ئایار 09, 2024

دواین بابەت

کوشتنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی شەرمەزار دەکەین.

kawa shahed_1بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کوشتنی ڕۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنی کاوە گەرمیانی ھەموومانی ھەژاندەوە، کە شەوی ٥-١٢-٢٠١٣ لە کردەوەیەکی قێزەوندا درایە بەر دەستڕێژی گوللە.

گەرمیانی ئەنفال ڕوبەڕوی هەمان کۆستی سۆرانی کەرکوک و سەردەشتی هەولێر بویەوەو لە شەوێکی تۆفاناویدا ئەمجارەیان جەستەی کاوە پڕ بوو لە فیشەک و خوێن و نیشتمانیش بوو بە دەریایەک لافاوو گریان..

نەفرەت لە بکوژان و ئەو دەستە ڕەشانەی گەندەڵی کە نەیانتوانی مەردانە ڕوبەڕوی کاوە گەرمیانی ببنەوەو شەرەفمەندانە دان بە گەندەڵییە دزێوەکانی خۆیاندا بنێن و بۆ بێدەنگکردنی حەق فیشەکیان کردە خەڵاتی نەوەی نوێ..

زۆر بەداخەوە سیستمی میلیشیایی پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆتە لانکەی جۆرە مشەخۆر و سەرکردەیەک کە باکیان نیە بە تاڵانکردنی وڵات و هیچ جۆرە رەخنەو فیکرێکی ئازادیان قبوڵ نیە. دیارە ئەگەر سیستمێکی حوکمڕانى و سیاسی تەندروست لەهەرێمى کوردستاندا هەبوایە دەمێک بوو دادگا ئاڕاستەی ڕاستەقینەی خۆى وەردەگرت و کاتێک کاوە ڕوبەڕوی هەڕەشەی کوشتن دەبۆوە لانیکەم بەدواداچونێکی جدی بۆ ئەم پرسە دەکراو لایەنی هەڕەشەکار سزای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرت..

وەک فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ئەم تاوانە بە مەترسی و شەرمەزارییەکی گەورە دەزانین چونکە ئەمجارەیان ڕوخساری بکەرەکان زۆر نامۆ نیە و بەدەنگ و ڕەنگى ئاشکراو لە ڕۆژی ڕوناکدا هەڕەشەی کوشتنى لە کاوە گەرمیانی کردووە، ئەمجارەیان کاوە دەبێتە سومبولی بەدیهێنانی دادوەری و ئەگەر ئەو دەستەی لە پشت کوشتنی کاوەوەیە سزا نەدرێت و ڕیسوا نەکرێت ئەوا سیستمی میلیشیا ئاسای حیزبەکانی کوردستان سەدان هێندەی تر ڕیسوا دەبێت و وەک دەسەڵاتێکی ستەمکاری گەنج کوژو دژە ئازادی دەناسرێ..

نەمری بۆ رۆحی کاوەو سەردەشت و سۆران و سەرجەم ئازادیخوازان.
سەرشۆڕی بۆ میلیشا و مرۆڤکوژەکان.

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی – سلێمانی
٦\١٢\٢٠١٣

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *