ئایار 09, 2024

دواین بابەت

نا بۆ تیرۆر، ھەنگاو بەرەو ئازادیی.

kawa_4تیرۆر ھەر کەس بیکات، ھەر لە بەرژەوەندی سەروەریی چینایەتی تەواودەبێت، لەبەرئەوەی کە خودی سەروەریی چینایەتی لەسەر پایەی جۆرەکانی تیرۆر، ناچارکردن، زیندان، ئەشکەنجە، ترس و تۆقاندن، کاریکرێگرتە، مشەخۆریی، نایەکسانی، ھەڵاواردن، سووکایەتی، درۆ و پیلانگێریی ڕۆنراوە و خۆی ڕاگرتووە، کە کۆی ھەموو ئەمانە خۆیان لە بوونی دەوڵەتی ھاوچەرخدا دەبیننەوە و پێکدەھێنن. تیرۆر وەک پێشینە و پاشبنەما لە کاردانەوەی سەرۆکخێڵ و پلەدارە ئاییینییەکان و سەردار [ئاغا] و ئیمپراتۆرەکانەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام لە گەشەکردن و پەرەسەندندابووە و تەکنۆلۆجیاش بۆ ئاسانکردن و شاردنەوە و خێراکردن و ڕاگەیاندن و دادگە سیناریۆییەکانیش وەک ئامراز بۆ پەردەپۆشکردنی گیڕاونەتەبەر.

ھەرچەندە تیرۆر لەم سەردەمەدا تەنیا لە لەگیانخستنی جەستەی کەسێکدا کورتنابێتەوە و تیرۆر تا دوا قوژبنی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵایەتی ڕۆچووە و ھەر سات و لە ھەر ھەنگاوێکماندا بۆ لێدان و لاوازکردنی کۆت و بەندەکانی سەروەریی، ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. بەڵام لێرەدا بە دیاریکراوی مەبەستمان تیرۆری جەستەییە [کوشتنە]، کە دونێنێ دەنگێکی دیکەی لێخنکاندین، خامەیەکی دیکەی بوێری شکاندین، بازنەیەکی لە زنجیرەی تێکۆشانماندا پچڕاند، خەباتکارێکی دیکەی لێ کوشتین.

” کاوە گەرمیانی ” ڕۆژنامەنووس، یەکێک بوو لە سیمبولەکانی دەنگ و ناڕەزایەتی خەڵکی گەرمیان، چاوی کراوەی ژێردەستانی کۆمەڵگە بوو، ھیوای نەوەیەکی کپکراوبوو، چکڵی چاوی دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچە بوو و پەردەی لەسەر خەونە مشەخۆریی و سەرکوتگەرانەکانی دەسەڵاتداران لادەدا، بۆیە کوشتیان، بۆیە نەیانتوانی لەوە زیاتر بیسەر و بینەری وتار و چالاکییەکانی ئەو بن، لەبەرئەوە بڕیاری تیرۆری ئەو، تەنیا لەنێوبردنی جەستەیی ئەو نەبوو، بەڵکو ترساندنی دەنگی ناڕەزایەتی ناوچەی گەرمیان بوو.

ھەر کەس ئەوی بڕیاری تیرۆرکردنی ئەوی دەرکردبێت، ھیچ گومان لەوەدانییە، کە دەسەڵاتدارە یا دەسەڵاتخوازە و بۆ پاراستنی شکۆی فیرعەونانەی، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی مشەخۆریی و تاڵانی و زۆرداری، بۆ درێژەدان بە سەروەری چینێک، پارتێک، دەستەبژێرێک، کە بیست و دوو ساڵە خەونەکانی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان سەرکوت و تیرۆردەکات. لەبەرئەوە ھۆکاری تیرۆرکردنی “کاوە گەرمیانی” کێشەیەکی کەسیی نێوان ئەو و بڕیاردەری تیرۆرکردنەکەی نییە، بەڵکو کێشەی نێوان ستەمکار و ستەملێکراوانە، کێشەی نێوان سەروەر و ژێردەستانە، کێشەی نێوان برسی و مشەخۆرانە، کێشەی نێوان زیندانی و ئەشکەنجەدەرانە، کێشەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتدارانە، کێشەی نێوان چینە بەشمەینەتەکان و چینی مشەخۆری کوردانە، کێشەی نێوان ڕەوا و ناڕەایە، کێشەی نێوان کۆیلانی یاخی و خواکانە. ھەر لەبەر ئەم ھۆیەیە، پاڕانەوە و چاوەڕوانی سزادانی بکەرانی ئەو تاوانە لە دەسەڵات، وەک تیرۆر ھەردەم لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران و تیرۆرکەران تەواوبووە و دەبێت، چونکە جەماوەری ناڕازی لە چاوەڕوانییەکی بێسوود و سەرەنجامدا ڕادەگرێت، ھەر وەک لە تیرۆرکردنی ڕەئوف کامیل، عەلی بۆسکانی، نەزیز عومەر، بەکر عەلی، سەلاح ھۆرامی، شاپور و قابیل، فەرھاد فەرەج، سۆران مامەحەمە، عەبدولستار تاھیر شەریف، سەردەشت عوسمان، …..، ….، ….، کاوە گەرمیانی و تیرۆری نەیارانی ئێرانی و تورکیە و سوریە و عەرەب و ڕۆژنامەنووسانی کوردی ئێران و دەیان کەسی دیکە، کە لەبەرئەوەی سەر بە پارت و لایەنێکی ڕامیاریی نەبوون یا خەڵکی ھەرێمی کوردستان نەبوون، کوشتنیان وەک تیرۆر دەنگینەداتەوە و ھەژمارنەکراوە و لەلایەن پارتەکان و باڵەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە نەتوانراوە سەرمایەگوزاریی ڕامیارییان لەسەر بکرێت و بۆ قازانجی ڕامیاریی خۆیان بەکارببرێن.

بە بۆچوونی ئێمە، تەنیا سەنگەر و شێوازێک کە بتوانێک تیرۆر لە ژیاری کۆمەڵایەتییدا دەربھاوێت و دەسەڵاتداران و دەوڵەت و باندەکانی لە ئەنجامدانی بگێڕێتەوە دواوە، خەباتی کۆمەڵایەتی سەربەخۆی خەڵکە لە دەرەوەی ھەوڵی بازرگانانە و سەرمایەگوزاریی ڕامیاران و پارتەکان، خەباتێک کە سەنگەرەکانی تەنیا دەتوانن گروپ و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایتییە سەربەخۆکان بن و شێوازەکانی بە پێچەوانەی ھەوڵی ڕامیاران و پارتەکان، بە بایکۆتی ڕاگەیاندن و مانگرتن لە سەیرکردن و خوێندنەوە و گوێگرتن لە میدیاکان، مانگرتنی گشتی سەرتاسەریی و ناوچەیی و خۆجێی، دانیشتن و داگیرکردنی مەیدان و چوارڕێکانی شارەکان، داگیرکردنی تەلاری دەزگەکانی ڕاگەیاندن، کارکردن بۆ پێکھێنانی گروپە خۆجێییە کۆمەڵایەتییەکان و گرێدانەوەیان لە تۆڕە سەرتاسەرییەکاندا، بەڵام لە دەرەوەی ھەوڵی پارتەکان و ڕێخکراوە بەناو ناحکومییەکان [NGO]کان، ھەڵدانی چادری ڕاگەیاندنی جەماوەریی دژی تیرۆر لە نیوەندی شارەکاندا، ڕێپێوان لە شێوەی کاری ھونەریی وەک موزیک و سروود و شانۆ و کۆڕی ھۆنراوە و خوێندنەوەی ژیاننامەی قوربانیانی تیرۆر لە سەردەمی شاخەوە بۆ سەردەمی پارلەمان، خەباتی نافەرمانی سڤیڵی [مەدەنی] و زۆر شێواز و چالاکی دیکە.

کاتێک جەماوەر ناڕەزایەتی خۆی بەردەوام و زیندوو و کارا تێکەڵ بە بوارەکانی ژیان و کار و پەیوەندیییە کۆمەڵایەتییەکان بکات، ئیدی ھیچ دەسەڵاتێک نییە، کە بتوانێت داواکانی نادیدە بگرێت و خۆی لە بڕیاردان بدزێتەوە. بە بۆچوونی ئێمە بە ئەزموونگیری لە ٢٢ ساڵی ڕابردوو و کار و کاردانەوە لە بەرامبەر زنجیرە تیرۆرەکانی پێشوودا، ئەوەی نیشانداوە، کە چاوەڕوانی چاکبوونی دەسەڵات و پەشیمانبوونەوەی تیرۆرستان و سەرمایەگزاری پارتەکان و ڕامیاران، تەنیا زەمینە بۆ درێژبوونەوەی تیرۆر و بەردەوامی دەڕەخسێنن و لە کۆتاییدا دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەی ھەر یەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سەرەنجامی تیرۆر بەھرەمەندبووە و دەسەڵات بە ترساندنی ژێردەستان و ئۆپۆزسیۆن بە کۆکردنەوەی ناڕازییان و خۆشباوەڕکردنیان بە دەسەڵات و سەرۆکی باش و گەمە فریوکارییەکانی پارلەمان، بە واتایەکی دیکە، دەسەڵات چ دەسەڵاتی داگیرکەربێت؛ دەوڵەتی ئێران و تورکیە و سوریە، چ دەسەڵاتی چینی مشەخۆری کورد بێت، وەک دەسەڵاتی میرەکانی بادینان و سۆران، بەبێ تیرۆر ناتوانێت ژێردەستانی ڕابگرێت، ھەروا ئۆپۆزسیۆنیش چ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و تورکییە و سوریە بێت لە ھەندەران، چ ئۆپۆزسیۆنی ھەرێمی کوردستان لە نێو ھۆڵی پارلەمان و دەرەوەیدا، بەبێ سەرمایەگوزاری ڕامیاریی لەسەر پرسە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و تیرۆرەکان، ناتوانێت مشەخۆریی و دەسەڵات بۆ خۆی مسۆگەربکات. لەبەرئەوە ھیچ پارت و لایەنێکی ڕامیاریی نییە، کە سەرکوت و تیرۆر لە بەرژەوەندی نەبێت، چ وەک دەسەڵات بۆ ڕاگرتنی ژێردەستان، چ وەک ئۆپۆزسیۆن بۆ دابینکردنی مشەخۆریی و بە ئامانجگەیاندنی دەسەڵاتخوازیی، لەم بارەوە سەرنجی ڕاگەیاندنی پارتەکان و ڕێکخراوە ڕامیارییەکان بدەن و ببنین، کە چۆ ناڕاستەوخۆ خۆشی خۆیان بۆ گەرمبوونەوەی بازاری سەرمایەگوزاریی ڕامیارییان دەردەبڕن و تیرۆر بە ھاندەری خەباتی ئەندامە ناھوشیار و فەرمانبەرەکانیان دەبینن !

دەبا لە ڕیزی پارتەکان و ڕێکخراوە زەرد و [NGO] بێینەدەرەوە …
دەبا بایکۆتی دەنگدانەکان بکەین …
دەبا لە خەو و خەونی سەرۆکی باش و دەسەڵاتی باش و دەوڵەتی باش و دادپەروەریی لە سایەی دێمۆکراسی پارلەمانیدا داچلەکێین
دەبا خۆمان لە گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆڵان و گەڕەکەکان ڕێکبخەین
دەبا خۆمان لە ڕێکخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەکاندا لە شوێنی کار و دەرەوەی کار [بێکاران]، لە فەرمانگە و فێرگەکاندا ڕێکبخەین..
دەبا لەجیاتی خۆشباوەڕیی بە ئۆپۆزسیۆن و پارتەکان و دەسەڵاتداران، پشت بە توانا و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتیانەی خۆمان ببەستین..
دەبا نەھێڵین تیرۆری “کاوە گەرمیانی” وەک تیرۆرەکانی پێشتر، بێدەنگەی لێبکرێت،دەبا بیکەینە خاڵی کۆتایی تیرۆر لە ژیانمانا

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان [KAF]
www.anarchistan.tk
٦\١٢\٢٠١٣

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *