ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند یادی شەهیدی قەڵەم وەدات حسێن دەکاتەوە و دەڵێت: شەهیدان بە شەهیدبوونیان ژیانێکی نوێ دروست دەکەن، دەشڵێت: دەسەڵاتی دیکتاتۆر هەمیشە ترسی لە قەڵەم هەیە و لە فکر و ڕامانی ئازاد دەترسن بۆیە دەتوانین بڵێن شەهید وەدات لەسەر فکر و ئایدیاکەی شەهید کرا.
نۆ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم ڕۆژنامەنووس “وەدات حسێن” پەیامنێری ئاژانسی هەواڵیی ڕۆژنیوزدا تێدەپەڕێت، کە لە شاری دهۆک بە بەرچاوی کامێراکانی چاودێری و خەڵکەوە ڕفێندرا و بەشێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درا، پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەش بە گوماناوی تیرۆرکرا و شەهیدبوو، لەو بارەیەوە، ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
لە سەرەتای قسەکانیدا هێمن مامەند وتی: من دەڵێم نۆساڵەی لەدایکبوونی شەهید وەداتە چونکە هاوڕێ و هەڤاڵانمان لەو ڕۆژەوە شەهید دەبن دەستپێکی ژیانێکی نوێیە بۆیان، چونکە شەهیدان بە شەهیدبوونیان ژیانێکی نوێ دروست دەکەن، دەسەڵاتی دیکتاتۆر هەمیشە ترسی لە قەڵەم هەیە، لە فکر و ڕامانی ئازاد دەترسن بۆیە دەتوانین بڵێین شەهید وەدات لەسەر فکر و ئایدیاکەی شەهید کرا، ئەویش فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەداخەوە بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە بەڵگە و دیکۆمێنتیان هەیە باس لەوەدەکەن لە باشووری کوردستان ئەو تروسکاییە ئازادییەی هەبوو نەماوە بەتایبەت لە کابینەکەی مەسرور بارزانیدا چونکە کابینەیەکی ئەمنی پۆلیسییە، هەر عەقڵییەتە کە بەردەوامە لە گرتن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان لە هاوشێوەی شێروان شێروانی و هاوڕێکانی کا تائێستا لە زیندانن لە هەولێر و دهۆک.
لە درێژەی قسەکانیدا هێمن مامەند وتی: هەرکاتێک بکوژ نەدۆزرایەوە ئەوە دەسەڵات لێی بەرپرسە، شەهیدبوونی سەردەشت عوسمان و وەدات حسێن بنەماڵەی بارزانی لێی بەرپرسن، واتە بکوژەکان فەرمانڕەواکان خۆیانن لەسەرەوەی یاساوەن بۆیە ناگیرێن، بۆیە بەداخەوە ئەمڕۆ یاسا و دادگاکان لە ژێر کاریگەریی خێڵ و بنەماڵەوەن.
هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووسە جەختی کردەوە کە بنەماڵەی بارزانی چەندین کەناڵی ڕاگەیاندنیان هەیە و لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا هەمیشە کاردەکەن و وتی: خۆیان بکوژن بۆیە باسی شەهیدانی ئازادیی ناکەن، بەڵام شەهیدان هەمیشە لەلای کەسانی ئازادیخواز دەمێننەوە بەزیندووی و یادیان هەمیشە بەرز ڕادەگیرێت، ئەرکی ڕۆژنامەنوسان ئەوەیە بەردەوامبن و درێژە پێدەری ڕێگایان بین، من یەکەمین خەڵاتی شەهید وەداتم وەرگرت بۆیە هەمیشە خۆم ئەرکدار دەبینم بەرامبەر شەهیدان ئەو خەڵاتەش جێی شانازییە بۆمن.