5 کانونی یەکەم, راپۆرت سلێمانى – م ح –
سه‌رنوسه‌ری سایتی ئاوێنه‌نیوز ده‌ڵێت، كاربه‌ده‌سته ئه‌منی‌و حكومیه‌كانی گه‌رمیان به‌رپرسن له‌دۆزینه‌وه‌ی بكوژانی كاوه گه‌رمیانی‌و ده‌ست به‌هه‌موو هه‌وڵ‌و فشارێكی میدیایی ده‌كه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی تاوانبارانی دۆسیه‌كه ده‌برێنه به‌رده‌م دادگا.
گه‌رمیان، ئاوێنه‌نیوز: دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (پێنج شه‌ممه) كاوە محەمەد ئەحمەد، ناسراو به (كاوه گه‌رمیانی) له‌به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڕه‌كی (سه‌ركه‌وتن)ی كه‌لار تیرۆركرا، سه‌رنوسه‌ری سایتی ئاوێنه‌نیوز، دانا ئه‌سعه‌د، رایگه‌یاند، “داوای سه‌ره‌كی ئێمه ئاشكراكردنی بكوژی كاوه‌یه”، وتیشی “كاربه‌ده‌سته ئه‌منی‌و حكومیه‌كانی گه‌رمیان به‌رپرسن له‌دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارانی ئه‌م روداوه ترسناكه”.
دانا ئه‌سعه‌د كه ئێستا به‌كارێكی رۆژنامه‌وانی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته رایگه‌یاند، ده‌ست به‌هه‌موو هه‌وڵ‌و فشارێكی میدیایی ده‌كه‌ن تا ئه‌وكاته‌ی هه‌موو تاوانبارانی دۆسیه‌ی كاوه گه‌رمیانی ده‌برێته به‌رده‌م دادگایه‌كی عادیلانه.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه تیرۆركردنی كاوه به‌شێكه له‌و زنجیره تاوان‌و كوشتنه‌ی ماوه‌یه‌كه روبه‌ڕوی سلێمانی‌و ناوچه‌كان تری كوردستان بۆته‌وه، ئه‌مه‌ش “هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ئازادی راده‌ربڕین له‌كوردستاندا”.
به‌وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان، له‌كاتی روداوه‌كه‌دا به‌س كاوه‌و دایكی له‌ماڵدابون، یه‌كێك له‌چه‌كداره‌كان له‌ده‌رگای داوه‌و به‌دایكی كاوه‌ی وتوه “بێزه‌حمه‌ت مامه كاوه‌م بۆ بانگ بكه”، هه‌ر كه كاوه گه‌رمیانیش ده‌چێته ده‌ره‌وه به‌چه‌كی جۆری كڵاشینكۆف ته‌قه‌ی لێده‌كات‌و ده‌یكوژێت.
هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كه‌لار به‌ئاوێنه‌نیوزی راگه‌یاند، چەند فیشەكێك بەر ئەو ر‌وژنامەنوسە كەوتوەو دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
كاوه گه‌رمیانی ساڵی 1982 له‌كه‌لار له‌دایكبوه‌و خێزانداره، له‌ژیانی پیشه‌یی خۆیدا چه‌ندین جار توشی لێدان‌و گرتن‌و ئازاردان‌و هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆی به‌رپرسه حیزبی‌و حكومی‌و ئه‌منیه‌كانی گه‌رمیان‌و كوردستان بوه‌ته‌وه، تا ئه‌مشه‌و (پێنج شه‌ممه) چه‌كدارێكی نه‌ناسراو له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كوشتی.