ژن و سیاسەت و پەڕلەمان لەڕوانگەی سەردەشت عوسمان

لاوژە جەواد:

ئەمساڵ لە سەروبەندی یادی هەشت ساڵەی تیرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان لەنێو بابەتەکانی لە سایتی تایبەتی ڕۆژنامەنوسی تیرۆرکراو بابەتێک سەرنچی ڕاکێشام بەناونیشانی ” شه‌ڕی ژنه‌کان ده‌ستی پێکرد” کە لە هەفتەنامەی ( ئاشتینامە ) ژمارە ( ٤٨) لەبەرواری ٢٩ – ٩ – ٢٠٠٩ بڵاوبۆتەوە ئەمساڵ کە ساڵیادەکەی هاوکاتە لەگەڵ هاتوهاواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و کۆمەڵێک ژن تێیدا کاندیدن و وەک هەمیشە ئەم ژنانە کەوتونەتە ژێر هێرش و پەلاماری کەلتوری قێزەونی پیاوسالاری و ناموسپەرستی بەتایبەتی لە کوردستان، جێگای خۆیەتی کە هەڵوێستەیەک لەسەر ئەم نوسینەی سەردەشت بکەین.

سەردەشت لەم وتارەیدا بەوە دەستپێدەکات” ژنه‌کان نمونه‌یه‌کی جوانتری به‌ڕێوه‌بردن و ده‌سه‌ڵات نه‌بوون له‌ کوردستاندا. ئه‌وان خۆیان به‌ سێبه‌ری پیاوه‌کانه‌وه‌ سپارد و له‌ ڕێگای گوتارو باوه‌شی پیاوه‌وه‌ به‌شێک له‌ ده‌سه‌لاتیان به‌رکه‌وت . ئه‌وان به‌ هاوارکردن بۆ مافه‌کانی ئافره‌ت ده‌ست پێده‌که‌ن و به‌گوتاره‌ حزبی‌یه‌کانه‌وه‌ کۆتایییان دێت. تا ئه‌و ساته‌ ژنیان له‌ بیره‌ که‌ چەمکی ده‌سه‌لاتیان نه‌بینیوه‌،له‌ هه‌ر کاتێکدا که‌ ڕۆشنایی سوڵته‌یان نیشاندرا هه‌رچی باوه‌ڕ و ئیمانیان هه‌یه‌ به‌ گوتاره‌کانی حزبی ده‌فرۆشن”………..
دیارە من وەک ژنێک کە ماوەی زیاتر لە 26 ساڵە وەک سیاسیەک کاردەکەم و لەهەمانکاتدا هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانم، ناکۆکم لەگەڵ ئەم بۆچونە، چونکە ژنانیش دەتوانن وەک پیاوان عونسورێکی سیاسی بن و وڵات بەڕێوە بەرن، ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە نوێنەری کام سیاسەت و سەر بەکام بۆچون و فکری سیاسەتن، لە سیاسەتدا ژنانیش وەک پیاوان بە بێ لە بەرچاوگرتنی شەخسیەت و کەسایەتی خۆیان ئەجندای بلۆکی سیاسی و چینایەتی جیاواز و ئامرازی پێشبردنی سیاسەتی حزبەکانن لە دەسەڵاتداری. ئایا ئەو ژنانە کەمبون کە لە پەڕلەمانی کوردستان دەنگیان بەیاسای فرەژنی دا، یاخود لە پەرلەمانی عیراق ساڵەهایە لۆبی بۆ یاسای جەعفەری دەکەن یان ژنان دەهێنە سەر شەقامەکانی بەغدا بەرامبەر یاسای فرەژنی؟ مەسەلەکە ئەوەیە کە خاوەنی کامە ئایدیاو بلۆکی سیاسین و دەیانەوێت کۆمەڵگا چۆن ڕێکبخەن ؟
بەڵام لە درێژەی بابەتەکەدا سەردەشت وردتری دەکاتەوەو زیاتر دەچێتە سەر باسەکە و دەڵێت” ئەوەندە هاواریان کرد تا توشی پەتای فەرامۆشی بون،هەموو کات دەیانەوێت بەهۆی ژن بونیان کورسیەکانی پەرلەمان و وەزارەتەکانیان پێببەخشین،نەک کەفائەت و توانایان .خۆ ئەگەر جارێکیش دڵیان شکابێت ئەوا هانایان بۆ جۆرج بۆشیش بردوە،هەرکە بونە وەزیریش ئەوان لە وەرزەکانی ساڵ گەرمیان و کوێستان دەکەن لەنیوان پایتەختەکانی ئەوروپا و کوردستان،چونکە گشت وەرزێک لەگەشتن .کێشەی ئەوان کێشەی ئینسانەکان نیە،بەڵکو کێشەی خۆیانە،ئەوان ئەوەندە باسی ئاگایی ژنەکانیان کرد تا لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بورکانێک لەخۆکوژی کچەکانی ئەم وڵاتەمان بینی .ئاخر ژنی جوامێر ئەگەر تۆ نەتوانیت شەوێک لەباوەشی مێردەکەت یاخی بیت،کە نەک ژنەکان بەڵکو هەرچی تاکی ئەم مەملەکەتە هەیە بەدەستیانەوە گیریخواردوە،بۆ باسی یاخیبونی خوشکەکانی ئەم جفاتە دەکەی ؟!”

سەردەشت لێرە پێماندەڵێت ئەو ژنانەی کە دەبنە ئەندامی پەڕلەمان بە خێرو سەدەقە چاویان لە کورسی کۆتایە نەوەک تواناییان. من لێرەدا لەگەڵ سەردەشت هاوڕام، ژنان بە قبوڵکردنی کورسی کۆتا زەعیفەبون و کەمی خۆیان نیشاندەدەن بەرامبەر پیاوان، شەڕی ئەوە ناکەن کە مافەکانیان بەدەست بهێنن بەڵک و چاویان لەوەیە بە سەدەقە کورسی و پلەو پایەیان پێبدرێت و ژیانێکی شاهانە بژین و کوێستان و گەرمیان بکەن و لە خێرو بەرەکەتی پارەو سەروەتی پەرلەمان بەهرەمەندبن، سەردەشت ڕاستدەکات ئەوان بە باسکردن لە مافەکانی ئینسان و ژنان بە پرسی فیمینیزم دەستپیدەکەن تا ئەوکاتەوی سەدەقەی پەرلەمانیان پێدەبەخشرێت و دواتر ئەوەی بیریان نامێنێت مافی ژنان و خەڵکە لە کوردستان. ئەوەتا سەردەشت پێیان دەڵێت ئیوە تەنها دیکۆرو جوانکارین و هیچتر، ئێوە تەنها ئەجنداو سیاسەتی حیزبەکانتان دەبەنە پێشەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاماری کوشتنی ژنان لەم وڵاتە زیاد دەکات کچۆڵەکانمان خۆیاندکوژن و توندو تیژی بەرامبەر ژنان لە زیادبوندایە ئێوە چیتانکرد؟ من دەپرسم لە سێ خولی ڕابردوی پەرلەماندا، ئەگەر خۆتان وەک بەرگریکار لە مافەکانی ژنان پێناسەدەکەن بۆچی نەتانتوانی تەنانەت بچوکترین فشار دروستکەن بۆ جێبەجێکردنی یاسای توندوتیژی خێزانی ساڵی 2008 لە پەرلەمانی کوردستان سەرباری هەمو کەموکوریەکانی؟ خۆ وەک سەردەشت لە وتارەکەی باسیدەکات ئەوکاتە کاتی گەرمەی قیڕە قیڕتانبوو ژنانی بەهێزی پەڕلەمان لەسەر بەشی زیاتر لە دەسەڵات و جێگاو ڕێگای زیاتر بۆخۆتان.
گرنگترین ڕستە کە سەرنجی من لەم وتارە ڕادەکێشێت ئەم رستەیەی سەردەشتە کە دەڵێت” اخر ژنی جوامێر ئەگەر تۆ نەتوانیت شەوێک لەباوەشی مێردەکەت یاخی بیت،کە نەک ژنەکان بەڵکو هەرچی تاکی ئەم مەملەکەتە هەیە بەدەستیانەوە گیریخواردوە،بۆ باسی یاخیبونی خوشکەکانی ئەم جفاتە دەکەی ؟!”
سەردەشت لەم چەند دێرە پێماندەڵێت ژنان دەبێت چیبن و چیبکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەرەنگار ببنەوەو مافیان بەدەستبهێنن. سەردەشت باس لە یاخیبونی ژنان دەکات و پێماندەڵێت ژنان نابێت ملکەچبن! باس لەیاخیبون لە باوەشی مێردەوە دەکات، بەو واتایەی بەدیهێنانی ئازادی سەرەتا بۆخۆت تا ئەوکاتەی خۆت ئازاد نەبیت ناتوانیت شەڕی ئازادی ئەوانیتر بکەیت. ئەو شەو باوەشی هاوسەر بۆ سەرەتای ئەم یاخیبونە دەکاتە نمونە بەڕای من دەگەڕێتەوە بۆ هەڵگەڕانەوە لە خێزانەوەو قبوڵنەکردنی چوارچێوەکان و پچراندنی زنجیرەکان. هەر ئەم یاخیبونە دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ ئازادیت و دواتر بێیتە دەرەوەو بەرامبەر هەموو ئەم یاساو ڕێسایانە بوەستیتەوە کە ژنان دەکاتە کۆیلەو دەرەجە دوو، ژنانی ڕابەرو پێشرەو دەبێت شۆڕشگێربن و پارتیزان ئاسا لەمەیدانبن و سازشیان نەبێت لەگەڵ هیچ مافێکی ڕەوای ئینسانی ژن. داوای ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بکەن لە کۆمەلگاو کاربکەن بۆ ئەوەی لەڕیشەوە هەمو وئەو یاساو ڕێسایانە هەڵوەشێننەوە کە ژنان دەکاتە ژێردەستە. دەبێت هەوڵی پاکردنەوەی سەرچاوەی ئاوبدەن نەوەک وەک ئەوەی کە جاروبار دەیبینین سەتحی دەیانەوێت بۆری ئاوەکان پاکبکەنەوە. بە واتایەکیتر ئەوەی کە بەناوی خەباتی مەدەنی و پەرلەمانتاریزم ناودەبردرێت تەنها گۆڕانکاری هێواش هێواش زیاتر لە زەلکاوی گەنیوبونی کۆمەڵگامان وەردەدات و هیچیتر. ئەم حیزبانەی ئەمڕۆ لە مەیداندانی کێبڕکێ پەرلەمانین هەرە زۆرەکەیان حیزبی قەومی و دینین، لای ئەوانە ژن دەرەجە دوو کەم عەقلە، کەلتوری ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد کەلتورێکی عەشائیریە کە ژن تێیدا خاوەنداری دەکرێت و مەتەرێزی ناموسەو لە لەشی ئەودا وەک شەرەفی خێزان دەدۆزرێتەوە، هەر بۆیەش ئەوەتا دەبینین لایەنەکان شەڕی نەیاری خۆیان بە فۆتۆشۆپکردن و چونە ناو ژیانی تایبەتیانەوە دەکەن. ئەو ژنانەی کە ئاسۆی خۆیان بەم حیزبانە بەستۆتەوە ناتوانن شەری واقعی و ئینسانبونی ژن بکەن بەڵک و شەڕی بردنەپێشەوەی سیاسەتی حیزبەکەیان دەکەن.
ئەوژنانە خاوەنی خۆیان نین وەک سەردەشت لە بەشی دوەمی وتارەکەی باس لە جەند نمونەیەک دەکات و دەڵێت بەدوای ئەوەی ڕۆژنامەنوسێک باسی لەوە کردوە بەرپرسی یەکەمی حیزبەکە حەزی لە ژنی پیاو ئاسایە، هەر بۆیە ئەندام پەرلەمانە ژنەکەی قژی خۆی کۆرتکردۆتەوەو بە جلی پیاوانەو ەلە هۆڵی پەرلەمان دەردەکەوێت!
ئەوکاتە ئێمەی ژنان دەتوانین شەڕی مافو داخوازیەکانمان بکەین کە خاوەنی خۆمانبین و پشت بە کەسایەتی خۆمان ببەستین، ژنانی ڕابەرو پێشرەو ئەوکاتە دەتوانن ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن کە بەر لە هەرشتێک وتی من زەعیفە نیم و دەبێت لە مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان.

 

لینکی بابەتەکەی سەردەشت عوسمان

https://sardashtosman.com/ku/?p=83

Leave A Reply

Your email address will not be published.