ئایار 09, 2024

دواین بابەت

له‌ تیرۆرکردنى کاوه‌ گه‌رمیانى بێده‌نگ نابین.

kawe-1سه‌رجه‌م رێکخراوه‌ ئه‌نته‌رناسیۆناله‌کانى به‌رگریکار له‌ مافى مرۆڤ و ئازادى راده‌ربڕین و یه‌کێتى ئه‌وروپا له‌ تیرۆرکردنى کاوه‌ گه‌رمیانى‌ ئاگادار ئه‌که‌ینه‌وه‌.
بۆ به‌رێزان:
– په‌رله‌مانى یه‌کێتى ئه‌وروپا – کۆمیته‌ى مافه‌کانى مرۆڤ
– په‌رله‌مانى یه‌کێتى ئه‌وروپا – نوسینگه‌ى گه‌شه‌پێدانى دیموکراسى په‌رله‌مانى
– په‌رله‌مانى یه‌کێتى ئه‌وروپا – کۆمیته‌ى گه‌شه‌پێدانى یاسا له‌عێراق
– سه‌رۆکى نێرده‌ى په‌رله‌مانى یه‌کێتى ئه‌وروپا له‌ عێراق – ستروان ستیڤنسن
– جێگرى سه‌رۆکى نێرده‌ى په‌رله‌مانى یه‌کێتى ئه‌وروپا له‌ عێراق – ئه‌ستێر دێ لانگه‌
– ته‌واوى ئه‌ندامان و کارگێڕانى نێرده‌ى په‌رله‌مانى یه‌کێتى ئه‌وروپا له‌ عێراق (١٩ که‌سایه‌تى له‌ فراکسیۆنه‌ جیاوازه‌کانى په‌رله‌مان)
– یه‌کێتى ئه‌وروپا – کۆمیته‌ى سه‌روه‌رى یاسا EUJUST LEX
– یه‌کێتى ئه‌وروپا – نوسینگه‌ى کاروبارى ده‌ره‌وه‌
– وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى حکومه‌تى فیدراڵى به‌لجیکا
– ئیمینستى ئینته‌رناشیۆناڵ
– هیومان رایتس ۆچ
– په‌یامنێرانى بێ سنور
– کۆمیته‌ى بەرگری لە ڕۆژنامەنوسان CPJ

به‌رێزان ئاگادارتان ئه‌که‌ینه‌وه‌، کاوە محەمەد ئەحمەد ناسراو بە (کاوە گەرمیانی) دوێنێ شەو هاتە ڕیزی قوربانیەکانی ئازادی رادەربڕینەوە. گەرمیانی شەوی ٥ ی ١٢ ی ٢٠١٣ لە لایەن چەند تاوانبارێکەوە لەبەر چاوی دایکی کوژرا.

بەو کردارەش لاپەرەیەکی تری ڕەش لە مێژوی هەرێمی کوردستان دژ بەو دەنگە ئازادانە تۆمار کرا . ئەو قوربانیانەی کە خەڵکی کوردستان ناویان ناون شەهیدانی قەلەم.

هەرێمی کوردستانی ئێراق کە لە ساڵی ١٩٩١ وە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ئێراقی سەردەمی سەدام حوسێن و پاش ئەو نەماوە و ئازادیەکی ره‌های بە ناوی هەرێمی فیدراڵەوە هەیە. ئەو هەرێمە لە لایەن دوو پارتی سیاسیەوە کە بنەماڵەکانیان پۆستە سەرەکیە سیاسی و ئاسایشیەکانیان هەیە بەڕێوە دەبرێت.

ده‌زگا ئه‌منیه‌کان و بەرپرسانی ئەم هەرێمە مێژوویەکی پڕ خوێناویان لە کوشتن و زیندانیکردن و راونان و ئازاری فیزیکی و دەم مردوکردن و سوکایەتی پیکردن وهەوڵی کڕینی ویژدانی ڕۆژنامەنوسان و دەنگە ئازادەکان هەیە.

راپۆرتەکان وهەواڵەکانی ڕێکخراوەکانی وەکو، په‌یامنێرانى بێ سنور، ڕێکخراوی ئیمینستی ئەنتەرناشناڵ ، هیومان رایتس ۆچ و کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنوسان CPJ و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی ناو هەرێمی کوردستان لە ماوەی دەسەلاتی ئەو هەرێمەدا ئاوێنەی روداوە تراژیدیاکانن بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان.

بۆیە لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی هەر دەستدرێژیەک بۆ سەر ڕۆژنامەنوسان پەنجەی گومان بەرەو دەزگا ئاسایشیە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ڕادەکێشرێت. ئەو دەزگایانە ئەگەر تاوانباری ڕاستەوخۆش نەبن و ئەنجامدەری تاوانەکان نەبن، ئه‌وا ڕێخۆشکەرو هاندەری تاوانن بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان، لەبەرئەوەی لە دۆزینەوەی تاوانباران کەمتەرخەم و خەمسارد بون و خەمساردن. ئەگەر تاوانێکیش خۆیان ئەنجامدەری نەبن ئەوا ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینن.

شێوازی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەکتێکی پلان بۆ دانراو بووە و بە ووردی جێبەجێ کراوە و بێ بنەما نیە کە پەنجەی گومان بۆ دەزگا ئاسایشیەکانی هەرێمی کوردستان رادەکێشرێت.

ڕێکخراوی کوردستان فۆروم لە بەلجیکا زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکات و داواکارە بە زووترین کات راستیەکان بخرینە ژیر تیشکەوە. بۆئه‌وه‌ى که‌یسى کاوه‌ گه‌رمیانیش وه‌کو که‌یسى رۆژنامه‌نووسان و چالاکانى ترى تیرۆرکراو به‌لاڕێدا نه‌برێت، پێویسته‌ بکوژانی ئەو ڕۆژنامەنوسە و هاوکارانیان و ئەو دەستانەی لە پشتی ئەو تاوانەوە بون ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا و سزای یاسایی خۆیان بەسەردا بدرێت.

ئیمە وەکو ڕێکخراوێکی مەدەنی کوردستانی لە بەلجیکا بە ئەرکی خۆمانی دەزانین سەرجەم دەزگاو کۆمیتە پەیوەستەکانی ناو یەکێتی ئەوروپا و حکومەتی بەلجیکی و ڕیکخراوە ئینته‌رناسیۆناڵه‌کانی بەرگریکار لەمافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکانی رادەربڕین لەو تاوانە ئاگادار بکەینەوەو داواتان لێ بکەین کە گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەو مەبەستەی کە ئەم تاوانەش وەکو تاوانەکانی تر پشتگوێ نەخرێت و بە خەمساردیەوە مامەڵەى لەگەڵدا نەکەن، به‌ڵکو تاوانبارانى راسته‌قینه‌ بدۆزنەوەو بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.

بۆ په‌یوه‌ندیی:
پێشره‌و ئیسماعیل عارف
0032497894232
kurdistanforum@hotmail.com

رێکخراوی کوردستان فۆروم – بەلجیکا
٦\١٢\٢٠١٣ – برۆکسل

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *