆسیە کەمە؟!

بۆیە ئێمە ئەبێ بیرێک لەوە بکەینەوە دادگاییەک ساز بدەین بۆ بەرپرسانی قوربانیانی شەڕی ناوخۆ، کە کاتی خۆی مەسعود بارزانی و تاڵەبانی ڕایانگەیاند ئەوان بێتاوانترین کەسی ئەو شەڕانە دەرئەچن، هەموو ئەوانەی لەسەر بیروڕای سیاسی و ئازادی ڕۆژنامەنوسی تیرۆرکراون، قوربانیانی ١٧ ی شوبات و کۆمۆنیستە تیرۆرکراوەکان لەسە شەقامەکانی سلێمانی بە بەرچاوی خەڵکەوە و تاوانە شاردراوەکانی تر…. ئەوەش نە لای سەرانی هیچ حیزبێکی بۆرژوازی بە قەومی و ئیسلامیەوە دەست ئەکەوێ و نە لای ئەوەی بە ناوی سەرۆکی هەرێمەوە خۆی بەسەر خەڵکدا فەرز کردووە، ئەوە لای خۆمانە و بەس… دادگای جەماوەری ئاشکرا بەوە زامن ئەبێ بیرێک لە هەستانێکی جەماوەری، بەرنامەدار، ڕێکخراو، بە ئاسۆی وەلانانی ئەم دەسەڵاتە بکەینەوە. باوەڕتان هەبێ برینێک ئەمانە لەسەر دڵمان درووستیان کردوە ئەم چارەسەرە نەبێ هیچی تر ساڕێژی ناکات.

من سەرزەنشتتان ناکەم، ئەزانم چ پشکۆیەک لە دڵتاندایە. بەڵام ئێوە و ئێمە و ئەوانەی وەک ئێمەن هێشتا وامان لێ نەهاتووە کە خەریک بێ نوقمی ئاو ببین و بە ناچاری دەست بە هەر چڵە پوشێکەوە بگرین. ئێمە هەموو ئەو دەنگانەمان لەگەڵە لە کوشتنی کاوە و سەردەشت و سۆران و کۆمۆنیستەکان و قوربانیانی ١٧ی شوبات و تەواوی قوربانیانی دەستی دەسەڵاتی بۆرژوا-کوردایەتی لێدانی دڵیان لەگەڵماندا جووت کرد و لەگەڵمان توڕە بوون و فرمێسکیان رشت و سەر شەقامیان گرت و نەفرەتیان لە دەسەڵات و بکوژان کرد. ئەوە ئێمە نین کە ئەبێ خەمی نقوم بوونمان بێ، ئەوە تاوانباران و دەسەڵاتی پارێزەری تاوانکاریین کە ئەبێ ئەو خەمەیان هەبێ!

تاوانبار لە پەنا دەستماندایە، منداڵی ئێمە دەکەنە باوەش و لەولاشەوە منداڵ لە باوەشی دایکانی تر ئەفڕێنێ!

با ئێمەش هەموومان باوەش بۆ یەک بکەینەوە و خەمێک لەو دادگا جەماوەرییە بخۆین.

١٨\٣\٢٠١٤
jamal_muhsin@yahoo.com

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *