ئه‌یلول 21, 2024

Select your Top Menu from wp menus

دەسەڵات لە لوتکەی ترسدایە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بۆیە تیرۆریان دەکات

ئەحمەد میرە، مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن لە بادینان، هەروەها ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت: پارتی و دەسەڵات لە لوتکەی ترسنۆکیدایە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بۆیە تیرۆریان دەکات، پەدەکە زوحاکی سەردەمە و بە خوێنی ڕۆڵەی گەلەکەی دەژی.

هەشت ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠١٦، وەدات حسێن عەلی ناسراو بە وەدات دهۆکی، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە دهۆک لەلایەن چەند چەکدارێکی دەمامکدارەوە لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک ڕفێندرا و دوای چەند کاتژمێرێک بە برینداریی دۆزرایەوە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەش، هەمان ڕۆژ بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید بوو، خانەوادە و هاوڕێ و هاوپیشەکانى پەدەکە بە ئەنجامدەری ئەو تاوانە دەزانن.

لەوبارەیەوە ئەحمەد میرە نووسەر و مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز تیشک دەخاتە سەر تیرۆرکردنى ڕۆژنامەوانانی هەرێم و ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمدا.

 پارتی زۆرترین ترسی هەیە لە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی”

ئەحمەد میرە ڕایگەیاند: دۆخی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستاندا، گرێدراوە بە دۆخی سیاسی و سیستەمی حکومڕانییەوە، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارێتی سیاسی دەسەڵاتێکی دیموکراتی و نەرم و دامەزراوەیی نییە، تەنانەت وەکو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرەکانی دونیا ڕێکخراو نییە، دەتوانین بڵێین لە حوکمێکی کۆمەڵێک گرووپی مافیایی و باند دەچێت، بەوهۆیەوە دۆخی رۆژنامەگەری لە دۆخێکی خراپدایە، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ئەو کاتەی میدیای ئازاد لە لوتکەدا بوو، بەڵام لە ئێستادا شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەکەی گۆڕاوە.

وتیشی: گەورەرترین مەترسی بۆسەر میدیا کۆنتڕۆڵکردنی میدیایە، هەربۆیە ئەرکی ڕۆژنامەنووسانە لە جیهاندا کەمپینی تایبەت بکەن دژی ئەوەی، کە بازرگان و حزبە سیاسیی و کارەکتەرە ئەمنییەکان کۆنتڕۆڵی میدیایان کردووە و بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی بەکاریان هێناوە، هەروەها لە حزبەکانی عێراق و کوردستانیشدا، خراپترین حزب بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و نواندنی توندوتیژی و ترس بۆ ڕۆژنامەنووسان پارتییە، پارتی یەکەمین حزبە لە عێراقدا کە زۆرترین ترسی هەیە لە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و کاردانەوەی خراپی بەرامبەر بەکاری رۆژنامەنووسی هەیە.

” پارتى هێزێکە بە خوێنی ڕۆڵەکانی گەلەکەی دەژی “

ئەو مامۆستایەى زانکۆ باس لەوە دەکات، شەهید و تیرۆرکردنی وەدات حسێن و سەردەشت عوسمان و شەهیدەکانی دیکەی قەڵەم، ئەوە دەردەخەن کە پارتی لە لوتکەی ترسدایە بەرانبەر بە کاری ڕۆژنامەنووسی، شەهید وەدات حسێن یەکێکە لە ئەڵقەکانی زنجیرەی تیرۆری سیاسی پارتی، بەرانبەر بە نەیار و ڕۆژنامەنووسان لە کوردستاندا، تیرۆرکردنی شەهید وەدات بەو شێوە نا مرۆڤانەیە دژ بە ئازادیی و دیموکراتی و بەشێکە لە تەواوکردنی تابلۆی نەیاری پارتی لەگەڵ دیموکراسییەت و ئازادیی ڕۆژنامەگەری.

دەشڵێت: پارتی هێزێکە ناتوانێت لەگەڵ دیموکراسیەت و ئازادیی ڕادەربڕیندا تەبا بێت، بۆیە سروشتی ئەم هێزە بەو شێوەیەیە کە دەیەوێت ئەوانەی پەیوەستن بە دروستکردنی قۆناغێکی جیاواز لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەوا تیرۆریان دەکات، وەدات حسێنیش یەکێک بوو لە ڕەمزە جدییەکانی کورد لە مەفعەلی پارتی، چونکە پارتی دەڤەری بادینانی بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کردووە و دەنگی ئازادیی تێدا نییە.

ئەحمەد میرە ئەوەى خستەڕوو، ئەوەی بەرانبەر شەهید وەدات و هاوڕێیانی ڕۆژنامەنووس لەلایەن پارتییەوە کراوە، دەردەکەوێت پارتی هێزێکە بە خوێن پەروەردە کراوە، خوێنەکەش ئەوە نییە کە هێزێکی بوێر بێت بەرانبەر بە نەیارانی، بەڵکو هێزێکە بە خوێنی ڕۆلەکانی گەلەکەی دەژی، دەتوانم بڵێم زوحاکی سەردەمە.

“دەبێت بۆ ئازادیی سلێمان ئەحمەد کەمپەین و کۆدەنگی  دروست بکەین”

لە بارەی دەستگیرکردن و ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، مامۆستاکەی زانکۆ دەڵێت: دەستگیرکردنی هاوڕێمان سلێمان ئەحمەد تاوانێکی زۆر نامرۆڤانەیە، دەبێت پێکەوە هەنگاوبنەین لەناو کوردستان و دەرەوەی هەرێمدا، کەمپینی تایبەتمەند و کۆدەنگییەک لە ڕێگەی کونسوڵخانە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دروست بکەین، تاکو فشار لەسەر دەزگا ئەمنییەکانی پەدەکە دروست ببێت و بتوانین ئازادیی بۆ سلێمان ئەحمەد دەستەبەر بکرێت.

دەشڵێت: پرسی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، تاوانێکی گەورەیە و بەشێکە لە تەواوکردنی ئەو تابلۆ نامرۆڤانەی، کە پەدەکە دەرهەق بە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی دەکرێت، بەجۆرێک مرۆڤ دڵی ژان دەکات، کە دەبینێت گەنجەکانی لەلایەن هێزە خۆماڵییەکانەوە دەستگیر دەکرێن.

ئەحمەد میرە وتیشی: ئەوەی لەسەرمان بێت لەناو خۆی کوردستاندا لە نووسین و لە کەمپین و لە دروستکردن و جوڵاندنی ڕای شەقام، بە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی خۆمانی دەزانین، بەڵام ئەمەش تەنها بەس نییە، چونکە هەر وەک چۆن بە شەهیدکردنی سۆرانی مامە حەمە زنجیرەی تیرۆرکردن و زیندانی کردنی ڕۆژنامەنووسان نەوەستاوە و تائێستاش بەردەوامی هەیە.

لە کۆتاییدا ئەو مامۆستایەى زانکۆ ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدیان دەستگیرکردووە، بەهەمان شێوە ئەگەر ئێمە ئەم سیاسەتی دژ بە ئازادیی و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە کوردستاندا کۆتایی پێنەهێنین ئەوا بەردەوامی دەبێت، بۆ ئەمەش دەبێت زۆر کاری گەورە و جدی و کاریگەر بکەین و پێویستمان بە دروستکردنی ڕای گشتییە، چونکە حکومەتی خراپ لە هەناوی خەڵکی خراپ و کۆمەڵگای بێدەنگەوە دروست دەبێت، هەربۆیە بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخەی ئێستا دەبێت فشاری گەورە لەسەر پەدەکە دروست بکەین تا کۆتایی هێنانی ئەم دۆخە بێتە ئاراوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *