ئایار 18, 2024

دواین بابەت

پێنووسێکی دیکە لە خوێن هەڵکێشرا.

Roj_Azizرۆژ عەزیز:
دوێنێ شەو رۆژنامەنوس ” کاوە گەرمیانی” لەبەر دەم ماڵەکەی خۆی لە شاری کەلار درایە بەر دەست ڕێژی گولەو گیانی لەدەستدا، کاوە گەرمیانیش وەک سۆرانی مامە حەمە و عەبدولستار تاهیر و سەردەشت عوسمانی بەسەر هات وچووە ریزی ئەو پێنووسانەی تیرۆر کران. کاوە لە نیو جەنجاڵی حیزبە میلیشیای و مافیاییە کوردییەکاندا کاری رۆژنامەگەریی دەکرد، کە کارەکەی سەخت بوو . بێجگە لەوەی چەندین جار هەرەشەیان لێ کردو داوای یاساییان لەسەر تۆمار کرد ویستیان گەندەڵکاران و مافیاکانی وڵات لە رێگەی یاساوە پاشەکشە بەم رۆژنامەنوسە ئازایە بکەن.

بەڵام ئەوانەی رقیان لە راستی بوو ئەوانەی بە هەڵماڵینی دزی وگەندەڵیەکانیان نیگەران بوون نەیانتوانی لە دادگا دۆسیەکە بەرنەوە ، بۆیە سەرەنجام بە فیشەک جوابی کاوەیان دایەوە لەخوێنیان هەڵکێشا ، لەم تاوانەشیان دایکی رۆژنامەنووسێکی دیکەیان جەرگ سوتاو کردو وەک دایکی سەردەشت وسۆرانی مامە حەمە ئازیزێکی خۆشەویستیان لەدەستدا.

تاوانی سەردەشت و سۆران کاوە گەرمیانیش هەرگیز بیر ناکرێن ، ئەمانە بۆ ئازادی وخۆشبەختی مرۆڤەکان پێنووسەکانیان هەڵگرتبوو ، لە رێگەیەکدا گیانیان بەخت کرد کە خەڵکی کوردستان شانازیان پێوە دەکردن ، بەڵام ئەوانەی دوژمنی سۆران و سەردەشت و کاوە بوون هەمیشە ریسوا و ریسوا تر بوون ، کەوتونەتە بەر نەفرەت ونارەزایەتی بەرینی خەڵک.

کاوە بەداخەوە رۆیشت وخەڵکی ئازادیخوازی کوردستان پێنووسێکی ئازای دیکەشیان لەدەست دا، رۆژنامەنوسانیش پێنووسێکی ئازاو بوێریان لەدەست دا ، کاوە گەرمیانی هەمیشە پێنووسەکەی لەدژی گەندەڵ وستەمکارەکان بوو بۆیە تیرۆریان کرد تیرۆری کاوە تەنها لەبەر ئەوە بوو رووی گەندەڵکاران وستەمکارانی هەڵدەماڵی و دیفاعی لە ئازادی دەکرد.

دەمێکە کاوە دەسەلاتداران و یاساو بەرپرسەکان وخەڵکی لە هەرەشەی بەڵتەچیەکان ئاگادار کردبوەوە دەمێک بوو کاوە لەلایەن بەڵتەچیەکان ومافیاکانەوە هەرەشەی لێ دەکرێت ، دەمێک بوو تاقمێک هەرەشەیان لەم پێنووسە دەکرد ، کە خۆیان بێجگە لە عەقڵیەتی تفەنگ و شاخاویی هیچی دیکەیان نەدەناسی بۆیە سەرەنجام تیرۆریان کردو دایکی کاوەو براو خوشک وکەس و کاری کاوەیان تووشی خەمیکی گەورە کرد.

ئەوانەی ئێستا کە خەم بۆ کاوە دەخۆن وبەڵێن دوپات دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە دۆزینەوەی بکوژانی کاوە گەرمیانی بێجگە لە ریاکاری و دوو روویان هیچی دیکە نین بەتایبەتی کاربەدەستانی حکومەت و هیزە ئەمنی و پلە باڵادەستەکانی حیزبەکانی کوردایەتی ، دەبێت لەم خەم خۆرانەی کاوە گەرمیانی بپرسین؟ ئەی کە کاتێک کاوە هەرەشەی لێ کراو داوای یاسایی لەسەر لە هەرەشەچیەکان تۆمار کرد ئەی ئەم پارێزەرانەی یاساو ئەمنی وحکومەتە لە کوێ بوون لەکوێ خەویان لێ کەوتبوو.

ئاسایش و دژە تیرۆر و پۆلیس لەکوێ بوون کە کاتێک بەرپرسەکانی حیزبەکان هەرەشەیان لە کاوە دەکرد ، ئەی سەرۆکایەتی هەرێم لەکوێ بوو ، پەرلەمانی کوردستان لەکوێ بوو ، ئەندام مەکتەبی سیاسی حیزبەکان لەکوێ بوون ، هەموو ئەوانەی دەیانەوێت ئەم نارەزایەتیە لە بەرامبەر تیرۆری کاوە گەرمیانیدا کپ ، بکەنەوە بێجگە لە قسەی پوچ هیچی دیکەیان بەنسیب نابێت.

یاخود ئەگەر باس لەوە بکەن بڵێن لیژنە پێک دەهێنین بێجگە لە قسەی پوچ هیچی دیکە ناکەن ، کوا ئەو لیژنەنەی بۆ سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان پێک هێنرا . ئەو لیژەنەی بۆ سەردەشت عوسمان پێک هێنرا سیناریۆی بەرێ خست نەک لیژنەی راستگۆیانەو بێ لایەن.

ئەگەر لە ئاست ئەم تاوانکاریەی کاوە گەرمیانیش بێ دەنگ بین نارەزایەتی دەرنەبڕین و یەخەی بەرپرسانی یەکێتی نەگرین وبەرپرسانی کەلار و دامودەزگا ئاسایشییەکانی ئەو شارە یەخەیان پێ نەگیرێت من دڵنیام ئەم کەیسەش وەک کەیسی سۆران وسەردەشتی لێ دێت ، ئەگەر دەسەلاتدارانی یەکێتی ئەم بکوژانە نەدۆزنەوە بە سزای تاوانەکانیان نەگەیەنن ئەوە هیچ گومانێکی تێدا نیە ئەم تاوانەش دەستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی تێدایە.

من هیچ گومانێکم نیە لەوەی کە سەرانی ئەحزابی کوردایەتی بەتایبەتی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار ئەگەر فشاریان نەخرێتە سەر ئەوە بێگومان گوێ بە تیرۆری کاوە گەرمیانی نادەن هیچ باکیان نیە . وە بەپێی زۆرێک لە بەڵگەکان سەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستیان لەم تاوانەدا هەیە ، چونکە کاوە گەرمیانی لە لایەن چەند بەرپرسێکی یەکێتیەوە هەرەشەی لێ کراوە داوای یاسایشی تۆمار کردوە لەو کەسانەی هەرەشەیان لێ کردوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرپرسن یاخود سەر بەحیزبە دەسەڵاتدارەکانن ، بەتایبەتیش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

ئێستا کاوە گەرمیانی لەنێو ئازیزان و کەسوکارەکەیدا نەما ئێستا هاورێی وهاوپیشەکانی کاوە گەرمیانی خەمێکی قوڵ بەرۆکیانی گرتووە ئێستا رۆژنامەنوسان ونوسەران و ئازادیخوازان ویەکسانیخوازان و رەخنەگران ، چاوەرێن داخۆ کەی سەرەی ئێمەش دێت ، داخۆ کەی ئەم مۆتەکەی مەرگە بەرۆکمان دەگرێ.

ئەگەر لە ئاست ئەم تاوانکاریەش وەک تاوانکاریەکانی سەردەشت وسۆرانەکان هەر ئاوا دەستەوەستان دانیشین سبەینێ سەرەی هەمومان دێت ئەم چەقۆ وەشێن ومافیانە بەرۆکمان دەگرن ئەم عەقڵیەتی چەکەو ئەم مرۆڤکوژانە رۆژێک دێت لە جێگەیەک وەک سۆران وسەردەشت وکاوەکانمان لێ دەکەن.

با ئەمجارە دەسەڵاتی کوردی وحیزبەکانی کوردایەتی بەتایبەتیش هەردو دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وپارتی دیموکراتی کوردستان ریسوا بکەین ، با ئەم جارە نارەزایەتیەکانمان بەهێز بکەین ، رێگە نەدەین کاوە گەرمیانیەکان خوێنیان بە فیرۆ بڕوات و، بکوژەکان بەئازادی بسورێنەوە.

لێرەوە من لەناخی دڵمەوە پرسەو هاوخەمی خۆم بۆ دایکە جەرگ سوتاوەکەی کاوە گەرمیانی دەردەبڕم و پڕ بەدڵ نیگەرانم و دەستی ئەو دایکە جەرگ سوتاوە بە توندیی دەگوشم و ماچی دەکەم چونکە مرۆڤێکی پەروەردە کردوە هەمومان شانازی پێوە دەکەین، وە ناخی دڵمەوە هاوبەشی خەمی هەموو براو خوشک و، هاوسەری و کەسوکار و رۆژنامەنوسان و پێنووس بەدەستان و رەخنە گران و هاورێی کاوە گەرمیانی دەکەم و لە ناخەوە هاوبەشی خەمتانم، هیوادارم ئەمە دوایین کارەساتی ناخۆشیتان بێ.

٦\١٢\٢٠١٣
nawzadidalak@yahoo.com

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *