ئایار 09, 2024

دواین بابەت

دەنگێکی تری ئازاد (کاوە گەرمیانی) خنکێندرا.

لkawa Garmyany 2 550X350ە شارەکانی (ستۆکهۆلم، یۆتۆبوری، مالمۆ) ئامادەکاریی دەکرێ بۆ کار و چالاکی و ناڕەزایەتی دەڕبڕین.
چەند کاتژمێر لەمەوبەر گروپێکی تیرۆریستی بالادەست لە کوردستان لاپەڕەیەکی ڕەشی تریان خستە سەر مێژووی پڕ لە تاوانیان. قوربانی ئەم جارەی ترۆریزمی تاقمە جەردەکانی کوردستان ڕۆژنامەنووسی بوێر و چاونەترس کاوە گەرمیانییە، کە لەبەردەم ماڵی خۆیان لە شاری کەلار درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی نایە پێناو ئاشکراکردنی ڕاستیەکان. کاوە گەرمیانی دەیزانی کە لەژێر چەپۆکی مافیاکاندا خەریکە یاری بە ئاگر دەکات، بەڵام لە پەردە هەڵماڵین لەسەر تاڵانکاران بەردەوام بوو، سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەکان کۆڵی نەدا و بەڵگە حاشا هەڵنەگرەکانی لەسەر تاڵانی و دەست بەسەرداگرتنی مڵک و ماڵی هاوڵاتیان بڵاو دەکردەوە. بەڵام ئەمڕۆ نەک ماهیەتی گەندەڵی دەسەڵاتداران، بەڵکو بەم قوربانی دانەی جارێکی تر زەبوونی و ترسنۆکی نەیارانی ئازادی و مافەکانی خەڵکیشی ئاشکرا کرد. کاوە گەرمیانی دەنگێکی تری ڕێگای خەبات لەپێناوی ئازادی و عەدالەت و یەکسانیە. خوێنی ئەو و قوربانی دانی ئەو بە هەدەر ناچێت و هەوڵی پیرۆزی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروارانە و ئازاد بەردەوامە.

ئێمە ئەو کۆمەلەو ڕێکخراوە کوردیانەی سوید کە لە خوارەوە ناومان هاتوە،هاودەنگ لەگەڵ هەموو ئازادیخوازانی کوردستان ئەم کردەوە چەپەڵە ئیدانە و ڕیسوا دەکەین و بانگەوازی سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین کە مەیدان و شوینە گشتیەکان بکەنە شانۆی نیشاندانی توڕەیی و بێزاری لە گەندەڵکاران و مافیا تیرۆریستەکانی کوردستان. بکوژانی کاوە گەرمیانی، ئەوانەی نەخشەیان بۆ کێشاوە و کارئاسانییان بۆ کردووە دەبێ ڕادەستی دادگا بکرێن و بە سزای تاوانەکانیان بگەن. دەسەڵاتدارانی هەرێمی سەوز و بە تایبەتی دەزگا ئەمنیەکانی سەر بە یەکیتی نیشتیمانی کوردستان بەگشتی و گەرمیان بەتایبەتی لەم بابەتەوە بەرپرسیاری یەکەمن . هەروا لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە کەیسی کاوە گەرمیانی و هەڕەشەکانی کە لە ڕابردوودا لێی کراوە لەوڵاتی سوید سکالای لەسەر تۆمار کراوە و هاوکات لای رێکخراوی ئامنستی ئەنتەرناسیۆنالیش هەیە . هاوکات لە ڕۆژەکانی داهاتوو ئەم تاوانە دزێوە و ڕاستیەکانی تیرۆریزمی باڵادەست لە کوردستان بە تەواوی ناوەندە سیاسیەکانی سوید و سەرتاسەری ئەوروپا دەگەیەنین. هەموو لایەکیش ئاگادار دەکەینەوە کە لەشارەکانی ( ستۆکهۆلم .یۆتۆبۆری ، مالمۆ ) بۆ ڕێزگرتن لە ژیان و قوربانی دانی کاک کاوە گەرمیانی کارو چالاکی ئەنجام دەدەین و لە ڕاگەیاندنی داهاتووماندا کات و شوینی چالاکیەکانمان بڵاو دەکەینەوە.

– گروپی ١٧ شوبات لەستۆکهۆلم
– کۆمیتەی پشتگیری لە داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان لە شاری یۆتۆبۆری/سوید
– ناوەندی خوێندن و کلتوری کوردی لە شاری یۆتۆبۆری/سوید
– ماڵی کلتوری کوردی لە شاری یۆتۆبۆری/سوید
– کۆمەڵەی ئەکادیمیەکانی کوردستان لە شاری یۆتۆبۆری/سوید
– کۆمەڵەی کلتوری کوردستان لە شاری یۆتۆبۆری سوید
– کۆمیتەی سەردەشت عوسمان لە شاری یۆتۆبۆری/سوید
– کۆمەڵەی سکۆنە کورد لە شاری مالمۆ/سوید

٥\١٢\٢٠١٣

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *