نیسان 27, 2026

Select your Top Menu from wp menus

“تیرۆری ڕۆژنامەنووس پەڵەیەکی ڕەشی دەسەڵات”

سۆما خالید :

ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز شەهید وەدات حسین تێدەپەڕێت کە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە دەڤەری بادینان و لە ژێر دەسەڵاتی پەدەکە تیرۆرکرا. وشەی شەهید بوون لەنێو کۆمەڵگەدا دەستەواژەیەکی قورس و پڕبایەخە، کاتێک ڕۆژنامەنووسێک لە گەڕان بەدوای ڕاستیدا، بەرگری لە مافەکانی خەڵک یان ئاشکراکردنی نادادپەروەری تیرۆر دەکرێت بە شەهیدی قەڵەم یان شەهیدی ڕێگەی حەقیقەت ناودەبرێت، ئەوەش ڕەنگدانەوەی بۆ ڕێز و بایەخی بەرزی قوربانیەکەیە.

تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە بارودۆخی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و کولتووری، هەروەها ئامانجێکە بۆ شاردنەوەی گەندەڵییەکان و ڕاستییەکان کە دەسەڵاتداران بۆ پاراستنی هێز و دەسەڵاتیان پەنا بۆ هەڕەشە کردن و توندوتیژیی و تیرۆرکردن دەبەن بە مەبەستی بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووس، یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئازادی ڕادەبڕین و فەزایەکی دیموکراسی.

لە هەرێمی کوردستان ئازادی ڕۆژنامەنووسی تێدا نییە و ژیانی ڕۆژنامەنووسان لە مەترسیدایە، بە تایبەتی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی، کە کار لەسەر گرووپە توندرەوەکان، قاچاخچی، تیرۆر و تاوان دەکەن، چونکە دەسەڵاتی کوردی سەرکوتکەر ڕەخنە قبوڵ ناکات و وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەکات، ئەوەش ئەو ڕاستتیە دەردەخات، کە ڕۆژنامەنووسان تەنها لەبەر جێبەجێکردنی ئەرکی پیشەیی و نووسینی ڕاستیەکان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دەکرێنە ئامانج.

دەسەڵاتداران و حکومەت لە قەڵەمی ڕۆژنامەنووسان دەترسن، چونکە قەڵەمی ڕۆژنامەنووس توانایەکی بێ هاوتای لە پێکهێنانی ڕای گشتی و ئاشکرا کردنی ڕاستییەکانی هەیە، لەبەر ئەوەی دەتوانێت گەندەڵی بەرپرسان و نادادپەروەری و ڕۆخساری ڕاستەقینەی دەسەڵات و حکومەت نیشان بدات، ئەمەش متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتداران لاواز دەکات و شەرعیەتی حکومەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەو دەسەڵات و حکومەتەی ناکاریگەرن و ڕەوایەتیان نیە ناتوانن بەرگەی ڕەخنە بگرن، لەبەر ئەوەی قەڵەمی ڕۆژنامەنووس ئاوێنەیەکە ڕەنگدانەوەی ڕوخساری ڕاستەقینەی دەسەڵاتە، ئاوێنەیەک کە فەرمانڕەوای گەندەڵ لێی دەترسێت، لەگەڵ ئەوەشدا، هەر هەڕەشەیەک ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسی بوێر ببێتەوە ئەوە ئیلهام بەخش دەبێت بۆ هاوڕێ و هاوپیشەکانی دیکەی.

ئەم شەپۆلە ئازایەتییە مەترسییەکی گەورە بۆ حکومەتەکان درووست دەکات کە دەیانەوێت خەڵک لە ترس و بێدەنگیدا بمێننەوە. باش دەزانن بە تیرۆرکردنی هەر ڕۆژنامەنووسیک نزیکبوونەوەیە لە ڕووخانی دەسەڵاتەکەیان.

لێرە دادگاکان و دادپەروەریش بە سیاسیی کراون و دەسەڵات یاسای خستووەتە خزمەتی خۆیەوە نەک خزمەتی خەڵک، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییە و لە ژێر کاریگەری پارتە سیاسیەکاندایە، سەربەخۆیی دادوەری زیاتر درووشمێکە نەک واقیعە بۆیە تاوانباران هیچ کاتێک لە هەرێمی کوردستان بە سزای خۆیان ناگەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *