ئه‌یلول 21, 2024

Select your Top Menu from wp menus

“ڕۆژنامەنووسان کار لەسەر گەندەڵییەکانی دەسەڵات دەکەن بۆیە شەهید دەکرێن”

چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی هەڵەبجە دەڵێن: ڕۆژنامەنووسان چاوێکی کراوەن بەسەر دەسەڵاتەوە، گەندەڵییەکانی دەسەڵات ئاشکرا دەکەن و دەیگەیەنن بە خەڵک بۆیە شەهید دەکرێن، تا ئەو کاتە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی هەیە کە لە بەرژەوەندی حزبەکاندا کار بکەن، لە ئێستاشدا بێوێنە زوڵم لە ڕۆژنامەنووسان دەکرێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتتر پەدەکە دەیان کردەوەی ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئەنجامداوە، لە ئێستاشدا ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕفاندووە و بە نادادپەروەریی سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە، لەلایەکی دیکەشەوە بەردەوام ئاستەنگی دەخرێتە بەردەم ڕۆژنامەنووسان کە بەدواداچوون بۆ زانیاریی و ڕووداوەکان بکات.

لەو بارەیەوە ئەبوبكر حسێن ڕۆژنامەنووس بۆ ڕۆژنیوز وتی: ڕۆژنامەنووسان هەمیشە چاوێكی كراوەن بەسەر دەسەڵاتەوە، زانیارییان هەیە لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەوە هەیە، لە كاتێكدا دەسەڵات ناڕازییە بە ئەمە و نایەوێت خەڵك چاوكراوە بێت، نایەوێت ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە گەندەڵییەوە هەیە بگەن بە خەڵكی.

وتیشی: بەردەوام دەسەڵات سەرنجی لەسەر ڕۆژنامەنووسانە، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەخۆیەوە نزیك نەبن دەیەوێت دەستەمۆ و زیندانییان بكات، لە ئێستادا ئەمجۆرە توندوتیژییانە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان زۆر پەرەی سەندووە، کاتێک ئازادیی ڕۆژنامەگەریی هەیە کە میدیاکان لە بەرژەوەندیی حزبەکاندا کاربکەن، ئەو كاتەش كۆتایی پێدێت ڕاگەیاندن ڕووی دەسەڵاتەكەیانی پیشانی خەڵكی بدات.

بۆ کردەوەکانی دەسەڵات بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، نموونەی شەهید وەدات حسێن و شەهیدانی دیکەی قەڵەمی هێنایەوە و وتی: هاوشێوەی ئەو شەهیدانە، هەر ڕۆژنامەنووسێک گەندەڵییەکانی دەسەڵات ئاشکرابکات و زانیاریی ئەوانی لابێت شەهید دەکرێت.

هەروەها مەحمود شێخ نوری چالاكوان بۆ ڕۆژنیوز وتی: داواكارییەكی سەرەكی خەڵكە كاری ڕۆژنامەنووسی ئازاد بێت لە كوردستان، لەبەر ئەوەی هەموو خراپە و قۆرخكارییەكانی دەسەڵات دەخاتەڕوو بۆ خەڵكی، ڕۆژنامەنوس چاو و ڕۆشنایی خەڵكە ئەو خراپەكارییەی دەریدەخات زۆرجار دەسەڵات دەبێت بە ناحەزی، لە كاتێكدا ڕۆژنامەنووس تەنها ڕاستییەكان دەڵێت، لەسەر چاوەی باوەڕپێكراوە زانیارییەكان بڵاودەكاتەوە.

باسی لەوەشكرد، زۆرجار بەرپرسی ناوچەیەك بە شێوەیەكی دیكە حكوم دەكات، كاتێك ڕۆژنامەنووس ڕای گشتیی لێ‌ ئاگادار دەكاتەوە دەبێت بە دوژمنی، لە كۆتایدا یان دەیكوژێت یان كێشەی بۆ درووستدەكات شەهیدانی قەڵەمیش سمبولی ڕۆژنامەگەریین، كە لە لایەن دەسەڵاتەوە شەهید كراون، لەئێستادا زوڵمێك لە ڕۆژنامەنووسان دەكرێت لە كوردستان بێ‌ وێنەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا هەریەک لە “سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، شوکری زەینەدین” لەلایەن دەسەڵاتەوە تیرۆرکراون و هەریەک لە “شێروان شێروانی و سلێمانی ئەحمەدیش” خزێندراونەتە زیندان و سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *